"ژیری دەستکرد لەناوچوون و قڕکردنی مرۆڤایەتییە"

ژیری دەستکرد هۆکارە بۆ دروستبوونی کێشە کۆمەڵایەتییەکان و لەناویاندا ژنان ڕووبەڕووی چەندین کێشەی کۆمەڵایەتی دەبنەوە، هەر ژنانیش دەبنە زیانبەرکەوتووی یەکەم لە ژیری دەستکرددا.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- ژیری دەستکرد-AI لەلایەن زاناکانەوە سەرەتا بۆ ڕاپەڕاندnی چەندین کاری سەرەتای دروستکرا، بەڵام هەر ئەو زانایانەی کە پەرەیان بە ژیری دەستکرد دەدا لە ئێستادا دەستیان لە کار و بەرەوپێشبردنی ژیری دەستکرد کشاندووەتەوە، بە هۆکاری خراپی بەکارهێنان و بەرەوپێشچونێکی چاوەڕوان نەکراو کە دەبێتە هۆکاری لەناوچوونی مرۆڤایەتی لە جیهاندا.

 

ژیری دەستکرد هاوکاتە لەگەڵ ژیری مرۆڤەکاندا کە هۆکاری نەبوونی بەربەستێک بۆ بڵاونەبوونەوە و بەکارهێنانی لەلایەن هەموو چین وتوێژێکی کۆمەڵگە و نەبوونی بەربەست و فلتەرێک و دەستکەوتنی بە نرخێکی گونجاو، هۆکار و مەترسیەکانی بۆ سەر جیهان دروست دەکات، بە تایبەت ژنان، کە زیانبەرکەوتووی سەرەکی ئەم جەنگە ساردەن و بە هۆکاری ئەقڵیەتی پیاوسالاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە.

 

"ژیری دەستکرد دەبیتە هۆی نەبوونی هەلی کارکردن و جێگەی مرۆڤ دەگرێتەوە"

دریڤان عەبدولقادر، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕ لە ڕاگەیاندن و ئیتیکی کاری ڕۆژنامەوانی، باس لەوە دەکات، هەبوونی ژیری دەستکرد و بەدەستهێنانی، بڕێکی کەم لە لایەنی ماددی پێویستە، هەروەها لایەنی بڕیاردانی باشترە وەک لە مرۆڤ، بە هۆکاری نەبوونی لایەنێک و بڕیاردان بە هەست و سۆز، دەشڵێت: ژیری دەستکرد بە پێچەوانەی مرۆڤەوەیە و دەتوانێت چەندین کار ئەنجام بدات و بەردەوام لە خۆنوێکردنەوە دابێت، مرۆڤ دەتوانێت ڕۆژانە هەشت کاتژمێر کار بکات، بەڵام ژیری دەستکرد بەردەوام لە کارکردندایە.

 

ئەو مامۆستایە باس لەوەش دەکات، لە ڕابردوودا خەمی هاوڵاتیان تەنها دروستکردنی بیکاری بوو بەهۆی بوونی ژیری دەستکردەوە، بەڵام لە دوای بەرەپێدانی ژیری دەستکرد زانایانی دروستکەری ژیری دەستکرد هەست بەو زیانانە دەکەن ڕووبەڕووی کۆمەڵگە دەبێتەوە، وتی: سەرەتای دروستبوونی ژیری دەستکرد زانایان و هاوڵاتیان لەوە دەترسان ئەم ژیرییە ببێتە هۆکاری نەبوونی کارکردن بە تایبەت بواری تەکنیکی میدیای، بەڵام لە ئێستادا ئەو زانایەی ناسراوە بە (باوکی ڕۆحی ژیری دەستکرد) لە ئێستادا دەستی لەکار کێشاوەتەوە، بەهۆکاری ئەوەی ژیری دەستکرد دەبیتە هۆکار بۆ قڕکردنی مرۆڤایەتی.

 

"ژیری دەستکرد دەبێتە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆس و جەنگی ئەتۆم دروست دەکات"

مامۆستا دریڤان عەبدولقادر ئاماژەی بەوەدا، لە ئێستادا هەبوونی ژیری دەستکر بەدەست مرۆڤەوەیە، بەڵام پێشنیار دەکرێت لە داهاتوودا ژیری دەستکرد کۆنتڕۆڵی مرۆڤی بەدەستەوە بێت، دەشڵێت: ئەم کۆنتڕۆڵ کردنە دەبێتە هۆکاری بڵاوبونەوەی چەندین نەخۆشی و لایەنە نەخۆشیەکانی دیکە، وەک بڵاوبوونەوەی چەندین ڤایرۆسی جیهانی و دروستکردنی جەنگی ئەتۆمی دروست بکات ".

 

وتیشی: لەناو خەڵکدا واباوە کە مرۆڤ وایکردووە کە ژیری دەستکرد دروست ببێت، ڕاستە کەسانی ژیر و زاناکان توانیویانە ژیری دەستکرد دروست بکەن، بەڵام دەبێتە هۆی لەناوبردنی ژیانی مرۆڤایەتی، لەوانەیە دروستکردنی ژیری دەستکرد لە سەرەتادا بۆ خزمەت کردنی مرۆڤایەتی بووبێت، بەڵام ئەم دەرەنجامانەی پێی گەیشتووە دەبێتە هۆکاری مەترسیەکی زۆر گەورە بۆ لەناوبردنی مرۆڤایەتی.

