گوێزی هەورامان بووە بە قەراڵە

بەهۆی گەرما و وشکە ساڵیەوە ئەمساڵ بەروبوومی گوێزی باخەوانەکان خراپ بووە و بە ڕای ئەندازیارانی کشتوکاڵیش هۆکارەکەی کەمی ئاو و گەرمای زۆرە کە گوێزەکانی سوتاندووە و بەرهەمەکەیان بووە بە قەراڵە.

 

میهرەبان سەلام کاکەیی

هەورامان- ژنان هەمیشە پێشەنگن لە ئیش و کار بەبێ گوێدانە کات و وەرز، لە کەشێکی پایزیدا کە باخەوانەکان سەرجەمیان خەریکی تەکاندنى گوێز و بەرووبومەکانیانن، ژنان خەریکی کۆکردنەوەی گوێز و پاککردنیانن، بەڵام نائومێد بوون لە بەرهەمەکەیان چونکە سەجەمیان بوونەتە قەراڵە، واتا سوتاون و ناوکەکەیان ڕەش بووە.

حەسیبە محمود، ژنێکی بە تەمەنی ناوچە هەورامانە و لەناو خانە باخەکانی خانەقا دایە و باس لەوە دەکات گوێزەکان باش نین و خراپن و قراڵەن، بەهۆی ئەوەی باران نەبووە و ساڵی بەروبوومی باخ نەبووە، حەسیبە وتیشی: "ئەم دوو ساڵە بەهیچ شێوەیەک گوێز باش نییە و ئێستا گوێزی ئێران باشترە لە گوێزی هەورامان، گوێزی ئەمساڵ بەهۆی خراپییەوە پارە ناکات، بۆیە ئەوەی باشە بۆخۆمانی هەڵدەگرین.

 

ئەو ژنە ڕەنجکێشە وتیشی گوێز بە هەزار دانە دەفرۆشن، هەتا گوێزەکە جوان و تازەش بێت نرخەکەی گرانترە.

سەبارەت بە هۆکاری سوتاندن و نەمانی بەرووبومی گوێز و بەرهەمە خۆماڵیەکان، ئەندازیاری کشتوکاڵی، ئەحمد عەبدوڵا، بەوردی باس لە هۆکاری خراپبوونی بەرهەمەکان دەکات و دەڵێت: گوێز و بەرووبومی هەورامان فێری ئاو و تەڕاوە، ئێستا بەهۆی وشکە ساڵی و گەرمییەوە سەمەر و بەرهەمی نەماوە، پێشتر هەورامان فێنک و کەشوهەوایەکی لەباری هەبوو، بەڵام ئێستا بەهۆی گەرم بوونی کەشوهەوا سەر پەلی دار گوێزەکان دەسوتێن و ئەو گوێزەش بەهۆی گەرماوە دەسووتێت ناوکەکەی ڕەش دەبێت و بەکەڵکی فرۆشتن نایەت.

بەهۆی نەبوونی باران و وشکە ساڵییەوە بەروبوومی خۆماڵی زیانی زۆری بەرکەوتووە و بەرهەمی باخەوانەکان وەک ساڵانی پێشووتر نین.

 

ت.پ