تانە و تەشەری کۆمەڵگە ژنانی لە کارە جیاوازەکان دوورخستووەتەوە

ئەقڵیەتی پیاوسالاری و کۆنەپەرستی، تانە و تەشەر لە کۆمەڵگەی کوردیدا وایکردووە کارەکان جیا بکرێنەوە بۆ ژنان و نەتوانن هەندێک کار بکەن ئەگەر حەزیشیان لێبێت.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- ژنان بەشێکی سەرەکین لە کۆمەڵگەدا، بۆیە مافی بەشداریکردنیان لە هەموو کایەکانی ژیاندا هەیە، بەڵام لە هەندێک کۆمەڵگەدا ڕێگریەکی زۆر دەکرێت لە ژنان بۆ کارکردن لە دەرەوە و پێیانوایە، ژنان دەبێت هەر لە ماڵەوە بن و ئەرکەکانی ماڵ و خێزان بەجێ بگەیەنن، ژنانی کۆمەڵگەی کوردیش بێ بەش نەبوون لەو ڕێگریکردنە لەلایەن خێزانەکان و چوار دەورەوە.

 

ڕەخنە گرتن و تانە و تەشەر لێدان بەشیکی ترە لە ڕێگریەکانی ژنان بۆ کارکردن، بەشێک لە ژنان بەهۆی تانە و تەشەرەوە دەست نابەن بۆ ئەو کارانەی دەیانەوێت و لە دەرەوە دەکرێت، چونکە ئەقڵیەتی کۆمەڵگەی پیاوسالار بڕێکی زۆر لە کارەکانی دەرەوە بە کاری پیاوان دادەنێت و بۆ ژن بە عەیبەی دادەنێت، هەروەها ڕێگری خێزانەکان و دابونەریت وایکردوە بەشێک لە ژنان گرێدراوبن بە ماڵەوە و ئەو حەزەشی هەیانە بۆ کارکردن لە دڵی خۆاندا بیهێڵنەوە و هەوڵی بۆ نەدەن.

 

زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و تایبەتکردنی کۆمەڵێک کار بە پیاوان و دیاریکردنی کارەکان بۆ ژنان لە کاتێکدا، ژنێک کارێک هەڵدەبژێرێت بەپێی ویستی خۆی، پێیدەوترێت ئەم کارە هی پیاوانە بۆ تۆ نابێت، ئەمەش ڕێگەیەکی ترە بۆئەوەی ژنان بەرەو چەوساندنەوەی دەروونی ببات.

 

سەرەڕای هەبوونی ئەو ڕێگریانەش، ژنان لە هەر بوارێکدا کار بکەن سەرکەوتووانە ڕۆڵیان گێڕاوە، ژنانی شاری سلێمانی باس لەوە دەکەن، کۆمەڵگە جیاکاری لەنێوان ژن و پیاودا دەکات و ئەمەش لە هەڵبژاردنی کاردا ڕەنگی داوەتەوە.

 

"ئەندازیاری کارێکی پەسەند نەکراوە بۆ ژنان لەلایەن کۆمەڵگەوە"

کەوسەر ئەحمەد، خوێندکارێکە و باسی لەوەکرد، کاتێک بەشی خوێندنی پەروەردەی لە زانکۆ هەڵبژارد لەلایەن خێزانەکەیەوە پشتگیری کراوە، چونکە لەلایەن کۆمەڵگەەوە پەسەندکراو بوو، وتیشی: من دەبمە مامۆستا و ئەو کارەش بۆ ژنان کارێکی پەسەندکراوە لە کۆمەڵگەی کوردیدا، بەڵام هەندێک لە کارەکانی تر هەم کۆمەڵگە و خێزانیش پێیان خۆش نیە کچەکانیان هەڵیبژێرن، هەروەکو ئەندازیاری کە دەڵێن ئەوە ئیشی ژنان نیتە، ئەم دیاردەیەش لە کۆمەڵگەی کوردیدا بە ڕوونی دەبینرێت.

 

هەروەها وتیشی: من وەکو ژنێکی گەنج پێموایە هیچ جیاوازییەک نییە لە نێوان ژن و پیاودا بۆ کارکردن، دەبێت هەر لە بنەڕەتەوە ئەو بیرکردنەوە بگۆڕدرێت کە کارەکان بۆ ژنان جیا دەکاتەوە، بە دانانی ڕێکخراو و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری، چونکە هەندێک بیرکردنەوە پێویستی بە گۆڕان هەیە تا ئەو کۆت و بەندە لەسەر ژنان نەمێنێت.

 

" ژنان دەبێت پشت بە خۆیان ببەستن و گوێ بە ڕەخنەی کۆمەڵگە نەدەن"

فاتمە فاروق، خوێندکار ئاماژەی بەوەکرد، هەموو کەسێک لە ژیانیدا پێویستی بە کارکردن هەیە چی پیاو بێت یان ژن، وتیشی: لە کۆمەڵگەی کوردیدا هەر گەنجێک بە تایبەتی ژنان، کاتێک دەیانەوێت کارێک هەڵبژێرن و بیکەن ڕێگری زۆریان لێ دەکرێت و پێیان دەڵێن ئەو ئیشە بۆ ژن نابێت و مەیکە عەیبە، ئیشیان دیاریکردووە بۆ ژنان کە نابێت هەندێک کاری تر بکەن، بەڵام هەموو ژنێک پێویستی بە کارکردنە بۆ ئەوەی پشت بە خۆی ببەستێت لەو بوارەی کە خۆی پێی خۆشە و حەزی لێیەتی و تیایدا سەرکەوتووە.

 

فاتمە ئەوەشی خستەڕوو، ئەقڵیەتی کۆن و پیاوسالاری لە کۆمەڵگەی ئێمەدا هەر ماوە، کە دەڵێن ژن نابێت بڕواتە دەرەوە بۆ کارکردن و دەبێت هەر لە ماڵەوە بێت، ئەمەش وایکردووە ژنان نەچنە دەرەوە بۆ کارکردن و پێیان بوترێت کە سەرکەوتوو نابن لەو بوارەدا، هەر ئەمەش وا لە ژنان دەکات کاتێک حەزیان بە ئیشێکە لە کەسانی چواردەوری خۆیەوە پێی بوترێت کە سەرکەوتوو نابیت و ساردی بکەنەوە لە کارکردن.

 

وتیشی: هەر ئیشێک ژنان هەڵیدەبژێرن دەبێت بڕوا و متمانەی تەواویان بە خۆیان هەبێت کە تیایدا سەرکەوتوو دەبن، دەبێت کۆمەڵگە هۆشیار بکرێتەوە لەوەی نابێت بە گوێی ژناندا بچرپێنرێت کە هەندێک ئیش بۆ ئەوان نابێت.