نیان مەحمود: میدیاکان لە ڕەوتی بەرپرسیارێتیان بەرامبەر گەل لایانداوە

هێرش و داگیرکارییەکان لەسەر کوردستان نەبووەتە تەوەری سەرەکی میدیاکان ، ڕاگەیاندننکارێکیش دەڵێت: باسی کێشەکانی گەلی کورد و چارەسەرییەکانیان پێویستە باسی یەکەمی میدیا کوردییەکان بێت

شنیار بایز

 

سلێمانی- لە باشووری کوردستان سەرەڕای بوونی هەموو کێشە ئابوورییەکان بەڵام تا دێت میدیاکان لە باشووری کوردستان ڕێژەیان زیاد دەبێت، میدیاکان بەشێکیان فەرمین و بەشێکی دیکەیان سێبەری حزبەکانن، کە نابەرپرسیارانە پرسەکان دەهێننە بەر باس و کار لە هەست و سۆزی خەڵک دەکەن، بەڵام لە پرسە نەتەوایەتییەکان و تایبەت بە سیاسەت و داگیرکاریدا، یان بێدەنگن، یان نابوونەتە دەنگی گەلەکەیان.

 

"هیچ یاسایەکی میدیایی نییە کاری پێبکرێت"

نیان مەحمود، ڕاگەیەندنکار، دەربارەی کاری میدیاکان و ڕاگەیاندنکاران باسی لەوەکرد، لە باشووری کوردستان هیچ یاسا، پرنسیپ و دەستورێکی میدیایی نییە کاری پێبکرێت، خاڵی هاوبەش و یەک پرنسیپ لە نێوان میدیاکاندا نییە بۆ ئەوەی کاری پێبکەن، هەر شتێکیش یاخود یاسایەک لە پەرلەمانەوە دەرچووبێت کاری پێناکرێت، کاری میدیاکاران و میدیاکان ئەم ڕاستییە دەسەلمێنێت، وەک کاتێک پرنسیپی کارکردن نەبێت، میدیاکاران بە پێی ویستی کەسی خۆیان کار دەکەن.

 

ڕوونیکردەوە کە میدیاکار پێویستە بارودۆخی نەتەوەکەی و گەلەکەی لە هەموو کاتێکدا بۆ گرنگ بێت، وتییشی: لە ڕۆژئاوای کوردستان شەڕ و کێشەی گەورە هەن کە کوردی تێدایە، بەڵام میدیا بەرپرسیارەکان لەسەر هەستی ئاینی و باوەڕی کار دەکەن و باس لە غەززە دەکەن، بۆیە بوونەتە هۆکار بۆ ئەوەی فەرهەنگی میدیای کوردی بە هەموو پرنسیپەکانیەوە لەناو بچێت، بۆیە ئەگەر میدیا بەرپرسەکان بەو شێوازە کار بکەن، دەبێت کار لەسەر میدیاکار بکرێت و هەمان ڕێچكە لە کارەکیدا نەگرێت.

 

"خەڵکی بێدەنگە بۆیە دەسەڵات بە هەموو شێوەیەک هەوڵی سەرقاڵکردنی دەدات"

ئەو ڕاگەیاندنکارە ئاماژەی بەوەدا، لە کوردستان میدیای سەربەخۆ نین، میدیاکاران بەردەوامن لەو کارەی هەستی خەڵک دەجوڵێنن، دەچنە سەر سەقامەکان و قسە لە خەڵکی وەردەگرن دەربارەی ئەوەی تا چەند حکومەت کاریان بۆ دەکات، لە کاتێکدا دەزانن کە حکومەت نایکات، تەنها ئەو کارانە دەکەن بۆ ئەوەی سۆزی خەڵک بجوڵێنن و باس لە بژێوی خەڵک دەکەن، وتیشی: میدیای سەربەخۆ نین، ئەگەر هەشبن وەک ئۆپۆزسیۆن کار دەکەن، گەل پێویستی بەو میدیایەیە کە ڕاستییەکان دەرخات نەک تەنها کار لەسەر جوڵاندنی سۆزی خەڵک بکات.

 

نیان مەحمود ڕوونیکردەوە، لە بنەڕەتدا پێویستە ئەو مانشێت و تایتڵانەی کە بە کەڵکی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی نایەت، بڵاونەکرێتەوە و باس نەکرێت، دەڵێت: ئەم بارودۆخەی کۆمەڵگەی کوردی تێی کەوتووە، هۆکاری بێ ئاگایی کۆمەڵێک کەسە کە خۆیان بە دەسەڵاتدار دەزانن، نیشانەی بێ دەسەڵاتییە، هەرچەندە حکومەت دەیەوێت بە میدیاکان خەڵکی سەرقاڵ بکات، دوو ئەوەندە خەڵکی خۆی بێ ئاگایە، بۆیە بێ موچەیی و ئەو دۆخە خراپە قبوڵ دەکات.

