دەیان ئارایشتگا بە فەرمانی تاڵیبان سەرچاوەی داهاتیان لەدەستداوە

بە گوتەی ش.س، زۆرینەی ئارایشتگاکان هەوڵ دەدەن شوێنێک بدۆزنەوە کە لە چاوی تاڵیبان دوور بێت، تا لە کارەکانیان بەردەوام بن.

بەهاران لاهیب

 

کابول- ٢ی تەمموز، وەزارەتی فەرمان بە چاکە و قەدەغەکردنی خراپەی تاڵیبان نامەیەکی لە میدیاکانی ئەفغانستان بڵاوکردەوە، کە واژۆی هەیبەتوڵا ئاخوندزادە، ڕێبەری توندڕەوی تاڵیبانی لەسەرە و بۆ هەموو ئارایشتگاکانی ژنان نێردراوە، تیایدا وادەی دیاری کردووە بۆ کۆتایی هێنان بە کارەکانیان و هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم مۆڵەت و گرێبەستی ئارایشتگای ژنان، ئەمەش باری ئابووری ئەو ژنانە خراپتر دەکات کە لە ئارایشتگاکاندا کار دەکەن.

 

ش.س. خاوەنی یەکێک لە ئارایشتگاکانی کابولە و ساڵێک لەمەوبەر باوکی لەدەستدا کە تاکە دابینکەری بژێوی خێزانەکەی بوو، دوای باوکی ش.س. بەرپرسیاری بەخێوکردنی خوشک و براکانییەتی و بە داهاتە کەمەکانی ئارایشتگاکەی پێداویستیەکانیان بۆ دابین دەکات.

 

ش.س دەڵێت: باوەڕم نەدەکرد تاڵیبان ڕێگەمان پێنەدات کار بکەین تا ژنانی وەزارەتی وەزارەتی فەرمان بە چاکە و قەدەغەکردنی خراپەی تاڵیبان هاتنە ئارایشتگاکەم و ڕایانگەیاند کە دەبێت هەموو کەلوپەلەکانی ئارایشتگاکە کۆبکەمەوە، چونکە ماکیاژ لە ئیسلامدا قەدەغەیە و دوا مۆڵەتیان بۆ دیاری کردین کە کۆتایی مانگی تەمموزە.

 

ئەمە لە کاتێکدایە وەک ش.س. دەیان ژن هەن کە بە داهاتی ئارایشتگاکان دەژین و بەم بڕیارەی تاڵیبانیش سەرچاوەی داهاتیان لەدەستداوە.

 

لەم ئارایشتگایەدا ش.س. چەندین فێرخوازی لەلا بوو، چونکە لەلایەن تاڵیبانەوە ڕێگەیان پێنەدەدرا لە فەرمانگە کار بکەن، بۆیە بەگوێرەی قسەی ژنان فێربوونی کارێک و هەڵهاتن لە چوار دیواری ماڵ هاتنە ئارایشتگاکە، بەڵام تاڵیبان ئەم بوارەی کاری ژنانیشی قەدەغە کرد و تەنانەت ڕێگەی بە ژنان نادات هەناسە بدەن.

 

ش.س. لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: بە بیستنی ئەم هەواڵە تووشی شۆک بووم، بەڵام زۆرینەی ئارایشتگاکان هەوڵدەدەن شوێنێک بدۆزنەوە کە لە چاوی تاڵیبان دووربێت، تا بەردەوام بن لە کارەکانیان.