گەڕەکی جوولەکان و خانووە دێرینەکانی هەڵەبجە بەرەو لەناوچوون دەچن

گەڕەکە کۆنەکانی هەڵەبجە بەرەو لەناوچوون و دەچن و مێژووی جوولەکان و گەڕەکەکەشیان بەرەو نەمان دەچێت.

 

میهرەبان سەلام کاکەیی

هەڵەبجە- گەڕەکی جوولەکان و ماڵی پاشا و چەندین خانووی دێرینی تر کە لە هەڵەبجەدا هەن و مێژووی دێرینی ئەو شارەن، بەهۆی پشتگوێ خستنیانەوە بەرەو لەناو چوون دەچن، شوێنەوارناسان و ئەندازیارانیش پێیان وایە دەبێت کاری جدی بکرێت تاوەکو سیما شوێنەوارییە مێژووییەکان لەناو نەچن.

سەبارەت بە بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی شوێنەوار و گەڕەکە کۆنەکانی شار، خەدیجە عەبدول جەبار، ئەندازیار و ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، وتی: گەڕەکی جووەکانی شاری هەڵەبجە هەمان مێژووی لەگەڵ گەڕەکەکانی وەک مەڵکەندی و کانێسکان و جوولەکانی شاری سلێمانی هەیە، وەک ڕێکخراوی دۆستانی هەڵەبجە کاری لەسەر دەکەین و هەوڵ دەدەین لەگەڵ شارەوانی هەڵەبجە دابنیشین بۆئەوەی کار بۆ پاراستن و مانەوەی ئەو گەڕەکانە وەک خۆی بکەین.

 

هەوڵی پاراستن لە ئاستی تاکە کەسیدان و ئاستی حکومی و دامەزراوەی نین

ئەو ئەندازیارە باس لەوە دەکات کە هەوڵەکان و خەمخۆرانی پاراستنی گەڕەکە کۆنەکان زۆرن، بەڵام لە ئاست تاکە کەسیدان و کاریگەرییان نییە، حکومەتیش بە کەمتەرخەم دادەنێت کە سەرباری تەرخانکردنی بودجە، بەڵام کارەکان تەواو ناکرێت.

 

خەدیجە ئاماژەی بەوەشدا کە تەنها خانوو و گەڕەکەکان نین کە بەرەو لەناوچوون دەچن، بەڵکوو کانی و کارێزەکانیش پوکاونەتەوە و هەندێکیان کۆنکرێت کراون، وتیشی: ئەو پێداویستیانەی کە بەکاردەهێنرێت پێویستە بۆ بیناسازی ببێت و لەگەڵ کەشوهەوا و ژینگەی هەڵەبجە بگونجێت، هەروەها لەگەڵ سیمای شارەکەدا بگونجێت.

پاراستنی شوێنەوار و نۆژەنکردنەوە بەپێی شێوازە دێرینەکە بێت

دەربارەی نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارە دێرینەکان خەدیجە ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە ئەو تاق و دەرگا و پەنجەرە و گەڕەکەکان لەسەر شێوازی کۆن بێت و تەنانەت نهۆم و قوفڵی دەرگاکانیش بەهەمان شێوە شارەوانی ڕێگەی بدات و شێوازەکانی پارێزراو بێت.

 

لە ئێستادا لەناوچوونی گەڕەک و شوێنە دێرینەکانی هەڵەبجە مەترسی لەسەرە و بووەتە جێی هەڵوێستی شوێنەوارناسانیش، لەو بارەیەوە هاوار نەجمەدین، شوێنەوارناس، تایبەت بە ئاژانسی ژنها باسی مێژووی هاتنی جووەکانی بۆ هەڵەبجە و کوردستان گەڕاندەوە بۆ سەردەمی ئاشورییەکان و بەپێی سەرژمێریەکانیش نزیکەی ٨٥۰ کەس بوون لەناو هەڵەبجەدا بوون.

لەلایەن جوولەکەکان و سیانزە ماڵەوە هەڵەبجە دروستکرا

ئەو شوێنەوارناسە باس لەوەش دەکات کە جوولەکەکان و سیانزە ماڵ بەشداربوون لە دروستکردنی هەڵەبجە و نیشتەجێ بوون لەنزیک کانی نەواڵە، جووەکان پەرستگای تایبەت بەخۆیان هەبووە دوا بەدوای ئەوان کراوە بە مزگەوت، بەمەش لەناوچوونی ناوچە کەلەپورییەکان دەستیپێکردووە.

 

هاوار نەجمەدین بە گرنگییەوە باس لە مانەوەی گەڕەکی جووەکان دەکات و دەڵێت گەڕەکی جووەکان دەچێتە ناو یاسای شوێنەوار و کەلەپورەوە و مافی دەستکاری نییە، هیچ کەسێکیش بۆی نییە خشتێک دەستکاری بکات، چونکە مێژووەکەی سەد ساڵی تێپەڕاندووە.

 

ت.پ