گەنجان لە ڕێگەی کاری خۆبەخشیەوە خزمەتی نیشتمان و کۆمەڵگە دەکەن

کاری خۆبەخشی پاڵنەرێکی گەورەیە بۆ ئاسوودەبوون و بەرز ڕاگرتنی بەها مرۆڤایەتیەکان، جا لە هەر بوارێکدا بێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەنگاونانە بۆ مرۆڤبوون لە لایەنە دەروونی و هزریەکەوە.

بانە ڕۆز

 

سلێمانی- خۆبەخشی کاری تاکێک یان گروپێکە کە بە بێ مووچە کارێک دەکات بۆ ئەوەی سوود بە ئەوانی تر بگەیەنێت، زۆرجار بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگەیە، زۆرێک لە خۆبەخشەکان بە تایبەتی ڕاهێنراون لەو بوارانەی کە خۆبەخشی تێدا دەکەن، وەک پزیشکی، پەروەردە، یان ڕزگارکردنی فریاگوزاری، هەندێک بواری تریش کەمتر پێویستی بە ڕاهێنانی ناچاری هەیە و زیاتر پێویستی بە توانا و خواستی کەسەکە دەبێت بۆ هاوکاری کردن و خزمەت کردن لەو بوارەدا.

 

وەکو کورد، ئەگەرچی خاوەنی کولتوورێکین کە تیایدا هاوکاری کردن و دۆستایەتی جێی خۆی کردووەتەوە، بەڵام لە هەندێک بواردا هێشتا پێویستمان بە پەروەردە و ئاگایی زیاترە تا ڕەوانی خۆبەخشی تیاماندا سەوزتر بێت. خۆبەخشی دەکرێت لە ناو ڕێکخراودا بکرێت یاخود لە دەرەوەی ڕێکخراو (فەرمی و نافەرمی)، واتا ئەو کارەی بەبێ بەرامبەر دەیکەیت بۆ سوود گەیاندن بە سروشت، ئاژەڵ، مرۆڤ، و ...هتدە.

 

کاری خۆبەخشی چەندین سودی بۆ خودی خۆبەخشەکەش هەیە، لەوانە، متمانە بە خۆبوون، ئەزموون وەرگرتن، بەدەستهێنان و دروستبوونی ئامانج، سوود وەرگرتن لە توانا و وزەکەی، تێکەڵبوون بە کۆمەڵگە، خزمەتکردن بە خودی خۆی وەک تاکێکی کۆمەڵگە لە ڕێگای خزمەتکردن بە کۆمەڵگە، دروستبوونی گیانی هاوکاری و پێکەوەژیان، وابەستەبوون بە گرنگی کاتەوە، پتەوکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی، دوورکەوتنەوە لە ڕق، لێبووردە بوون، و ...هتد. جودا لەوەی، گەنجان لە کاری خۆبەخشیدا دەکرێت دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت ئەو بوارە بدۆزنەوە کە زۆرترین توانایان تێیدا هەیە بۆ داهاتووی کار کردنیان.

 

هەموو خۆبەخشێکیش مافی خۆی هەیە لە کاتی کاری خۆبەخشیدا، شوێنی کارەکەی پارێزراو بێت، لەلایەن بەرپرسانی کارەوە ڕێزیان لێبگیرێت، هەروەها پاداشتکردنی خۆبەخش بۆ ھەر کارێکی ئەرێنیی سەرکەوتوو کە ئەنجامی دەدات، هەبوونی زانیاری تەواو لەسەر ئەو ڕێکخراو و دەزگایەی کاری تیادە دەکات، فێرکاری لەسەر تایبەتمەندی سروشتی کاری خۆبەخشی بۆ خۆبەخش، ئەنجامدانی ڕاهێنانی تایبەت بەو بوارەی خۆبەخشی تیادا دەکات بە پڕاکتیکی و کرداری، دەرفەتی پشوودان، پەسەندکردنی تایبەتمەندیە کەسیەکانی خۆبەخش و دەرفەتدان بە گەشەکردن و بەرەوپێشچوونی خۆبەخش لە ناو کارکردندا، کۆمەڵێک بنەمای کاری خۆبەخشین.

