ئاوات و ئینتیزار ٣٦ ساڵە لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی ئەنفالکراوەکانیاندان
لە ئەنفالكردنی دەشتی كۆیەدا ٧٣ ژن و ٣٠٠ منداڵ لە هەردوو ڕەگەز ئەنفالكراون، ئینتیزار یەکێکە لەو کچانەی کە لەگەڵ دایکیدا ڕزگاربووی ئەنفالن و لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی باوکی دایە.
شیا كۆیی
کۆیە- سەرەتای مانگی ئایار ساتەوەختی ئەنفالکردنی دەشتی کۆیە بوو، ٣٦ ساڵ بەسەر پڕۆسەی ئەنفالی ناوچەکەدا تێپەڕیوە و هەزاران چیرۆک تا ئێستا لە چاوەڕوانی گێڕانەوەدان تا بۆ هەزاران ساڵی داهاتوو بمێنێتەوە و ببێتە وێنەیەک لە تراژیدیاکانی بەسەر گەلی کورددا هاتووە.
ئینتیزار، ناوی كچێكە و دایكی ناوی ئاوات غەنی ـیە، ئەو لە سكی دایكی بووە كاتێك باوكی ئەنفالكراوە، دایكی ئینتیزار دەڵێت: ئەوكات گوتیان ناوی بنێن چاوەڕێ تا باوكی دەگەڕێتەوە. ئێستا ٣٦ ساڵ تێپەڕیوە و ئینتیزار هەر چاوەڕێی باوكیەتی، خۆی هاوسەرگیری كردووە و دایکی سێ منداڵە، بەڵام باوكی هەر نەگەڕاوەتەوە.
ئاوات غەنی باسی بارودۆخی ئەوكاتەی ئەنفالەكە دەكات و دەڵێت: شەو بوو، گوتیان ڕژێمی بەعس، كە جاشەكانی كۆیەشیان لەگەڵە، هێرشیان كردووە بۆ دەشتی كۆیە، من سێ كچم هەبوو، دووگیانیش بووم، هاوژینەکەم و برای هاوژینەکەم هەردووكیان هاڵهاتووی عەسكەریی بوون، نەیاندەتوانی بێنە كۆیە، ئەوان ئێمەیان خستە سەر كەر و وڵاخ و كات یەكی نیوەشەو بوو بەرەو كۆیە هاتین.
دایكی ئینتیزار درێژە بە گێڕانەوەکەی دەدات، بە پێی قسەکانی هەندێكیان بە پێ دەڕۆشتن، ڕێگاکەش ناخۆش بووە بەو شەوە، "خۆم بە سكپڕی و سێ منداڵ و خەسووشم، كە زۆر پەككەوتە بوو، بەڕێگاوە بووین، هەر خولەکێک بۆ ئێمە گەلێك زەحمەت بوو، قیژەی منداڵان نەدەبڕایەوە لە برسان و لە تینوێتیان، هەرچی باسی بكەم و بیگێڕمەوە ناتوانم وەك پێویست بیگەیەنم، كە چ زەحمەتییەكمان دیت، هەرچۆنێك بێت تا ڕۆژ بۆوە گەیششتینە ناو كۆیە، خێرا خۆمان بە ماڵەكانی ئازادیدا كرد".
"گوندەکانمان لەلایەن جاشەکانەوە تاڵان کرا"
ئاوات غەنی وتیشی: دوای ئەوەی ئەنفالی گوندەكەمان كرا و لەلایەن جاشەكانەوە هەمووی تاڵان كرا و هیچ شتێك نەما، هاوژینەکەم و براكەی هاتنە كۆیە، لە ماڵێك بووین و خۆیان حەشاردا تا ڕۆژی ئەنفالی كۆیە، بارق حاجی حونتەی دڕندە و عەلی حەسەن مەجیدی كیمیایی لەناو كۆپتەرەوە بە ئاسمانی كۆیەدا دەسوڕانەوە، بڵندگۆیەك لە گۆپتەرەكانەوە دەنگی دەهات و دەیانگوت "منع التجول" و كەس نەیەتە دەرەوە، بیستمان كە گوتیان لە ماڵان دەگەڕێن، هەرچی فیرار و پێشمەرگەیە دەستگیر دەكرێت، هاوژینەکەم و براکەی لەگەڵ پیاوەكانی دیكەی گوندەكەمان و خزم و كەس ١٧ پیاو بوون، هەموویان بڕیاریاندا بچنە ماڵی مستەشارەكان، گوتیان ئەگەر بچنە ئەوێ سەلامەت دەبن، هاوژینەکەم گوتی: با نەچین، براكەی گوتی: نا، بچینە ئەوێ باشترە، دەنا دەگیرێین، ئەوەتا بانگەواز دەكرێت و دەڵێن ئەوانەی بچنە بارەگاکان دەستگیر ناكرێن، ئەوەبوو هەموویان چوونە ماڵی مستەشارەكان و دواتر لەوێوە ئەوانەی ڕزگاریان بوو گوتیان بە ئیڤای عەسكەری هەموویان گوازرانەوە بۆ تۆپزاوای كەركوك و لەو ڕۆژەوە هاوژینەکەم نەدیتەوە.
