فەریدە شەنگالی: جیهان چۆن ئێمە بناسێت، وەکو ئەوە نییە خۆمان باسی دەکەین

فەریدە شەنگالی، بەشداربووی کۆنفرانسی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، خۆشحاڵی خۆی بەرامبەر پێشکەشکردنی کۆنفرانسەکە بە ژنانی ئێزیدی و ئەفغانستانی دەربڕی و ڕایگەیاند، جیهان چۆن ئێمە بناسێت، وەکو ئەوە نییە خۆمان باسی دەکەین

تەوار پێنجوێنی

 

بیروت- ڕۆژانی ١٨-١٩ی ئاب، لە بەیروتی پایتەختی لوبنان، کۆنفرانسی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بە پێشەنگایەتی ڕێکخراوی ژین-ی ژنان و کۆمەڵەی کولتووری و کۆمەڵگەیی نەورۆز، بە دروشمی" بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی، ئەزمونی تەڤگەری ژنان بۆ ڕزگاربوون لە قەیرانە هەرێمییەکان" بە بەشداری زیاتر لە ١٠٠ ژن، لە ١١ وڵاتە بەڕێوەچوو، هەر لە سەرەتای کۆنفرانسەکەدا ئاماژە بەوەکرا، بەستنی کۆنفرانسەکە لە مانگی ئابدا، دەکەوێتە چوارچێوەی هەڵمەتی کەژەکە بۆ پشتیوانی لە ژنانی ئێزیدی و ئەفغانی، کە لەم مانگەدا ڕووبەڕووی دڕندانە ترین کۆمەڵکوژی سەدای ٢١ بوونەتەوە.

 

هەروەها لیژنەی ئامادەکاری کۆنفرانسەکە، لەسەر ناوی ژنانی ١١ وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، کۆنفرانسەکەیان پێشکەشی ژنانی ئەفغانستان و ئێزیدی کرد و بەڵێنیاندا تا سەرکەوتن و گەشتن بە ئازادی و مافەکانیان، پشتیوانی لە ژنانی ئەفغانی و ئێزیدی بکەن.

 

فەریدە شەنگالی، ئەندامی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی-تاژێ، کە بەشداری کۆنفرانسەکە بوو لە لوبنان، ڕایگەیاند، دڵخۆشین بەوەی کۆنفرانسێک کە ١٢ وڵات تیایدا بەشدارە وەک دیاری پێشکەش بە ئێمەی ژنانی ئێزیدی و ئەفغانستان کرا، وتیشی: لە کۆنفرانسەکەدا زۆر بابەت لەبارەی ژنانی ئێزیدی و ئەفغانستان پێشکەشکرا، ئێشی ژنانی ئێزیدی و ئەفغانستان یەکە، لەوانەیە ئێشی ژنانی ئیزیدی زیاتر بێت، بەڵام ئەقڵیەتی داعش و تاڵیبان یەکە و هەمان کۆمەڵکوژی ڕووبەڕووی ژنان بووەوە.

 

"کۆنفرانس دەرفەتێکە بۆ ئەزمون وەرگرتنی ژنان لە یەکدی"

فەریدە لەبارەی بەردەوامی کۆنفرانسەکە، وتی: لەو باوەڕە داین دوای کۆنفرانسەکە زیاتر پشتیوانی ئێمەی ژنانی ئێزیدی بکرێت، پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە جیهان چۆن ئێزیدیەکان دەناسێت، وەکو ئەوە نییە کە خۆمان باسی دەکەین، لەوانەیە ئەوان وەکو کۆمەڵکوژی و فەرمان بیناسن، بەڵام ئێمە باس لەوە دەکەین، کە کێ ئێمەی کوشت، کێ ئێمەی فرۆشت و خیانەتی لێکردین و کێش ڕزگاری کردین، لە کۆنفرانسەکەدا نزیکی ١٢ دەوڵەت بەشداری کرد، زۆرینەیان نەیاندەزانی بە چ هۆکارێک ئەو فەرمانە دروستبووە، ئەمە دەرفەتێکە تا ژنانی ئێزیدی بەشداری بکەن و ژنانی بەشداربووش ئەزموون لە ژنانی ئێزیدی وەربگرن.

 

"با لەسەر فکر و فەلسەفەی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان خۆیان بە ڕێکخستن بکەن"

لە کۆتاییدا فەریدە شەنگالی سڵاوی بۆ ژنانی ئەفغانستان نارد و وتی: ئێمە هەست بە ئازاری ژنانی ئەفغانستان دەکەین، چونکە ئێمەی ژنانی ئێزیدی لە هەموو کەس زیاتر ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی بووینەتەوە، دەڵێم با هیوایان بە ژیان کۆتایی نەیەت و ڕاپەڕن، تا خۆیان لەو زۆردارییە ڕزگار بکەن، با لەسەر فکر و فەلسەفەی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان خۆیان بناسن و خۆیان بە ڕێکخستن بکەن و بەرخۆدان و تێکۆشان دژی هێزی تاڵیبان بکەن، ئێمەش وەک ژنانی ئێزیدی چی بکەوێتە سەر ئێمە هاوکار و پشتیوانیانین.