تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەرگایەکی تر بۆ توندوتیژی دژی ژنان

چیرۆکەکانی خۆکوشتن و دەستدرێژی کردن بەهۆی خراپ بەکارهێنانی تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە زیادی کردووە و تاوانباران لە ڕێگەی یاساوە بە سزای خۆیان ناگەن.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە زۆرجار بۆ کاری باشە و سوود وەرگرتن بەکاردەهێنرێت، بەڵام لەو کۆمەڵگەیانەی کە پێشکەوتن تیایدا کەمە، تۆڕی کۆمەڵایەتی بەلایەنی نەرێنی بەکاردەهێنرێت، بەهۆی نەبوونی هیچ چاودێریەکی خێزانی و دەزگای پەیوەندیدار، ئەمەش زۆرجار کێشە و ڕووداوی نەخوازراوی لێ دەکەویتەوە و دەبێتە هۆی نەمانی پەیوەندی لە نێوان خێزانەکاندا.

 

ئەنجامدانی کاری خراپە بە تۆڕی کۆمەڵایەتی و سزایەکی سوک یاخود سزا نەدانی تاوانباران، ترس و دڵەڕاوکێی زۆری لەناو خەڵکدا دروستکردووە و وا لە تاوانباران دەکات، نەترسن لەو سزایانای کە دانراوە،

 

بەپێی ئەو هەواڵانەی بڵاودەکرێنەوە، ژنانی گەنج قوربانی یەکەمی خراپ بەکارهێنانی تۆڕی کۆمەڵایەتین، ئەقڵیەتی پیاوسالاری و بەرژەوەندخواز، بە تەڵەکەکانی هەمیشە داو بۆ ژنان دەنێنەوە، تا بتوانن ئەوەی بە دڵی پیاوانە بەدەستی بهێنن، نەبوونی هۆشیاریش لەناو کۆمەڵگەدا ئەم دۆخەی قوڵتر کردووەتەوە.

 

-١٣ی نیسان، ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بڵاویكردەوە، دوای ئەوەی ژنێکی گەنج سكاڵای تۆمار كرد، كە لەلایەن كوڕێكەوە هەڕەشەی لێدەكرێت، هێزەكانی پۆلیسی سلێمانی لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانی دەستپێكرد، دوای لێکۆڵینەوە پۆلیسی هەواری شار تۆمەتبارەکەی، كە لەدایكبووی ساڵی ١٩٩٨، دەستگیر کرد.

 

-لە ڕووداوێکی دیکەدا، میهران عەبدولکەریمی ١٧ ساڵ، کە دانیشتووی شارەدێی ڕزگاری سەر بە شارۆچکەی خەباتی سەر بە پارێزگای هەولێر بوو، بەر لە ١٠ رۆژ دوای ئەوەی لەلایەن کوڕێکەوە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەکانی لێکرا، خۆی سوتاند و دوای مانەوەی ١٠ رۆژ لە نەخۆشخانە ١٤ی نیسان گیانی لەدەستدا، میهران قوربانییەکی دیکەی خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە، ئەگەرچی لە ١٥ی نیساندا ئاسایشی قەزای خەبات ڕایگەیاندووە، ئەو کەسەمان دەستگیر کردووە بە هۆی هەڕەشەکانیەوە میهران خۆی سوتاندووە"، بەڵام تا چەند کەیسەکانی ژنان دەگەنە ئەنجام و تاوانباران بە سزای خۆیان دەگەن، بووەتە جێگەی پرسیاری، پارێزەر، چالاکوانان و کۆمەڵگە.

 

زۆر جار کەسی نزیکی خێزانەکان تاوانەکە ئەنجام دەدەن

فریشتە خەلیل، پارێزەرە و بۆ ئاژانسی نوژنها، چیرۆکی ئەو ژنە گەنجانە دەگێڕێتەوە کە بە هۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ڕووبەڕووی هەڕەشە و ترساندن بوونەتەوە، یەکێک لە چیرۆکەکان کچێکی ١٢ ساڵە و بەم شێوەیە دەیگێڕێتەوە؛

 

"ڕۆژێکیان لە ڕێگای چوونە سەر کارم تەلەفونێکم بۆهات لەلایەن دایکێکەوە و داوای یارمەتی کرد کە کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکەم، کە کچە منداڵەکەیان لە ڕێگەی سناپ چاتەوە هەڕەشەی لێدەکرێت، دوای ئەوەی پێم وتن سەردانم بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەیان، دایک وباوکی و کچەکە هاتن بۆ لام و کچەکە چیرۆکی خۆی گێڕایەوە.

 

کچەکە بە مۆبایلی دایکی وێنە و ڤیدیۆی گرتووە، دوای ماوەیەک سناپەکەی لەلایەن کەسێکەوە هاک کراوە و ئەو کەسەش وێنەکانی بردووە، وەکو چەکێک بەکاریهێناوە بۆ ئەوەی هەڕەشە لە کچەکە بکات و داوای پارە و کاری نەشیاوی لێبکات، کەسی تاوانبار بە کچەکەی وتووە، ئەگەر بڕێک پارەم بۆ نەهێنیت ڕەسم و ڤیدیۆکانی بڵاودەکاتەوە.

 

سەرەتا کە تاوانبار داوای بڕە پارەکەی کردووە، کچەکەش لەبەر ترسی ماڵەوە و ترسی کۆمەڵگە هەستاوە بڕە پارەیەکی بۆ ئەم کەسە ناردووە، بەبێ ئەوەی دایک و باوکی ئاگادار بن، بۆ ئەوەی کەسی تاوانبار بێدەنگ بکات، بەڵام کچەکە نەیزانیبوو کە بردنی بڕە پارەکە کێشەی تر بە دوای خۆیدا دەهێنێت.

 

سزاکان جێگەی خۆیان ناگرنەوە

دواتر کە کەسی تاوانبار بڕە پارەکەی بەدەست گەیشتوە، داوای کاری سێکسی لە کچەکە کردووە، بەهۆی ئەوەی کە ئەم داوایەی لێ کراوە، کچەکە ترسێکی زۆری لەلا دروست دەبێت، بۆیە بڕیار دەدات ئەم کێشەیە بۆ دایک و باوکی باس بکات، ئەوانیش هەڵدەستن بە تۆمارکردنی سکاڵا دژی ئەم تاوانبارە.

 

دوای ئەوەی خێزانی کچە گەنجەکە سکاڵایان تۆمار کرد، دەرکەوت کە تاوانبار کەسی نزیک و متمانەپێکراوی خێزانەکەیە، بەڵام بەهۆی ئەو سیقە و متمانەیەی کە هەبووە لە نێوان هەردوولادا، گومانی لێ نەکراوە، دواتر لە دادگادا تاوانبار بە سزای خۆی گەشت و بە بڕێک پارە سزا درا، پارێزەر فریشتە باسی لەوەکرد، هەرچەندە خێزانی کچە گەنجەکە بە سزاکە ڕازی نەبوون، چونکە سزایەکی کەمە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە سزاکان جێگەی خۆیان ناگرنەوە.