باکگراوندی حزبی ڕێکخراوەکانی ژنان و ئیسلامی سیاسی کاری ڕێکخراوەکانی سست کردووە

لەناو کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاری و دژایەتیکردنی سیاسەتی حزبەکان، مافی ژنان و ئازادییەکانیان زەوت دەکرێت، هەربۆیە ژنان پشتیان بە هەوڵەکانی ڕێکخراوەکانی ژنان بەست بەڵام بەشێک لە ڕێکخراوەکانیش لەژێر هەژموونی حزبەکاندان.

شنیار بایز

 

سلێمانی- ژمارەی زۆری ڕێکخراوەکانی ژنان و سستی کارەکانیان بووەتە جێی باسی زۆرترین کەس، بەوەی ڕێکخراوەکانی ژنان بە درێژای مێژووی دامەزراندنیان چیان بۆ مافەکانی ژنان و کەمبوونەوەی توندوتیژییەکان کردووە؟، ڕۆڵیان چی بووە لە بەرەوپێشچوونی ئەقڵیەتی ئازادی و لەناوبردنی پیاوسالاری؟.

 

ئەم پرسە کۆمەڵگە بە جیاواز بیری لێدەکاتەوە و تێڕوانینی جیاوازیان هەیە، بەشێکیان پێیانوایە تەنها ژنان خۆیان دۆخی ژنانیان بەرەو خراپتر بردووە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەقڵیەتی پیاوساری و چەندین هۆکاریش لە دەرەوە و ناوەوەی ڕێکخراوەکانی ژنان هەن، وایکردووە کار و پەیامەکانیان نەگاتە شوێنێ خۆی و بە هەڵواسراوی بمێنێتەوە.

 

"لە بنەڕەتدا ڕێکخراوەکانی ژنان ئۆرگانی حزبین"

کەژاڵ نوری، نوسەر و چالاکوان، بۆ نوژنها باسی ڕێکخراوەکانی ژنان دەکات لەسەر "ئەو زەمینە کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئاینی و پەروەردەییەی ڕێکخراوەکانی تیادا دروست بووە". وە باس لە مێژووی ساڵانی دوای ساڵی ١٩٩١ دەکات، کە ڕژێمی بەعس و کولتوورەکەی لە باشوری کوردستاندا بەتەواوی بەرەو لەناوچوون چوو، وە جێگرەوەی ئەو رژێمە سیاسییە بەعسییە، حزبە چەکدارییە کوردییەکانی شاخ بوون، کە بە ئەقڵیەتی چەکداریی شاخەوە هاتنەوە ناو شارەکان.

 

کەژاڵ نوری باس لەوە دەکات کە لەو سەردەمەدا، زەمینەیەکی سیاسیی و کۆمەلایەتی و پەروەردەیی مەدەنی لەبار و گونجاو نەبوو بۆ دروستبوونی ڕێکخراوەکانی ژنان. بە شێوەیەکی شارستانیانە، بۆیە بە دەستپیشخەری پارتە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکانی ژنان دروستبوون و بوونە جێگرەوەی ڕێکخراوەی ژنانی سەردەمی بەعس و، ئیدی لەو کاتەدا ئەم رێکخراوە ئۆرگانیکە حزبیانەی ژنان، وا خۆیان بۆ کۆمەڵگە پێناسە کرد کە داکۆکی هەم لە جێندەریی و هەم مافە مەدەنی و نەتەوەییەکانی ژنان دەکەن، چونکە ژنان لە قەڵەمڕەوی توندوتیژییەکانی ناو حزبی بەعسدا، لەسەر نەتەوەکەمان، پشکیی شێریان بەرکەوتبوو. بەڵام لە راستییدا، حزبەکانی باشووری کوردستان لە میانەی هاتنە ناوەوەیان بۆ شار، کۆمەڵێک ئۆرگانی حزبیان دروستکرد، وەک ڕێکخراوەکانی ژنان، جوتیاران، کۆمەڵەی خوێندکاران و لاوان، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، کە بنچینەی دامەزراندنی ڕێکخراوەکانی ژنان حزبەکانن. واتە سەرجەمیان ئۆرگانی حزبین. لەم ساڵانەی دواییشدا، کە ڕێکخراوە مەدەنی و پیشەییەکان دامەزران، ئەوانیش بە هەمان شێوەی ڕێکخراوە کۆنەکان دەستییان بەکارکردن کرد، وە لە ئێستادا، بە هەمان زەمینەی کۆمەڵایەتی و ئەقڵی سیاسی کارەکانیان جێبەجێ دەکەن.