 

"خەڵک هۆشیاری نییە کە دوای بابەتی بێ سوود نەکەوێت"

نیان مەحمود ئاماژەی بەوەدا، میدیای بندیوار زەرەر و زیانیان زۆرترە لەو میدیایانەی لە بێ ئاگایدا کار دەکەن، بابەتی ناپێویست هەن کە گرنگ نین بۆ کۆمەڵگە، بەڵام بڵاو دەکرێنەوە، دەبێت میدیاکان تەماشای ڕێژەی تەمەنی کۆمەڵگە بکەن، هەروەها هەر چوار پارچەی کوردستان لە کێشە و گرفتی زۆردایە، بەڵام میدیاکانی باشوور بە جۆرێک کار دەکەن، نا بەرپرسیارێتی بە کارەکانیانەوە دیارە، لە کاتێکدا هەموو کورد چاوی لەو بەشە ئازادەی کوردستانە، بەڵام میدیا یەکەمەکانی سلێمانی و هەولێر ڕۆژانە مانشێتی هەواڵەکانیان باس لە شەڕی ئیسڕائیل و فەلەستین دەکات، لە کاتێکدا لە ڕۆژئاوای کوردستان کارەساتی گەورەتر دەخوڵقێت.

 

لە درێژەی قسەکانیدا، نیان مەحمود ئاماژەی بەوەکرد، میدیاکان هێندەی سەرقاڵن بە وڵاتانی دیکە و هێنانی کولتووری وڵاتان بۆ باشووری کوردستان لە خەمی کولتووری خۆیاندا نین هەر بۆیە، فەرهەنگ و کولتووری خۆیان لەدەست داوە، ئەو ڕاگەیاندنکارە بە پێویستی دەزانێت. بەرنامە و کاری تایبەت بکرێت لە پێناو ون نەبوونی ئەو کولتوورە، بۆ ئەوەش پێویستە میدیاکاری بە ئاگا تۆڕێک دروست بکەن و باس لە هەموو ئەو سەروەریانە بکەن، کە میدیاکارێک چۆن دەتوانێت بیپارێزێت.

 

"ئەوەی لە غەززە ڕوودەدات لە مێژەوە لە چوار پارچەی کوردستان ڕوودەدات"

ئەو ڕۆژنامەنووسە باسی لەوەکرد، نەک تەنها بەرپرسیارێتی حزبەکانە کە لە خەمی گەلدا بن، بەڵکو بەرپرسیارێتی میدیاکان و وەزارەتی ڕۆشنبیری و وەزارەتی پەروەردەیە، چونکە ئەو بڵاوکراوانە کاریگەری دەبێت لەسەر نەوەی داهاتوو و کۆمەڵگەی ئێستا، بەڵام کێشەکە ئەوەیە هیچ لایەن و شوێنێک نابینرێت کە بەرپرسیارانە مامەڵە بکات، وتیشی: باسی کێشەکانی گەلی کورد و چارەسەرییەکانیان پێویستە باسی یەکەمی میدیا کوردییەکان بێت، نەک باسی ئیسرائیل و فەلەستین، چونکە ئەوەی لە غەززە دەگوزەرێت ڕۆژانە لە پارچە جیاوازەکانی کوردستان دەگوزەرێت.

 

هەر بۆیە بە پێویستی دەزانێت، کورد دەبێت هەڵوێستی هەبێ بەرامبەر بەو شتانەی کە بەرامبەری دەکرێت، هەڵوێستی هەبێت بەرامبەر بە دوژمنان، دەشڵێت: ئەگەر حزبەکان و دەسەڵاتداران نەتوانن میدیایەکی تەندروست دروست بکەن، ئەوا پێویستە کۆمەڵێک میدیاکاری بە ئەزموون کۆببنەوە و تۆڕێک دروست بکەن، تایبەت بە کاری میدیایی بەتایبەت بۆ ئەم بارودۆخە کە پێویستە میدیاکار چۆن کار بکات".

 

لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەدا، وەک ڕاگەیاندنکارێک ئاواتی ئەوەیە هەر میدیایەک، بینراو بێت یاخود بیستراو، کە دادەمەزرێت کاری ڕاستەقینەی میدیا بکات، ببێتە هۆکارێک بۆ چارەسەرکردنی ڕەوتی ئێستای میدیا کە تێی کەوتووە، خودی میدیاکاران خۆیان بە بەرپرسیار ببینن لە ئاست ئەو دۆخەی کە میدیا تێی کەتووە و هەوڵی بەرەوپێشچوونی بدەن.