گیای بەهاری مژدەی هاتنی بەهاری پێیە

لەگەڵ بەتین بوونی گەرمی هەتاو و توانەوەی بەفری چیاکان، گیا بەهارییەکان خۆڕسکانە لە بن بەرد و لەژێر شێداری خاکەوە سەردەردەکەن، مژدەی هاتنی بەهار دەدەن، ژنانیش بۆ دابینکردنی ژەمێکی بەسوود بۆ خێزانەکانیان دەست دەکەن بە کۆکردنەوەی ئەو گیایانە.

 

تەوار پێنجوێنی

سلێمانی- تینی هەتاو گەرمی کردووە و سەوزایی پانتایی دەشتودەری داپۆشیووە، وردە وردە بەفری چیاکان دەتوێنەوە و دەرکەوتنی گیای بەهاری لەژیر خاکە شێدارەکانەوە مژدەی هاتنی بەهاریان لەگەڵ خۆیان هەڵگرتووە، ژنانیش شەرواڵەکانیان لە پێدەکەن و ڕێیەکی دوور لە گوند دەبڕن تا دەست بکەن بە کۆکردنەوەی گیای بەهاری و ژەمێک خواردنی بەسود بۆ خێزانەکانیان دابین بکەن.

 

ژنانی گوندی مالومە گێلاخە کۆدەکەنەوە

زوڵەیخا و گوڵەباخ، لەگەڵ سێ ژنی دیکەی گوندەکەیان لە گوندی مالومە لە ناحیەی گاپیلۆنەوە، ڕێگەیان بڕیوە تا سەر ڕێگەی گوندی یاخسەمەر، بەو مەبەستەی بەشی ژەمێک گیا کۆبکەنەوە و بیبەنەوە بۆ ماڵەکانیان، زوڵەیخا دەڵێت هەرچەندە ماندوو دەبین بە کۆکردنەوەی گیاوە بەڵام چونکە ڕەنجی شانی خۆمانە پێی ئاسودەین.

 

گوڵەباخ و زوڵەیخا باس لەوە دەکەن، ڕۆژانە لە کاتژمێر ٦ەوە هەڵدەستن، کاری ناوماڵ تەواو دەکەن و گەوڕی ئاژەڵەکان پاک دەکەنەوە، پاشان لەگەڵ ژنانی گوند بەڕێدەکەون بەرەو کێو و پێدەشتەکان بۆ کۆکردنەوەی گیای بەهاری.

 

ئەو گیایەی ژنانی گوند کۆیدەکەنەوە ناوی گێلاخەیە، یەکێکە لە گیا بەهارییە خۆڕسکەکان، ئەو گیایە تەمەنی کورتە لە کۆتای مانگی شوبات و سەرەتای مانگی ئازار پێدەگات، ئەو تۆوەی لێی پەیدا دەبێت دەیڕژێت و هەر زوو لەناو دەچێت، بەڵال قۆناغێکی تەمەنی گیاکەدا گوڵێکی مۆر دەکات کە دەشتودەر دەڕازێنێتەوە، شێوەکەی هەمان شێوازی بابە عەمرەی هەیە کە تاڵە و ناخورێت، بەڵام گێلاخە تامی خۆشترە و بەچەند شێوازێک دروست دەکرێت.

 

گێلاخە بە چەندین شێواز دروست دەکرێت

یەکێک لە شێوازەکانی دروستکردنی گێلاخە، ئەوەیە لەگەڵ گەنمدا لێدەنرێت، ڕۆن پیازی بۆ سوردەکرێتەوە و ترشیشی تێکەڵ دەکرێت و ئامادە دەبێت بۆ خواردن، شێوازێكی دیکەش لەجیاتی ئەوەی ترشی تێبکرێت و ترش ببێت، لەگەڵ شیردا دەیکوڵێنن، هەروەها سوریش دەکرێتەوە.

 

ژنانی گوند سەرباری قورسی ژیان و ئەرکی ماڵەوەیان، پێویستە ئاژەڵداریش بکەن و بەیانی زوو لەگەڵ دەرچوونی ئاژەڵەکان بۆ کێو و لەوەڕاندنیان، گەوڕەکانیان پاک بکەنەوە و دان و کا-یان بۆ ڕۆبکەن، ئێوارانیش بەهاتنەوەی ئاژەڵەکان دەست دەکەن بە دۆشێنیان و لە شیرەکەیان شیرێژ، ماست و پەنیر دروستدەکەن، لە وەرزی بەهاریشدا ژنان بە دەستە دەچنە کێو و پێدەشتەکان بۆ کۆکردنەوەی گیا بەهارییەکان.

 

ت.پ