بەربەست و ئاستەنگەکانی بەردەم کەرتی پەروەردە لە کامپی تل ئەلسەمن

منداڵانی کامپی تل ئەلسەمن لە ڕەقە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە وەرزی زستاندا لەژێر بارودۆخێکی سەختتدا درێژە بە پڕۆسەی پەروەردە دەدەن.

یوسرا ئەحمەد

 

ڕەقە- کامپی تەل ئەلسەمن لە ساڵی ٢٠١٩ دامەزراوە بۆ نیشتەجێکردنی ئاوارەکانی گرێ سپی، ٣٠ کیلۆمەتر لە پارێزگای ڕەقەوە دوورەو نزیکەی ٦ هەزارو ٦٠٠ کەسی تێدا نیشتەجێیە کە دوای داگیرکاریی دەوڵەتی تورک بەزۆر لە شارەکەیان ئاوارە بوون.

 

بۆ بەرەنگاربوونەوەی بارودۆخی ئاوارەبوون کە بووە هۆی بێبەشکردنی منداڵان لە مافی خوێندن، بەڕێوەبەرایەتی کامپەکە چەندین خویندنگەی لە کامپەکەدا کردەوە بۆ نەهێشتنی نەزانین، مامۆستا خەدیجە ئەلجاسم وتی: ساڵەکە چەندین گۆڕانکاری بەخۆیەوە بینی و ناچاربووین خوێندنگەی سەرەتایی و ئامادەکاری لەناو کامپەکەدا بکەینەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زیادبوونی ژمارەی قوتابیان کە کاریگەری لەسەر پرۆسەی ڕێکخستن هەیە، جگە لە کێشەی کەشوهەوا، کە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر دەبێت، لە هاویندا پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی وەک کارەبا و ئاو و لە زستاندا بەهۆی سەرمایەکی زۆرەوە دەناڵێنن.

 

"پەروردە پیشکەش بە خوێندکاران و خێزانەکان کراوە"

ئاماژەی بەوەشکرد، بەڕێوەبەرایەتی کامپەکە چەندین ئامۆژگاری و وانەی هۆشیاری و ڕێنمایی پێشکەش کردووە بۆ پەروەردەکردنی خوێندکاران لە ڕووی تەندروستییەوە بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی جەستەیییان و پەروەردەکردنی دایک و باوکان دەربارەی ئەو بەرپرسیارێتییەی کە پێیان سپێردراوە بەرامبەر منداڵەکانیان و هەڵسوکەوتە ئەخلاقی و پەروەردەییەکانیان بۆ بەخێوکردنی خێزانێکی تەندروست.

 

"بارودۆخی کەشوهەوا ئازاری منداڵانی زیاد کردووە"

مامۆستا هەنا ئیسماعیل ئەقڕەب وتی: بارودۆخی کەشوهەوا ئازاری منداڵانی لەو چادرانەدا زیاد کردووە کە لە جلوبەرگی تەنک دروستکراون و لە سەرمای زستان و گەرمای هاوین ناپارێزێت، لەگەڵ هاتنی زستان و کەشوهەوای سەخت، منداڵان لە دۆخێکی مەترسیداردا دەژین، لە حاڵەتی باران باریندا دەبێتە هۆی لافاو و ڕژانی ئاو بۆ ناو چادرەکە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ئاگرەی ساڵی ڕابردوو کەوتەوە، بووە هۆی گیان لەدەستدانی خوێندکارێکی تەمەن ٨ ساڵان و برینداربوونی چوار کەسی دیکە، کاریگەری لەسەر باری دەروونی منداڵان کردووە، چونکە بووەتە هۆی ترس بۆیان، ئەم ڕووداوە هێشتا لە مێشکیاندا ماوەتەوەو دەترسن بچنە خوێندنگە.

 

وانەی کولتوورو ڕەوشت زیادکرا

سەبارەت بە گرنگی زیادکردنی کولتوور و ڕەوشت بۆ بەرنامەی خوێندنگەکان، مامۆستا هەنا ئیسماعیل ئەقرەب وتی: ئەو شەڕ و تۆپباران و وێرانکارییانەی کە کاریگەرییان لەسەر شاری گرێ سپی هەبوو لە ماوەی داگیرکاریی ل تورکیا و بەکرێگیراوەکانی، کاریگەرییەکی دەروونی گەورەی لەسەر منداڵان و هەڵسوکەوتەکانیان بەجێهێشت، کە لەگەڵ ئەواندا دۆخێکی دوژمنکاری و لەدەستدان و نەزانی و نەبوونی تێگەیشتنیان دروستکرد، بۆ نەهێشتنی ئەم دیاردانە، پێویستە کولتوور و ڕەوشت بە بەرنامەی خوێندنگە بناسێنین بۆ ئەوەی بەها ڕەوشتی و پرەنسیپەکان بە منداڵان بوترێت، هەروەها چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە ڕووبەڕووی دەبنەوە لەناو خێزانەکانیان و هاوڕێکانیان بە شێوەیەکی دروست و شوێنێکی پارێزراویان بۆ دابین بکرێت.

 

وتیشی: سەرەڕای ئازار و بارودۆخی سەختی ئاوارەبوون، ژمارەیەک لە خوێندکاران بەهۆی هەوڵەکانیانەوە لە خوێندنەکانیاندا سەرکەوتوو بوون، کە باشترین بەڵگەیە بۆ سووربوون و بەرخۆدانیان بە هیوای گەڕانەوەیان بۆ ماڵەکانیان، چونکە بەهرەیەکی زۆر هەیە لەنێو منداڵاندا وەک گۆرانی وتن و وێنەکێشان و لە بەرامبەریشدا هەوڵدەدەین لەڕێگەی ئەو چالاکییانەی لە کامپەکەدا بەڕێوەدەچن گەشەیان پێبدەین بۆ ئەوەی پشتگیرییان بکەین و هانیان بدەین.

 

ئەڤین خەلیل، خوێندکارێکی تەمەن ١٥ ساڵ وتی: ئازارەکانمان لەگەڵ هاتنی زستاندا زیاد دەکات لەو چادرانەی تێیدا دەژین، لە ڕۆژانی باران باریندا ناچینە خوێندنگە لەبەر ئەوەی کارەبا نییە، بۆیە دەرگای چادرەکان دەکرێنەوە بۆ ڕووناککردنەوەو ساردە دەبێتە هۆی نەخۆشی درێژخایەن.

 

لە کۆتاییدا هیوای خواست گرێ سپی ئازاد بکرێت و سەلامەتی و سەقامگیری بگەڕێتەوەو وتی: هیوادارم بگەڕێمەوە بۆ ماڵەکەمان و خوێندنگەکەم کە ئاسایش و پاراستن و پەروەردەی پێداوین.