 

"ژنان ڕۆڵێکی زۆریان هەبووە لە ڕێکخراوی پاکۆدا"

لارا کەمال، خۆبەخشی کارای ڕێکخراوی پاکۆ بۆ پاراستن و ڕزگارکردنی ئاژەڵانی بێ لانە، دەڵێت: وەکو دەزانین کە وڵاتی ئێمە ئاژەڵانی بێلانە زۆرن، منیش هەر لە منداڵیەوە ئاژەڵدۆست بووم و ئاژەڵم بەخێو کردووە و خۆشمویستوون، خۆراکم پێداون. بەلامەوە گرنگە وەک ڕێکخراوێک گرنگی بدەین بە لایەنی ئاژەڵدۆستی و پەیامی ئاژەڵدۆستی بڵاو بکرێتەوە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، ژنانیش بەشێکن لە کۆمەڵگە، پێویستە دەست لەناو دەست پێکەوە کار بکەین بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و ئاژەڵدۆست و باشتر و پێشکەوتوانە تر، من دوو ساڵ لەمەوبەر بووم بە ئەندام لە ڕێکخراوی پاکۆ و ئامانجم خزمەتکردنی ئاژەڵانە.

 

کیژان ڕەزا، خۆبەخشی پێشووی ڕێکخراوی پاکۆ، دەڵێت: هەموو مرۆڤێک پێویست دەکات لە لایەنی خۆیەوە یارمەتی ئاژەڵ بدات، تەنانەت دەبێت یارمەتی مرۆڤ و سروشتیش بدەین، ئەوەش کە حکومەت نایکات، دەبوو بیکردایە بەڵام ئێمە هەڵدەستین بە هەڵگرتنی ئەرکی حکومەتیش بە پێی توانای خۆمان. زۆرجار کە باس لە هاوکاری کردنی ئاژەڵان دەکەین، کەسانێک دەڵێن "ئەی مرۆڤ؟" بەڵام بابەتەکە ئەوەیە کە دەبێت بۆ هەموو بوارەکان ئێمە هاوکاری پێشکەش بکەین. خۆبەخشیش تا ڕادەیەک کارێکی قورسە، بەڵام دەبێت زیاتر ڕەوانێکی مرۆڤانەت هەبێت، تا بتوانیت سودێک بگەیەنیت.

 

"ڕێکخراوێک ناتوانێت پاراستن بۆ ناوچەکان دابین بکات، بەڵام حکومەت دەتوانێت"

ڕوبار ئەحمەد، خۆبەخشی کارای ڕێکخراوی ژینگەدۆستی بۆ گەڕاندنەوەی ژینگەی تەندروست، دەڵێت: دەزگاکانی حکومەت وەک پێویست ڕێگاخۆشکەر نەبوون بۆ کاری خۆبەخشی، ڕاستە کۆمەڵێک ڕێکخراوی خۆبەخشی هەیە و کار دەکەن، بەڵام زۆربەی کات ڕێگریان بۆ دروست دەکرێت، بەڵام خۆشبەختانە گەنجی ئێستا لە کاری خۆبەخشیدا زیاتر چاو کراوەیە، زیاتر گرنگی بە کاری خۆبەخشی و خزمەتکردنی وڵاتەکەی دەدات، ئێمە لە ڕێکخراوی ژینگەدۆستی وەک خۆبەخش کار دەکەین، ئامانجمان لێی خزمەتکردنە بە کۆمەڵگە و مرۆڤایەتی و ژینگەی وڵاتەکەمان، ئەویش لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی هۆشداری و ئەنجامدانی چالاکی مەیدانی.