 

"ژیری دەستکرد هۆکارە بۆ سەرهەڵدانی کێشە کۆمەڵایەتییەکان"

دریڤان عەبدولقادر، ئاماژەی بەوەشدا، ئەو پێشکەوتنەی لە ئەلکترۆنیدا ڕوویداوە بەکارهێنەران بە ڕێژەیەکی زۆریان بە باشی مامەڵەی پێوە ناکەن، لەو بارەیەوە دەڵێت: ژیری دەستکرد بەشێکی زۆر لە بەکارهێنەرانی بە تەندروستی بەکاری ناهێنن، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ناهۆشیاری کۆمەڵگە، واتە بەکارهێنەران تاچەند بە تەندروستانە بەکاریان دەهێنن، هەروەها ژیری دەستکرد بووەتە هۆکاری تێکدان کۆمەڵگە و دروستبوونی کێشە کۆمەڵایەتییەکان، بە هەبوونی ژیری دەستکرد و لە ڕێگەی چەندین بەرنامەوە دەتوانن کەسێک بە ویستی خۆیان بابەتێکی پێ نمایش بکەن، واتە جڵەوی مرۆڤەکان لە توانا و ویستی خۆیاندا نەماوە، بۆ نمونە ڤیدیۆی ژنێک بڵاو دەبێتەوە هەمان دەنگ و ڕەنگە، بەڵام شێوازی قسەکردنەکەی دژی کەسێکە، یاخود دەبێتە هۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بۆ کەسانی بەرامبەر، کێ بڕوا دەکات کە ئەم بابەتە بە ژیری دەستکرد ئەنجام دراوە، بەڵام کۆمەڵگە باوەڕ بە ڤیدیۆکە دەکەن و هەست بە هەڵەکانی و دەستکردیەکانی ناکەن، زۆرێک لە هاوڵاتیان وادەزانن ڕاستە، مەگەر هەبوونی زانایەک یان کەسانی شارەزا بتوانن پشتڕاستی بکەنەوە کە ئایا ڤیدۆیکە ژیری دەستکردە، کە دەبێتە هۆکاری دروستبوون و سەرهەڵدانی کێشەی کۆمەڵایەتییەکان.

 

ئەو مامۆستایە جەختی کردەوە، بە هۆکاری هەبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و پێوەری سەرەکی بۆ کۆمەڵگە، ژنان زیانبەرکەوتووی یەکەمی ژیری دەستکرد دەبن، وتیشی: لە ڕیگەی دروستکردنی ڤیدیۆیەکی نەشیاوی ژنێک لە ڕێگەی ژیری دەستکردەوە، کۆمەڵگە باوەڕ بە دروستکردنی ئەم ڤیدیۆیە دەکەن، لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ژنان پێوەری ئەخلاقین، بۆیە ژنان دەبنە زیانبەرکەوتووی ژیری دەستکرد.

 

"هەبوونی یاسایەکی تۆمە دەتوانێت ڕێگری لە زیانەکانی ژیری دەستکرد بکات"

ئەو مامۆستایە باسی لەوەکرد، کە ڕێگریکردن لە پێشکەوتنەکانی ژیری دەستکرد کارێکی قورسە، بەڵام بە ڕێگەی یاسا دەتوانرێت سنووری بۆ دابنرێت، وتیشی: لە بەکارهێنانی ژیری دەستکرددا پێویستە یاسا بەکاربهێندرێت، بەپێی یاسا و ڕێکخستنی ئەو بەرنامانە کارەکانی ئەنجام بدرێت، بەکارهێنەرانی ژیری دەستکرد دیاری بکرێت، نەک هەر کەس و هاوڵاتیەک بتوانێت بە کاری بهێنێت، بە پێچەوانەوە سزای هەبێت، بەداخەوە لە ئێستادا یاسایەکی ئەوەندە تۆکمەمان بۆ خراپ بەکارهێنەرانی تەکنەلۆژیا نییە تا بگاتە ژیری دەستکرد، بۆیە پێویستە یاسایەکی تایبەت بە ژیری دەستکرد لە دادگاکاندا کاری پێبکرێت، هەروەها لە ڕێگەی ڕێکخستنی یاساوە دەتوانیین ڕێگری بکەین لەو مەترسیانەی ڕووبەڕووی مرۆڤایەتی و جیهان دەبێتەوە.

 

لە کۆتایشدا وتی: گرنگە کۆمەڵگە هۆشیاری هەبێت و خۆیان هۆشیار بکەنەوە و بزاندرێت سود و زیانەکانی بۆ کۆمەڵگە چیە، تا بتوانین بە شێوازێکی دروست کارەکانمانی پێ ئەنجام بدەین، نەک ببینە هۆکاری سەرهەڵدانی کێشە کۆمەڵایەتییەکان، پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان هاوڵاتیان هۆشیار بکەنەوە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ژیری دەستکرد و بتوانین ڕێگری پێشوەختە لە زیانەکانی ژیری دەستکرد بکەین.