دایكی ئینتزار نەشی شاردەووە دوای باوكی ئینتزار، ئەوان بێكەس و برسی بوون، بە ڕۆژانەی كار و چوون بۆسەر كاری شینایی و بژاركردن، توانی منداڵەكانی گەورە بكات، دواتر دەبێتە کارگوزاری یەکێک لە دەزگاکانی حکومەت و بژێوی ژیانیان دابین دەکات.
ئاوات غەنی وتیشی: تا ئێستاش من و ئینتزار، لە ئینتزاری باوکیداین، كە ڕازین بەوەی هەر ڕووفاتەكانیشیان بێتەوە، وەك ڕووفاتەكانی ئەنفالی هەڵەبجە و چەمچەماڵ، داواكارین هی ئێمەش بێتەوە، ئەگەر ڕووفاتی هاوژینەکەم بێتەوە، تا ئێستاش دەزانم چ جلكێكی لەبەر بووە و ئێستاش دەیناسمەوە.
ئەنفالی دەشتی کۆیە سێ ڕۆژ بەردەوام بوو
تاڤگە حەمەساڵح، بەڕێوەبەری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان لە شارۆچکەی كۆیە، دەربارەی شاڵاوی ئەنفالكردنی سنووری كۆیە بۆ نوژنها وتی: قۆناغی چواری ئەنفال سنووری كۆیەی گرتەوە، كە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ، ٥-٧ی ئایاری ١٩٨٨ بەردەوام بوو، هێرشەكە بۆ سەر هەر چوار ناوچەی قەڵاسێوكە و شوان و شێخ بزێنی و دەشتی کۆیە بوو، بەرەبەیانی ٤ی ئایاری ١٩٨٨ هێزێكی گەورەی سوپا و جاش له میحوەرەکانی چەمچەماڵ و ئاغجەلەر و شوان و پردێ و تەقتەق و کۆیه و قوشتەپەوە پەلاماری ناوچه ئازادکراوەکانی دەشتی کۆیە و چەند گوندێکی دۆڵی سورداشیان دا، لەم پەلامارەشدا هێزەکانی ڕژیم ڕووبەڕووی بەرگری هێزی پێشمەرگه و جەماوەر بوونەوه، دوژمن زیانی زۆری بەركەوت، بەڵام هێزەكان بەرانبەر نەبوون و دەیان پێشمەرگه شەهید بوون، هەروەها نزیکەی ١٠ هەزار کەس بەر شاڵاوى ئەنفالەكە كەوتن و نزیكەی ٧ هەزاریان لە بیابانەكانی ناوەڕاست و خوارووی عیراق زیندەبەچاڵ و كۆمەڵكوژ كران.
تاڤگە حەمەساڵح باسی لەوەکرد، لە سەنتەری شارۆچکەی کۆیە و گوندەکانی سنورەکە لە ٦٩ شوێن پرۆسەی ئەنفال بەڕێوەبراوە، ٨٥٦ هاوڵاتی ئەنفالكراو ناویان لەسەر مۆنۆمێنتی ئەنفالی دەشتی كۆیە نووسراوە، ٥٤٨ ئەنفالكراو ئەندامانی خێزان بوون لەو ژمارەیەش ٧٣ ژن و نزیكەی ٣٠٠ منداڵن لە هەردوو ڕەگەز و ٢٢٤یشیان پیاو بوون، ئەوانی دیكە چارەنووسیان بەنادیاری ماوەتەوە، لە سنووری شارۆچکەی کۆیە ٢٠ تاقانەی ئەنفال هەیە، كە سەرجەم كەسوكاریان ئەنفالكراوە.