عەفرین لەناو هەلومەرجی گەمارۆدا بەردەوامە لە بەرخۆدانی خۆی

ژنانی عەفرین کە بەهۆی هێرش و داگیرکاریی دەوڵەتی تورکەوە کۆچیان کردووە بۆ کانتۆنی شەهبا و لە ژێر گەمارۆی حکومەتی شامدا بەردەوامن لە ژیانیان و دەڵێن: "شانبەشانی سەختییەکان، ئێمە بەردەوام دەبین لە بەرخۆدان".

حەسنا محەمەد

 

شەهبا- لەسەر خەڵکی عەفرین، کە بەهۆی هێرش و داگیرکاریی دەوڵەتی تورکەوە لە ١٨ی ئاداری ٢٠١٨ لە ماڵەکانیان ئاوارە بوون و لە شەهبا نیشتەجێ بوون، حکومەتی شام سیاسەتی ئابڵوقە و گەمارۆ لەسەریان پەیڕەو دەکات، لە ماوەی ٥ ساڵی ڕابردوودا کۆچبەران لە ژێر هەلومەرجی سەختی کۆچبەرییدا بەردەوام بوون لە بەرخۆدانی خۆیان، لەلایەک گەمارۆدانی حکومەتی شام لەلایەکەوە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر، لە دوو مانگی ڕابردوودا حکومەتی شام گەمارۆی سەر عەفرینی زیاتر کردووە، بە تایبەتی بە گەیشتنی وەرزی زستان ڕێگە نادات پێداویستی ژیان و تەندروستی بگاتە ناو هەرێمەکە.

 

ژنانی کۆچبەری عەفرین بۆ ئەوەی بژێوی ژیانیان دابین بکەن و منداڵەکانیان لە سەرمای زستان بپارێزن، ڕوودەکەنە زەوییەکان و داری بچووک کۆدەکەنەوە، هەروەها لە دژی گەمارۆی سەپێنراو و ئەو هێرشانەی کە ئەنجام دەدرێن، بە هەموو شێوەیەک درێژە بە بەرخۆدانیان دەدەن، هاوڵاتیان پێیانوایە کە تاکە رێگا بۆ گەڕانەوەی عەفرینی ئازاد بەرخۆدانە.

 

شانبەشانی سەختییەکان درێژە بە بەرخۆدانی خۆیان دەدەن

زەینەب ئیبۆ باسی ئەو زەحمەتییانەی کرد کە تێیدا دەژین و وتی: بەهۆی ئەو گەمارۆیەی کە بەسەرماندا جێبەجێدەکرێت، ئێمە دەچینە سەر زەوییەکان و دار بۆ ئاگر کۆدەکەینەوە، حکومەتی شام گەمارۆی بەسەرماندا سەپاندووە، ئێمە تەمەنمان زۆرە و دەبێت لەم کاتە ساردانەدا کۆگایەکمان هەبێت، بەڵام بەداخەوە هیچ سوتەمەنییەک نییە، ئێمە ڕووبەڕووی زۆر زەحمەتی دەبینەوە، بەڵام بەردەوامین لە بەرهەڵستی و بەرخۆدان، خۆبەدەستەوەدان قبوڵ ناکەین.

 

ژیانمان بە کۆکردنەوەی داری ئاگر دروست دەکەین

جەنەت دیکۆ تەمەنی ٦٥ساڵە و ڕووی لە زەوییەکان کردووە و دار بۆ ئاگر کۆدەکاتەوە بۆ پاراستنی منداڵەکانی لە سەرما، وتی: من ژنێکی بەتەمەنترم و نەخۆشم، ئێمە منداڵی بچوکمان هەیە و لەسەرمادا نەخۆش دەکەون، لەبەرئەوە چوومە سەر زەوی و داری بچووکم بۆ منداڵەکانم کۆکردەوە، ئێمە دارەکان نابڕین، بەڵام دارە بچووکەکان لە کێڵگەکان کۆدەکەینەوە، گەمارۆ بەسەرماندا سەپێنراوە و بۆیە لە سەختیدا دەژین، دیسان لە شەهبا واز لە بەرخۆدانی خۆمان ناهێنین، هەروەها کاتێک بەهۆی گەمارۆکانەوە نەخۆش دەبین هیچ دەرمانێک نییە، خەڵک پێویستی بە دەرمان هەیە، ئێمە بە هیوای گەڕانەوە بۆ عەفرین دەژین و بەردەوام دەبین لە ژیانمان، ڕوو لە زەوییەکان دەکەین و پێداویستیەکانمان دەخەینە سەر ئەم ئاگرانە و خواردنی لەسەر دروست دەکەین، لە هەمان کاتدا خۆمان بە ئاگرەکە گەرم دەکەینەوە.