 

ڕوبار ئەحمەد، ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێکخراوێک ناتوانێت پاراستن بۆ ناوچەکان دابین بکات، بەڵام حکومەت دەتوانێت، بەتایبەت بۆ ئەو درەختانەی تەمەنیان زۆرە یاخود دەگمەنن لێرە، ڕێگری لە فەوتان و زیانبەرکەوتنیان بکرێت، ئێمە وەک هاوڵاتیش پێویستە هەموومان هەست بەو بەرپرسیارێتیە بکەین، تەنها بەرپرسیارێتی سەر شانی حکومەت نیە، ژنان هەمیشە کارەکانیان بە خۆبەخشی دەکەن لە ژینگەدا، ئەو ژنانەی لە ماڵەوە چاودێری درەخت و گوڵ و سەوزایی چواردەوری خۆیان دەکەن، ئەمەش دووبارە کارێکی ژینگەدۆستی خۆبەخشیە، سود بە کۆمەڵگە دەگەیەنێت، ئەزموونی منیش لە ڕێکخراوی ژینگەدۆستی بۆ چەند ساڵی ڕابردوو دەگەڕێتەوە، کە بەردەوام و بەبێ پچڕان خەریکی چالاکی بووین، بەتایبەت بۆ خەڵکی کوردستان بۆ ئەوەی ئەوانەی ئاگاداری کێشە ژینگەییەکان نین، هۆشدارتر بن.

 

"هێشتا متمانەی تەواو بە پزیشک یاخود خۆبەخشە ژنەکان ناکرێت"

ژیلیا تەها، خۆبەخش لە نەخۆشخانەی هیوا وەک پزیشکێکی سەربەخۆ، دەڵێت: لە تەمەنێکی کەمدا و بە ئەزموونێکی کەمەوە دەستم پێکردووە، مرۆڤەکانم لە سەختترین کاتەکانیاندا بینیوە، هەمووان چاوەڕێی دەستی کەسێک بوون کە یارمەتیان بدەن کە بە خۆشحاڵیەوە نەخۆشخانەی هیوا شوێنێکە هانای بۆ بەرن، لە بچوکترین کارمەند تا گەورەترین زۆر بە دڵسۆزیەوە کارەکانیان ئەنجام دەدەن. کاتێک لە قوتابخانەی دواناوەندی بووم، خوێندکارەکان لە ڕێگای منداڵپارێزی کوردستانەوە کاری خۆبەخشیان دەکرد لە نەخۆشخانەی هیوا، وەک پشتیوانیەک بۆ گەورەساڵان و منداڵان بە تایبەتی. ئەو خۆبەخشانەش کە لە بەشە پزیشکیەکان نین، دەتوانن بە هاوکاری زیاتر کاری خۆبەخشی بکەن و زیاتر دڵی چارەخوازەکان خۆش بکەن، ژنیش پایەیەکی گەورەی کۆمەڵگەیە، ئەو سۆزە گەورەیەش کە لە ژناندا هەیە ویستی کاری خۆبەخشی لایان زیاتر دەکات.

 

ژیلیا تەها ئەوەشی خستەڕوو, جگە لە من چەندین ژنی دیکە هەیە لە کەرتە تەندروستیەکان کاری خۆبەخشی دەکەن و دڵسۆزانە خزمەت دەکەن، لە ڕووی ئاستەنگیشەوە هێشتا متمانەی تەواو بە پزیشک یاخود خۆبەخشە ژنەکان ناکرێت و کاتی دەوێت تا بۆ خەڵک دەسەلمێت کە ژنانیش لە کارەکەی خۆیاندا یاخود هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیدا دەتوانن کارامە و لێهاتوو بن، باوەڕیان نیە بە هێزی ئەو ژنانەی لە کەرتە تەندروستیەکان کار دەکەن، بۆیە گرنگە زیاتر هەوڵ و ماندووبوونی خۆبەخشان لەبەرچاو بگیرێت و دەستکەوتەکانیان کەم نەکرێتەوە. ئەوەش گرنگە بەردەوامی بدەین بە پەروەردەی ژنان، وەک وەفایەک بۆ خێزانەکەم و بۆ نیشتیمانەکەم، بڕیارمدا دوای تەواوبوونی زانکۆ، چاوەڕێی دامەزراندن نەبم و لە ساڵی ٢٠٢٠ دەست بکەم بە کاری خۆبەخشی، بۆ کەمکردنەوەی ئەرکی سەرشانی خێزانەکەشم، ئێواران لە کۆمپانیایەک کارم دەکرد و بەیانیان لە نەخۆشخانەی هیوا کاری خۆبەخشیم دەکرد.