زیادبوونی ڕێژەی جیابوونەوە پێشێلکردنی مافی ژنانی زیادکردووە

هۆکارەکانی جیابوونەوەی هاوژینەکان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاد دەکات، بەشی زۆری خێزانەکان لەناو خۆیاندا یاسایەکیان نییە بۆ پێکەوە ژیانیان و هەڵوەشانەوە دروست دەبێت، ئەمەش وایکردووە ڕێژەی جیابوونەوە زیاد ببێت و تیایدا غەدر لە ژنان بکرێت.

شنیار بایز

 

سلێمانی- ڕێژەی جیابوونەوەی هاوژینەکان لە بەرزبوونەوەدایە و بووەتە پڕۆسەیەکی ئاسایی لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا، ساڵانی ڕابردوو ڕێژەکان کەمتر بوون بە بەراورد بەم ساڵانەی کۆتایی، لە تەواوی پڕۆسەی جیابوونەوەشدا ژنان مافیان پێشێلدەکرێت، ئاسایی بوونەوەی ئەم پڕۆسەیە بووەتە هۆکار بۆ زیادبوونی ڕێژەکە و ژنان و پیاوان وەک ڕێگە چارەسەرییەک پەنا دەبەن بۆ جیابوونەوە.

 

سۆزان حسێن، پارێزەر، دەربارەی زیادبوونی ڕێژەی جیابوونەوەی هاوژینەکان ڕوونیکردەوە، هەروەک چۆن ڕێژەی هاوسەرگیری بە بەراورد بە ژمارەی دانیشتوان زیادی کردووە، بە هەمان شێوە ڕێژەی جیابوونەوەش لە زیادبووندایە، وە ئەگەر بەراوردێک بکرێت لە نێوان ئێستا و ساڵانی ڕابردوودا بێگومان ڕێژە زیادی کردووە.

 

ئەو پارێزەرە هۆکاری زیادبوونی جیابوونەوەی خێزانەکانی گەڕاندەوە بۆ خراپ بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا، خراپی دۆخی ئابووری و نەمانی متمانە لە نێوان ژنان و پیاواندا، زیادبوونی ئەم ڕێژەیەش ترس و سڵبوونەوەی دروستکردووە لەلای گەنجان بۆ چوونە ناو پڕۆسەی هاوسەرگیرییەوە.

 

"هۆکار زۆرن بۆ زیادبوونی جیابوونەوەی هاوژینەکان، سۆشیاڵ میدیا سەرەکیترینیانە"

سۆزان حسێن ئاماژەی بەوەدا، بە گشتی هەموو کۆمەڵگەیەک پێویستی بە ڕێکخستن هەیە لە ڕووی یاسایی و پەروەردەییەوە، تێکچوونی دۆخی کۆمەڵگە لە جیهاندا ڕوویداوە و بەتەنها کۆمەڵگەی کوردی نەگرتووەتەوە، هاتنە ناوەوەی سۆشیاڵ میدیا دەکرا کاریگەرییەکی بەو شێوە خراپەی نەبێت، بەڵام کاتێک پەروەردەیەکی گەنجاو سیستم یاسایەک نەبێت بۆ بەکارهێنانی بێگوومان کارەسات بە دوای خۆیدا دروست دەکات، باسی لەوەشکرد یەکێکی تر لە هۆکارەکانی زیادبوونی جیابوونەوەی هاوژینەکان بوونی کاتی بەتاڵە، بەهۆی بارودۆخی هەرێم بەشێکی هاوڵاتیان بێ کارن، گەنجان بە بونیادنانی داهاتوویان سەرقاڵ نین، بەڵکو کاتی بەتەڵیان هەیە، بە شتانێکی بێ مانا پڕی دەکەنەوە، وتی: هەبوونی کاتی بەتاڵ و پڕکردنەوەی بە شتە بێ سوودەکان وای لە گەنجان و خێزانەکان کردووە هەڵەی زیاتر ئەنجام بدەن، یەکسان نەبوون لە ڕۆشنبیری، جیاوازی تەمەنی زۆر، هەڵبژاردنی کەسی هەڵە، سەرتاپای هۆکارن بۆ دروستبوونی جیابوونەوە لە نێوان هاوژینەکاندا.

 

"خێزانی ئێستا هەڵوەشاون و پێویستیان بە یاسا هەیە"

ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەدا لەناو خێزانەکاندا یاسایەک نییە بۆ پێکەوە بەستنی خێزانەکان و کۆکردنەوەیان، سەرکردەی خێزانەکان دایک و باوکن، زۆرکات دایک و باوکەکە ناتوانن بەڕێوبەرێکی باشی خێزانەکەیان بن، ناتوانن باڵانس لە نێوان خۆیاندا ڕابگرن و ڕێگری بکەن لە تێکچوونی پەروەردەی منداڵەکانیان، دواجار پێکدادان ڕوودەدات و لە کۆتایدا جیابوونەوە ڕوودەدات.

 

"گرنگترین خاڵ لە پڕۆسەی جیابوونەوەدا نەفەوتاندنی منداڵە لەو نێوەندەدا، پێویست دەکات لای باشترینیان بێت و لایەنەکەی دیکە بە پێی یاسا مافی بینینی هەبێت، دەبێت بە هیچ شێوەیەک کێشەی دایک و باوکەکە شۆڕ نەبێتەوە بۆ منداڵەکە، ژن و پیاو لە پڕۆسەی هاوسەرگیریدا گرنگە هاوڕێ بن و حەز بکەن کات لەگەڵ یەکدی بەسەرببەن، پیاوی ئێستا وایلێهاتووە حەز دەکات لەگەڵ هاوڕێکانی بچێتە گەشت و دەرەوە، لە بەرامبەردا گرنگی نادەن بە خێزان و منداڵەکانیان، هەموو تاکێک پێویستە هاوڕێی تایبەتی خۆی هەبێت، بەڵام خێزان لە پێشتر بێت بۆی.

