"ژنان توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت و بێدەنگیش دەکرێن"

دابونەریت و زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری لە گەرمیان وایکردووە توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان ڕوو لە زیادبوون بکات لە چاو ڕابردوودا.

شیرین ساڵح

 

گەرمیان- توندوتیژی دژی ژنان ڕەگێکی مێژووی قوڵی هەیە، لەگەڵ شکاندنی سیستمی هاوسەنگی نێوان ژن و پیاو  و سەندنەوەی ئیرادە و بوون لە دایک-ژن، ئەقڵیەتی پیاوی باڵادەست-پیاوسالار دامەزرا و تا ئێستا لەسەر ئەو بنەمایە ژیان بەڕێوەدەبرێت، هەمان ئەو ئەقڵە جگە لە شکاندنی ئیرادە و باوەڕی ژن و توندوتیژی و تادەگاتە کوشتن، شتێکی جیاوازی پێشکەش بە ژن نەکرد، ئەم توندوتیژییە تا ئێستا بەهۆی زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و دابونەریت و جیاوازیکردن لە نێوان ژن و پیاودا، درێژەی هەیە و لە باشووری کوردستان و دەڤەری گەرمیان ئەمە بە ڕوونی دەبینرێت.

 

ڕۆژان حەمەکەریم، ئەندامی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان لە گەرمیان، باسی لەو توندوتیژیانە کرد بەرامبەر بە ژنان ئەنجام دەدرێن، کە ئەقڵیەتی پیاوسالاری زیاتر زاڵە بەسەریدا و کولتوور و دابونەریت وایکردووە ژنان دەمکوت بکرێن بەرامبەر ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەریان دەکرێت.

 

"لە ١٦ ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان توندوتیژیەکان زیاتر بووە"

ڕۆژان حەمەکەریم ئاماژەی بەوەکرد، هەرچەندە ئێمە لەناو هەڵمەتی ١٦ ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنانین، بەڵام بەداخەوە توندوتیژییەکان زیاتر ئەنجام دەدرێت بەرامبەر بە ژنان، چەندین ژن دەکوژرێن و تەنانەت بکوژانیش دەستگیر ناکرێن، دەبێت هەوڵبدرێت کە توندوتیژی دژی ژنان کەم بکرێتەوە بە تایبەتی لە گەرمیان بەو پێیەی کە توندوتیژیەکان لە گەرمیان زیاترە و بەرەو هەڵکشان دەچێت.

 

"زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری بە ڕوونی لە گەرمیان دەبینرێت"

ڕۆژان حەمەکەریم ئەوەشی خستەڕوو، کە لە گەرمیان بەهۆی ئەوەی ئەقڵیەتی پیاوسالاری بە ڕوونی دەبینرێت و دابونەریت وایکردووە کە پیاو باڵادەست بێت لێرە، ژنان زیاتر ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە لە گەرمیان، وتیشی: تەنانەت ڕێکخراوەکانی ژنانیش لە گەرمیان بە ئەقڵیەتی پیاوسالاری ئیش دەکەن، چونکە پیاو ئەو ڕێکخراوانە بەڕێوەدەبات، تەنانەت کاریگەری لەسەر ژنانی ئەو ڕێکخراوانەش هەیە و لەسەر کەیسەکانی ژنان کار ناکەن.

 

ڕۆژان حەمەکەریم جەختی کردەوە، کە کوشتنی ژنان و توندوتیژی دژ بە ژنان ساڵ بە ساڵ ڕوو لە زیادبوونە و لە هەڵکشاندایە، چونکە هەرچەندە چالاکی و سیمینار دەکرێت بۆ ئەوەی توندوتیژی کەم بکرێتەوە، بەڵام ئەو چالاکیانە بە پێی پێویست نییە و هیچ کار ناکاتەسەر کەمکردنەوەی توندوتیژیەکان.

 

"ژنان دەترسێنرێن لەلایەن ئەو کەسانەی کە توندوتیژیان بەرامبەر دەکات"

ڕۆژان حەمەکەریم ڕوونیکردەوە، کە ژنان لە گەرمیان کاتێک توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، دەمکوت دەکرێن و دەترسینرێن، چونکە پێیان وایە کە کێشەی کۆمەڵایەتی و ئابڕووچونی لێدەکەوێتەوە، "هەندێک لەو ژنانە پێیان وایە کە ئەگەر سکاڵا بکەن خێزانەکانیان حاشایان لێدەکات، بۆیە زۆربەی ئەو ژنانەی کە توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، ناچارن بە بێدەنگی بمێننەوە و ئەو توندوتیژیە قبوڵ بکەن".

 

لە کۆتایدا وتی: پێویستە خێزانەکان و بەتایبەتی ژنان لە ڕێگەی سیمینار و خوێندنەوەی گۆڤار و ڕۆژنامە لەلایەن ژنانەوە هۆشیار بکرێنەوە کە توندوتیژیان بەرامبەر نەکرێت، هەروەها لە قوتابخانەکان هەر لە منداڵییەوە کچان فێربکرێن کە کەس ناتوانێت توندوتیژیان بەرامبەر بکات.

 

جێی ئاماژەیە، بەپێی ئەو ئامارانەی نوژنها کۆیکردووەتەوە، تەنها لە سەرەتای ساڵەوە تا ٢٥ی نۆڤەمبەر لە گەرمیان و تەنها لە کەلار و کفری ٨ ژن کوژراون، ئامارەکەش بۆ کۆی گشتی باشووری کوردستان کوشتن و ناچار بە خۆکوشتنی ٦٢ ژنە.