 

"ڕێکخراوەکانی ژنان زەمینەسازییان بۆ نەکراوە، بۆ ئەوەی کۆمەڵگە بەرەو کۆمەڵگەیەکی مەدەنی ببەن"

کەژاڵ نوری ئاماژەی بە ئەرک و ئامانج و مۆدێلی ڕێکخراوەیی پیشەیی و حزبی دەکات و، پێناسەیەک بۆ ئەو رێکخراوە ئۆرگانیانە دەکات کە حزب دروستییان کردووە و، وتی: پێویستە بەر لە هەموو شتێک بوترێت، سەرجەمی ئەو ڕێکخراوانەی کە حزب دروستییان ئەکات، کار بۆ ستراتیژی حزبەکە دەکەن، ئەگەر هەر حزبێک کە ئۆرگانەکانی سەربە خۆی دروست ئەکات، چەپ بێت یاخود ڕادیکاڵ، لیبڕاڵ بێت یاخود ئیسلامیی، ئەوا ڕێکخراوە ئۆرگانیەکانی ناویشی، بە هەمان ئاڕاستە کار دەکەن، کە حزب کاری لەسەردەکات. وە چی لە بەرژەوەندی حزبەکە، بێت، ئەوە جێبەجێ دەکەن. وە زەمینەسازی ناکەن بۆ ئەوەی کۆمەڵگە بەرەو کۆمەڵگەیەکی مەدەنی بەرن و پێشی بخەن، بەڵکو کار بۆ ئەوە ئەکەن، کە حزبەکەیان پێشخەن. نەک کۆمەڵگەکە. حزبێکی ئیسلامیی کە دادەمەزرێت، ژنان و ڕێکخراوەکانی ژنانیشی، کار بۆ بەرنامە و نەخشەو ئیستراتیژی سیاسیی ئەو حزبە دەکەن. بۆیە کاتێک ئاماژە بەکاری ڕێکخراوەکانی دەکەین، پێویستە باس لەو بارودۆخ و زەمینە بکرێت، کە ڕێکخراوەکەی تیا دروستبووە. بۆیە زۆر گرنگە بزانرێت لە چ کۆمەڵگەیەکدا باس لە کاری ڕێکخراوەکانی ژنان دەکرێت"

 

"ڕێکخراوێکانی ژنان سەربەخۆنین و بۆ بەرژەوەندی حزب کاردەکەن"

ئەو چالاکوانە وتیشی: تەواوی ڕێکخراوەکانی ژنان، خۆیان جیانەکردۆتەوە لەو ئەقڵیەتە سیاسیەی لە باشوور و کۆمەڵگەکەی باشووردا هەیە، لە هەمووان ئاشکرایە کۆمەڵگەی باشوور کۆمەڵگەیەکە ئیسلامی و حزبی سیاسیی ئاڕاستەی دەکەنن. ئەمانەش سەرجەمیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان کار دەکەن، بۆیە لە ئێستادا ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوی ژنانمان نییە کە سەربەخۆ بێت و، هەر بەڕاستی کار بۆ ژنان بکات. ژن دەرباز بکات لەو گێژاوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەی بوونی هەیە.

 

کەژاڵ نوری باسی لەوەکرد، لە لایەکەوە زهنیەت و ستراتیژی حزبە سیاسییەکان کۆمەڵگە ئاڕاستە دەکەن و، لەلایەکی دیکەشەوە عەقڵیەتی کۆمەڵگە بەهەمان شێوە، کاریگەری لەسەر حزبەکان دائەنێت و، حزبەکان ئاراستە ئەکات، کۆی ڕێکخراوەکانیش کاتێک لەم کۆمەڵگەیەوە سەرهەڵدەدەن، ئەوە تەواوی کارەکانیان ڕەنگدانەوەی ئەقڵی کۆمەڵەگەکەیە. لە کاتێکیشدا کە حزبە سیاسییەکان بە درێژای ٣٠ ساڵ و بە بێ بوونی پارادایم و ئەقڵیەتێکی پێشکەوتوو و مەدەنی هاتن و دەستیان کرد بە ئاراستەکردن و بەرێوەبردنی ئەم کۆمەڵگەیە، ئەوانیش نەیانتوانی کۆمەڵگەیەکی تەواو شارستانی لەم کۆمەڵگەیە بهێننە بەرهەم، چونکە خۆیان کۆمەڵێک چەکداری شەڕکەربوون و، هەڵگری فکری شارستانییەت و بنەماکانی شۆڕشگێڕیی نەبوون.