 

"داوا لە گەنجەکان دەکەم بە چاولێکەری نەژین"

سۆزان حسێن، وتی: ژن و پیاو هەن بەرواری هاوسەرگیریان لەگەڵ جیابوونەوەیاندا تەنها پێنج ڕۆژی بەینە، لە هەبوونی ئەم حاڵەتانەدا دادوەریش دەحەپەسێت و نازانێت چی بکات، چونکە ئەو ژن و پیاوە هیچ لە نێوانیاندا ڕووینەداوە بەڵام جیادەبنەوە، یاخود نەنک و باپیر هەن جیادەبنەوە و کێشە لە نێوانیان ڕوویداوە، ئەمەش دەیسەلمێنێت کۆمەڵگەی کوردی تەواو شیرازەی تێکچووە.

 

پارێزەر سۆزان دەڵێت: چاولێکەری بۆ هەنگاوە خراپەکان ڕۆژگاری بەرەو ئەم دۆخەی ئێستا بردووە، هەندێک لە گەنجان بە چاولێکەری دەژین، شوێن هەنگاوە باشەکانی یەکتر ناکەون، بەڵکو دەیانەوێت ژیانیان هەمان ژیانی کەسانی تر بێت کە ئەمەش هەڵەترین شتە.

 

لە بەشێکی دیکەدا پارێزەر سۆزان ڕوونیکردەوە، دەستوەردانی دایک و باوک بۆ ژیانی هاوژینی منداڵەکانیان هەڵەترین شتە، نابێت دایکان و باوکان دەستوەربدەن لە ژیانی خێزانی منداڵەکانیان، کاتێک منداڵەکانیان دەچنە ژیانی هاوژینییەوە بێگوومان پێگەیشتوون و دەزانن بە چ شێوازێک مامەڵە بکەن، بۆیە کاتێک دەست وەردەدەن لە ژیانیان کێشەیان بۆ دروست دەکەن.

 

"پیاوان لە پڕۆسەی جیابوونەوەدا زوڵم لە ژنەکانیان دەکەن"

دەربارەی پێشێلکردنی مافی ژنان لە پڕۆسەی جیابوونەوەدا پارێزەر سۆزان حسێن باسی لەوەکرد، یەکێک لە دیارترین کێشەکانی ژنان نەسەلماندنی خیانەتە، لەوکاتەی ژنێک خیانەتی لیدەکرێت لەلایەن هاوژینەکەیەوە، دادگا پێویستی بە بەڵگەیە بەهۆی نەبوونی بەڵگە و شاردنەوەی ڕاستییەکان لەلایەن هاوژینەکەیەوە ژنەکە مافی پێشێلدەکرێت، لەلایەکی دیکەوە هەندێک لە ژنەکان خۆیان دەخۆنەوە و توندوتیژی و خراپی هاوژینەکانیان قبوڵ دەکەن، تەنها لەبەر منداڵەکانیان، چونکە زۆر خێزان هەن کاتێک کچەکانیان جیادەبنەوە، ڕێگە نادەن منداڵەکانی بەخێو بکات و بیبینێت، پێیان وایە منداڵ تەنها هی پیاوە، لەو حاڵەتەدا دایکەکە لە منداڵەکانی دووردەخرێتەوە و زوڵمی لێدەکرێت.

 

گەورەترین زوڵم کە پیاوان لە ژنەکانیان دەکەن لە پڕۆسەی جیابوونەوەدا غەدرلێکردنیانە لە بابەتی پێدانی مافی خۆیان و نەفەقەکانیان، سۆزان حسێن دەڵێت: بابەتی بژێوی ژیان ئەرکی پیاوە تا سێ مانگ دوای جیابوونەوەش، بەڵام بەداخەوە پیاوان خۆیانی لێبەدەر دەکەن و مافی بەرامبەریان نادەن.

 

"بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی تەڵاق و باشترکردنی خێزانەکان هەوڵی گشتی پێویستە"

لە کۆتایدا پارێزەر سۆزان ئاماژەی بەوەدا بۆ باشترکردنی دۆخی ژیانی هاوڵاتیان و کەمبوونەوەی ڕێژەی تەڵاق پێویستە سەرەتا خێزانەکان خۆیان بە ڕێکخستن بکەن، نەک تەنها منداڵەکان بەڵکو هەندێک خێزان هەیە دایک و باوکەکە پێویستی بە پەروەردە هەیە، وتیشی: پێویستە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی واز لەو قاڵبە دووبارەیە بهێنن کە کاری تێدا دەکەن، بەڵکو دەبێت بێنە سەر شەقامەکان قسە بۆ هاوڵاتیان بکەن، دەنگی ناڕەزایەتی لە ڕێی هونەرمەندەکانەوە دەرچێت، مامۆستایان، پارێزەران و کایە جیاوازەکان کۆمەڵگە ئاڕاستە بکەن، هەروەها ڕاگەیاندنەکان بابەتی هۆشیاری بڵاوبکەنەوە لە پێناو بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی توندوتۆڵ، کۆمەڵگەیەک تیایدا کەس مافی یەکتر پێشێل نەکات.