بەو خولەی کردوویەتیەوە، ژنان فێری شۆفێری دەکات

ئامەد دڵپاکی ٢٩ ساڵ، کە خاوەنی یەکەمین خولی شۆفێرییە، ئاماژە بەوە دەکات، ئامانج لێی شکاندنی ناهۆشیاری کۆمەڵگەیە لە شەرمەزاری شۆفێری بۆ ژنان.

زەینەب عیسا

 

قامیشلۆ- لەگەڵ شۆڕشی ڕۆژئاوا دەرفەتی جۆراوجۆر بۆ ژنان ڕەخسێندرا، بوونە پێشەنگ و باوەڕیان لە هەموو بوارێکدا هەبوو، لە قامیشلۆ، ئامەد دڵپاک، ژنێکی گەنج، یەکەم پڕۆژەی فێرکردنی شۆفێری بۆ ژنان داڕشت، باسی یەکەم پڕۆژەی خۆی کرد.

 

" ژنان متمانە و هێز بەدەست دەهێنن"

ئامەد دڵپاک وتی: نزیکەی مانگێکە ئەم شوێنەم کردووەتەوە، پڕۆژەکەم بە تایبەتی بۆ ژنانە، فێری شۆفێرییان دەکەم، بۆچی ژنان بەتایبەتی، چونکە پێش شۆڕشی ڕۆژئاوا ژنان بە گرنگییەکی کەم لەلایەن کۆمەڵگەوە تەماشا دەکران، جاران دەیانوت ژنان ناتوانن ئۆتۆمبێل لێبخوڕن یان شەرمەزارییە، جاران بەو شێوەیە لە ژن نزیک دەبوونەوە، بەڵام ئێستا شۆڕش دەرفەتی زۆری بە ئێمە بەخشیوە بە ئێمەی ژنان بۆ ئەوەی هێزمان هەبێت، ماوەیەکی زۆرە ئۆتۆمبێل لێدەخوڕم و بە پڕۆژەیەکی لەم شێوەیە، ویستم ئەو نەخشە بشکێنم و ڕێگە بە ژنان بدەم شۆفێری بکەن و متمانەیان بەخۆیان هەبێت.

 

"کاتێک ئیرادەت هەبێت، سەرکەوتوو دەبیت"

ئامەد دڵپاک ئاماژەی بەوەکرد، چەند ژنێک فێری شۆفیری بوون و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: کاتێک ویستم کارێکی لەو شێوەیە بکەم، پرسیارم لە خێزانەکەم و هاوژینەکەم کرد کە چۆن بووە، زۆر هاوکاری و پشتگیریان کردم، لە هەموو کارێکدا ئاستەنگی هەیە، بەڵام ئەگەر ئیرادەت هەبێت، سەرکەوتوو دەبیت، لە ڕووی کاتەوە هەندێک سەختی هەیە چونکە کاتێکی دەوێت تا ڕۆژانە یەک کاتژمێر پەروەردە ببینن، هەندێکی تر، تا فێر دەبن لە ڕۆژانی یەکەمدا بەتایبەتی لەبەر ئەوەی هەندێک دەترسن، هەندێکی تر بە بێباوەڕییەوە لێی نزیک دەبنەوە، بەڵام من تا دەتوانم یارمەتیان دەدەم, لە شار و بازاڕ و شەوانە فێریان دەکەم، کاتێک ئەنجامی کارەکانم دەبینم زۆر دڵخۆشم و شانازییان پێوە دەکەم.

 

"گرنگ ئەوەیە ژنان بە سووربوون بەردەوام بن"

ئامەد دڵپاک سەرنجی بۆ شێوازەکانی پەروەردە و شێوازەکانی فێرکردنی ژنان ڕاکێشا و لە کۆتاییدا وتی: پەروەردە لە ٧ وانە دەست پێدەکات، لە هەر هەفتەیەکدا سێ ڕۆژ هەیە و هەر وانەیەک یەک کاتژمێرە، لە وانەی یەکەم و دووەم، هەندێک سەختی هەیە، چونکە باوەڕیی و ترس هەیە، دوای وانەی سێیەم ئاستیان باشتر دەبێت، ڕێگایەک هەیە، بەتایبەتی ئێواران، دەیانبەمە دەرەوە بۆ فێربوونی لێخوڕین لە تاریکیدا، ١٥ ژن پەروەردە وەردەگرن و چوار ژنیش دەرچوون، دەمەوێت لە ڕۆژانی داهاتوودا بەردەوام بم و فراوانتر بم لەم پڕۆژەیە بۆ ئەوەی بەشێکی زۆر لە ژنان فێری شۆفێری بکەم و قوتابخانەیەکی ئەهلی بکەمەوە، ئامۆژگاری هەموو خانمێک دەکەم کە ئامانجت هەرچییەک بێت، باوەڕیی و و ئیرادەت هەبێت دەگەیتە ئامانجەکەت، گرنگ ئەوەیە کە بەردەوام بیت لە ئامانجەکەت.