 

"بیری سەلەفیزم و داعش، کۆمەڵگەیان وێران کردووە"

بۆ دۆخی باشووری کوردستان کەژاڵ نوری ئاماژەی بەوەدا، حزبە سیاسییەکان بە شەڕی ناوخۆ دەستییان پێکرد و، دەستییان کرد بە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی پڕ لە حزب و رێکخراوەی چەپ و ئیسلامیی دژ بە یەک. کارکردنی هەموو ئەمانەش لە سەر کۆی کۆمەڵگە، دژ بەیەک بوو. کۆمەڵگەیەکی ئاڵۆز و تاکی ئاڵۆزی پەروەدەکراوی دژ بەیەکیان بەرهەم هێنا. ئەم حزب و رێکخراوە، پێچەوانە و دژ بەیەکترانە، هاتن پەروەردەکردنی تاکی کۆمەڵگەکەیان دوور لەسەر برەودان بە تواناکانی تاک، کۆمەڵگەکەیان ئاراستە کرد. هەروەها لە ڕووی ئابووریشەوە کۆمەڵگەیان داغان کرد، ئابلوقەیەکی گەورە کەوتە سەر ئابوری و داهاتی تاک. هەر ئەمەش وایکرد کە ڕیکخراوەکانی ژنان هەرچەندە ژمارەیان سێسەد رێکخراوەی ژنانە، بەم هەموو زۆر و بۆریەوە کارەکانیان هەم ئەنجامی نەبێت و هەم دژ بە یەکیش بێت. هەریەکەیان بۆ مەرامی خۆیان کاربکەن. لەهەمان کاتیشدا زەمینەی ئایینی و پەروەردەیی کۆمەڵگە وای کرد کامیان لە سروستی کۆمەڵگەکەوە نزیکتر بن، ئەوەیان زیاتر جێی خۆی بکاتەوە." هەموو ئەو ڕێکخراوانەی ژنان کە هەڵگری بیری چەپن و ئازادیخوازن، بە بەراورد بە ڕێکخراوە ئیسلامییەکانی ژنان کەموکوڕی ماددیی زۆرییان هەیە، ئەمەش کارەکانیانی لاوازکردووە و، توانای ماددی زۆر و زەوەندەی رێکخراوەو ئۆرگانە حزبیەکانی ژنان و ئیسلامیی سیاسیی و کارکردنیان لە جێگەی رێکخراوە مەدەنیەکان، زهنیەتی کۆمەڵگەی بەتەواوی بەرەو دواوە بردۆتەوە. لە بەرامبەریشدا میمبەری مزگەوتەکان، کە ئیسلامی سیاسی (سەلەفیزم و داعش فکر) بۆ مەرامی خۆیان بەکارییان دەهێنن و خۆراکیان پێدەدەن، ئاڕاستەی خەڵک بەرەو ئەقڵیەتی توندوتیژی دەکەن و کاریگەریان دروستکردووە. ئا لێرەدا، حزبە چەپەکان نەیانتوانیوە ببنە وەڵامدەرەوەیەکی ئەو ئاڕاستانە تا ڕێکخراوەکانی ژنانیش بتوانن باشتر کار بۆ ژنان بکەن و ئامانجەکانیان بپێکن"

 

"ستراتیژی ڕێکخراوەکانی ژنان بۆ پەروەردەکردنی کۆمەڵگە نییە"

لەگەڵ ئەوانەی باسکران، کەموکورتی زۆر لە ڕێکخراوەکانی ژنانیشدا هەن، کەژاڵ نوری دەڵێت: هەر کۆمەڵە ژنێک و یەکیان گرتووە و ڕێکخراوێکیان دروستکردووە. نە باری ماددیان ئەوەندە زۆرە بتوانن نەخشە و پلانەکانیان ببەنە سەر و جێبەجێی بکەن، نە هیچ جۆرە پلان و پارادایمێکی ئەوتۆیان هەیە بتوانن خەڵکی ئاڕاستە بکەن، تەنانەت ئێستا لە باشوور کۆمەڵگایەک دروستبووە کە بە توندی ڕەخنە لە وشەی جێندەریش دەگرن، لەکاتێکدا زانستی جێندەرناسی گرنگە لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا برەوی پێبدرێت. ئەمەیە وایکردووە ڕێکخراوەکان نەتوانن کۆمەڵگە بەرەوپێش ببەن، وە تا دێت توندوتیژییەکان زیاد دەبن. توندوتیژی مەرج نییە هەر ژن کوشتن بێت، بەڵکو توندتویژی فکرییش هەیە. ڕاستە ڕێکخراوی ژنان زۆرن و بێ پلانن، بەڵام دوو هێندەی ژمارەی ئەمان، ڕێکخراوی ئیسلامی سیاسی هەیە و دژی ئامانجەکانی ئەمان، کۆمەڵگە لەسەر توندوتیژی پەروەردە دەکەن.

