شەهبا، بارودۆخی نەخۆشەکان خراپتر دەبێت و داوای کۆتایی هێنان بە گەمارۆکان دەکرێت

ئازارەکانی ئاوارەکانی عەفرین و خەڵکی ناوچەی شەهبا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خراپتر دەبێت بەهۆی ئەو گەمارۆ خنکێنەرانەی لەلایەن حکومەتی شامەوە سەپێندراون، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بێدەنگە.

ڕوبارین بەکر

 

شەهبا- بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێکە شەهبا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کە ماڵی دەیان هەزار ئاوارەی عەفرینە، لەژێر گەمارۆیەکی خنکێنەردایە کە بووەتە هۆی لەدەستدانی هەموو پێداویستییەکانی ژیان.

 

خاڵی پشکنینی بەشی چوارەمی حکومەتی شام کە گەمارۆیەکی سەپاند بەسەر شەهباداو لە سەرەتای زستانەوە توندتر کرایەوە، ڕێگری لە چوونە ناو سووتەمەنی و گاز و خۆراک دەکات بۆ ناوچەکە، بەتایبەتی ئەو دەرمانانەی کە نەخۆشە درێژخایەنەکان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان پێویستیان پێیەتی و ناچارن دەرمان بە شێوەیەکی بەردەوام وەربگرن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ کارەساتی مرۆیی.

 

"هیچ یاسایەک نییە ڕێگە بە پێشێلکردنی مافی نەخۆشەکان بدات"

فەزیلە عەلی، ژنێکی ئاوارەی پارێزگای عەفرین کە نەخۆشی هەیە، وتی: گەمارۆدانی حکومەتی شام ئازارەکانمانی ئاڵۆزتر کرد، لەبەر ئەوەی من نەخۆشی ڕەبۆم هەیە، پێویستە هەناسەدانی دەستکرد بەکاربهێنم، بەهۆی ئەم گەمارۆیەوە ناتوانم بەکاریبهێنم  بەهۆی نەبوونی کارەبا لە نەخۆشخانەکەدا، هیچ یاسایەک نییە کە ڕێگە بە پێشێلکردنی مافەکانی نەخۆشەکان بدات و مافی وەرگرتنی چارەسەریان لێ بێبەش بکات، خاکەکەمان بەجێهێشت چونکە ڕەتمان کردەوە لەژێر کۆنترۆڵی داگیرکەری تورکیادا بژین، ئێستاش حکومەتی شام شەڕمان لەگەڵ دەکات.

 

"بەردەوام دەبین لە بەرخۆدان"

فەزیلە وتیشی: بەهۆی ئەم هەڵامەت و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەوە، هیچ کەسێک بەرگەی ئەو بارودۆخە خراپانە ناگرێت کە ئێمە ئەزموونی دەکەین، لە کاتێکدا زۆربەی پێداویستییەکانی ژیان کەمن، هەموو ئەمانە لەبەر ئەوەی ڕێگای بەرخۆدانمان هەڵبژاردووە و بەردەوام دەبین لەسەر ئەم ڕێگایە هەتا دەگەینە ئامانجەکەمان، کە بریتییە لە شکستپێهێنانی پلانەکانی ئەو وڵاتانەی دەیانەوێت لەناومان ببەن، جگە لە لابردنی داگیرکاری تورکیا لە خاکەکانمان بۆ ئەوەی بتوانین بە سەلامەتی بگەڕێینەوە سەر خاکەکەمان.

 

"پێویستە کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی بێدەنگی بشکێنێت"

لە لایەکی دیکەوە، شێرین محەمەد کە نەشتەرگەری بۆ کراوە، وتی: بەهۆی گەمارۆوە باری تەندروستییەکەم خراپتر بووە بەهۆی سەرما و نەبوونی دەرمان، دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەریی، ڕێگاکانی بەستنەوەی شەهبا و شارەکانی دیکە داخران و گەمارۆکە بەسەرماندا سەپێندرا، ئازارەکانم زیادی کرد، چونکە لە چادرەکاندا دەژین و کەش و هەوا زۆر ساردە و هیچ سووتەمەنییەک نییە بۆ گەرمکردنەوە، خەڵکێکی زۆر هەن کە نەخۆشییان هەیە، بەتایبەتی منداڵان و بەتەمەنەکان، بۆیە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێدەنگی خۆی لەبارەی سیاسەتی برسێتییەوە بشکێنێت و حکومەتی شام بەرپرسیار بکات.

 

فاتمە عەبدۆ، دایکی محەمەدی تەمەن ١٢ ساڵ کە خاوەن پیداویستی تایبەتە وتی: لەوەتەی لەدایک بووە کوڕەکەم کەمئەندام بووە و بە دەرمان دەژی، هەروەها لەبەر ئەوەی حکومەتی شام گەمارۆی سەپاندووە، ئازارەکانمان زیادی کردووە، چیتر ناتوانین دەرمان بکڕین، دۆخی تەندروستی کوڕەکەم خراپتر دەبێت، چونکە دەبێت لە زستان و هاویندا لە شوێنێکی گەرمدا بێت، لە چادردا دەژین، ئەو لە گەرمای هاوین یان ساردی زستان ناپارێزێت.

 

لە کۆتاییدا فاتیمە عەبدۆ ئاماژەی بەوەکرد، حکومەتی شام بەرپرسیارە لە خراپی بارودۆخی نەخۆشەکان و خراپبوونی بارودۆخی شەهبا، کە ئاماژەیە بۆ بارودۆخێکی مرۆیی کارەساتبار، داوا لە بەرپرسانی پەیوەندیدار دەکات ڕێگاکان بکەنەوە و ڕێگە بە تێپەڕبوونی پێداویستی پزیشکی و کەلوپەلی پێویست بدەن.