 

"پێویستە ڕێکخراوەکان لەسەر بنەمای جۆرایەتی کار بکەن"

دەربارەی کارکردنی ڕێکخراوەکان، کەژاڵ نوری ئاماژەی بەوەدا، گرنگی سروشتی کاری ڕێکخراوەکان لە جۆرایەتیدایە نەک چەندایەتی، واتە چ جۆرە ڕێکخراوێک کار دەکات نەک چەند ڕێکخراو هەن و کار دەکەن، ڕاستە زهنیەتی کۆمەڵگە بڕیاردەدات لەوەی چ جۆرە ڕێکخراوێک دروستبکرێت، بەڵام ڕۆڵی ڕێکخراوەکانیش گرنگی خۆی هەیە، لە کۆمەڵگەی باشووردا، کە فکری توندڕەوی ئیسلامی تیایدا باڵادەستە، کاتێک ڕێکخراوێکی مەدەنی و ژنان کاری تێدا دەکەن، بە ڕاستەوخۆ دژایەتی دەکرێن، دژایەتییەکانیش تۆمەتبارکردنیانە بەوەی شیرازەی خێزان و کۆمەڵگە تێکدەدەن. بەوەی کە گوایە پەروەردەی کۆمەلایەتی دەشێوێنن، "کاتێک کە ئیسلامی سیاسیی هەڵگری فکری سەلەفیزم بێت و کۆمەڵگە ئاراستە بکات، ئەوە کۆمەڵگەش دەچێتە سەر ئەو ڕێڕەوەی دژایەتی ڕێکخراوە مەدەنی و ڕێکخراوەکانی ژنان بکات و باوەڕی بە ئازادی نەمێنێت. ئەمانە کۆمەڵگەیەکیان خوڵقاندووە کە پڕچەک کراوە بە شانەی نوستووی داعش".

 

لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: ڕێکخراوەکانی ژنان هیچ سەرەداوێکیان بەدەستەوە نەماوە کە بتوانن کۆمەڵگەی پێ ئاڕاستە بکەن، لە بەرامبەردا لە خودی زانکۆ و میمبەری مزگەوتەکانیشەوە بانگەواز بۆ دژایەتیکردنی ژنان دەکرێت و توندوتیژییەکانی سەریان فکری و فیزییکیەکانی سەریان زیاد دەکرێت، جگە لەوەش ڕێکخراوەکانی ژنان، کەمترین بودجەی مادی و، دامودەزگای ڕاگەیاندنیان لەبەردەستدایە.

 

"لەناو ڕێکخراوەکانی ژناندا ژنی توندڕەو بوونی هەیە"

کەژاڵ نوری ئاماژەی بە یەکێکیتر لە گەورەترین کێشەی ناو ڕێکخراوەکانی ژنان کرد، ئەویش بوونی ئەو ژنانەی بەڕاستی بۆ دۆزی ژن کار ناکەن، "ئەو ژنانە زۆر لەو کەسانە توندڕەوترن، کە لە دەرەوەی رێکخراوەکانەوە، دژایەتی ڕێکخراوەکان دەکەن. وەهەروەها بەشێکی دیکەیان وەک پیشە چوونەتە نێو ڕێکخراوەکانەوە، نەک بۆ مافی ژن بەڵکو بۆ پەیداکردنی ناوبانگ و پارە کار دەکەن".

 

باسی لەو پڕۆگرام و پەروەردەیە کرد لە ڕێی خوێندنەوە بە تاکی کۆمەڵگە دەوترێتەوە و پێی وایە گرنگترین خاڵ، هەبوونی وانەی جێندەرە لە پڕۆگرامی خوێندندا، نەک وانەیەک بۆ توندڕەوی ئایینی و بڵاوکردنەوەی فکری سەلەفیزم، هەروەها کەژاڵ نوری دەڵێت: "پێویستە دین تێکەڵ بە سیاسەت نەکرێت، دین تەنها بۆ تاک بێت، بەڵام لە ئێستادا دین بۆ تاک نییە بەڵکو وەکو تێکەڵ بە سیاسەت کراوەو، دینێکی بەسیاسیی کراو سەپێنراوە بەسەر خەڵکیدا".

 

"ئەگەر ڕێکخراوەکانی ژنان خۆیان لە حزبەکان دابماڵن، ئینجا ڕۆڵیان دەبێت"

کەژاڵ نوری جەختیکردەوە، ئەگەر حزبە سیاسییەکان دەستبەرداری ڕێکخراوە مەدەنییەکان ببن بەتایبەت ڕێکخراوەی ژنان، وە جیایان بکەنەوە لە بەرنامە سیاسییەکانی خۆیان و لە ژێر هەژمون و پەیامەکانی خۆیاندا، کاریان پێ نەکەن، بەڵکو ژنان بتوانن خۆیان لە حزبە سیاسییەکان جیاکەنەوە و فیدراسیۆنێکی سەرتاسەری بونیاد بنێن و پێکەوەیی کاربکەن، کارەکانیان ڕەنگدانەوەی نەخشەی حزبەکان نەبێت، ژنانی ناو رێکخراوەکان ژنانی حزبیی نەبن و بە ڕاستی کار بۆ ژنان بکەن، وە ببنە کارتی فشار بۆسەر دەسەڵات و، بە دەیان خۆپیشاندان و ئاکتی بەردەوامی مەدەنی و مەیدانی رێک بخەن و ناڕەزایەتی بەردەوام دەرببڕن لەسەر بارودۆخی ژنان، لە پێناو گەیشتنی دەنگیان، بە حکومەت و کۆمەڵگەش، ئینجا جێدەستیان دیار دەبێت. بەڵام کارکردنی ڕێکخراوەکان بە جۆرێک نەبووە کە ببێتە کارتی فشار بۆ سەر دەسەڵات و حکومەت.

 

کەژاڵ نوری وتی: بڕگە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیمان هەیە لە پەرلەماندا، بەڵام دەسەلاتی دادوەریی تا ئێستا جێبەجێ ناکرێت، دەسەڵاتی دادوەری بڕیار لەسەر دەستگیرکردنی بکوژان دەدات، بەڵام دەسەڵاتی جێبەجێکار جێبەجێی ناکات، بەمەش ژنکوژان لە دەرەوەی زیندانەکاندا دەسوڕێنەوە. هەماهەنگی لەنێوان هەرسێ دەسەلاتی یاسادانان و دادوەریی و جیبەجێکردندا نیە، لەبەرامبەردا رێکخراوەکانی ژنانیش هەماهەنگی لە گەل هەرسێ دەزگاکەدا نیە و نەیان توانیوە ببنە کارتی فشار لەسەر هەرسێ دەزگاکە بۆ نەهێشتنی توندوتیژی لەسەر ژنان"

 

"ئەندام پەرلەمانەکان خۆیان خاوەنی دوو ژنن"

کەژاڵ نوری لە درێژەی قسەکانیدا باسی کەسانی سیاسی ناو دەسەڵاتی کرد، بەوەی خودی ئەندام پەرلەمانەکان دوو ژنەن و یاساکان بەسەر خۆیاندا جێبەجێ ناکەن و، ڕێکخراوەکانی ژنانیش ناتوانن هیچ بڵێن چونکە، خۆیان سەر بەو حزبە سیاسیانەی خاوەن ئەو ئەندام پەرلەمانانەن.

 

"من هیوام بە ڕێکخراوەکانی ژنان نەماوە"

لە کۆتایی قسەکانیدا کەژاڵ نوری، نوسەر و چالاکوان وتی: من هیوام بە رێکخراوەکانی ژنان نەماوە تا ئەوکاتەی واز لە حزبایەتی دەهێنن و، یەکدەگرن و فیدراسیۆنێکی سەرتاسەری ژنان پێکدەهێنن و، دەبنە خاوەنی پارادایمێک کە لە سەر بنەمای یەکسانی جێندەریی کاربکات و، بۆ نەهێشتنی جیاکاری ڕەگەزیی و توندوتیژیی کاربکەن، ڕێکخراوەکانی ژنان کەلێنی فکرییان هەیە، بۆیە گرنگە لایەنی هۆشیاریی و فکریی خۆیان بەهێز بکەن، وە کارەکانیان بە تەنیا لەناو مەڵبەندی شارە گەورەکاندا نەبێت، بەڵکو لەو ناوچانەشدا بێت کە دوورە دەستن و بچوکن و تیایاندا، ئاستی هۆشیاریی کەمە، پێویستە، لەسەر شەقامەکان بە بەردەوامی دەنگیان هەبێ، ئاکتی شەقام و خەباتی مەیدانی بەردەوام برەوپێبدەن، هەتا ڕێکخراوەکان بەو پرنسیپە کار نەکەن ناتوانرێت بوترێت ڕێکخراوەی ژنان بوونیان هەیە.