بارودۆخی کۆچبەران لە وەرزی زستاندا لە سەختیدایە

بارودۆخی کۆچبەران لەکامپی واشوکانی زۆر خراپە و بە گەیشتنی زستان دۆخەکە بەرەو خراپتر دەڕوات، ژنانی دانیشتووی کامپی واشوکانی ئاماژە بەوە دەکەن کە تاکە بەرپرسی ئەم نەهامەتیانە دەوڵەتی تورک و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤن.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە- دوای هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ بۆ سەر شاری سەرێکانی و گرێ سپی، دانیشتوانی ئەو شارانە بەهۆی دڕندەیی چەتەکانەوە بە زۆر لە ماڵەکانیان دەرکران، بۆیە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بۆ جێگیرکردنی ئەو خێزانانە، کامپیان بەناوی واشوکانی لە ٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ دامەزراند، ئەم کامپە بە دووری ١٢ کیلۆمەترە لە شاری حەسەکە لەسەر ڕێگای تل تەمر لە نزیک شاری توێنە، ئەوەی کە یارمەتی دروستکردنی ئەم کامپەیەی داوە مانگی سووری کوردییە، ڕێکخراوە مرۆییەکان ئەو کۆچبەرانەیان پشتگوێخستووە کە بەزۆر لە خاکەکەیان ئاوارە بوون، بەپێی ئەو زانیارییانەی کە کۆمەڵەی کامپی واشوکانی ئاشکرایکردووە ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی تێیدا نیشتەجێ بوون دوو هەزارو ٣٦٥ خێزانن کە دەکاتە ١٦ هەزار و ٣٢٢ کەس.

 

سەرێکانی ماوەی چوار ساڵە داگیرکراوە و چوار ساڵ بەرخۆدان لە ژێر سەختترین و دژوارترین هەلومەرجدا بە پشتگوێ خستنی ڕێکخراوە مرۆییەکانی ناو کەمپەکە تێپەڕیوە، ماوەی چوار ساڵە چادری کۆچبەران نەگۆڕاوە و بەهۆی بارانبارینەوە دۆخیان خراپە سوریا محەمەد حسێن، یەکێک لە دایکانی کامپی واشوکانی ئاماژەی بەوەکرد کە ڕێکخراوە مرۆییەکان بەرپرسیارن لەو ئازار و نەهامەتیانەی کە ئەمڕۆ لە کامپەکەدا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.

 

"ئەو هێرشانەی ئێستا بەردەوامە لە هێرشەکانی ٩ی تشرینی یەکەمە"

سوریا محەمەد دووپاتی کردەوە کە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەردەوامە لە هێرشەکانی ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩و وتی: " هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەردەوامە و پلانی ئەوان داگیرکردنی شارەکانی ئێمەیە دەیانەوێت دیمۆگرافیای هەرێمەکە بگۆڕن و پرۆژەی نەتەوەیی دیموکراتی ببەزێنن، دەوڵەتی تورک هەوڵ دەدات هەموو شارەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا داگیر بکات، بەڵام بەهۆی بەرخۆدانی ئێمە و ڕۆڵەکانمانەوە تا ئەمڕۆش پیلانی داگیرکاری شکستیهێناوە بۆیە ئێستا دەیانەوێت جارێکی تر هێرش بکەن بۆ داگیرکردنی شوێنەکانی تر".

 

"ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە بەرژەوەندی خۆیان هەڵسوکەوت دەکەن"

سوریا محەمەد ئەوەیخستەڕوو کە بە هاتنی وەرزی زستان دۆخی کۆچبەران تێکچووە و بەردەوامیشی دا:" ماوەی چوار ساڵە لەم کامپەدا بەرخۆدان دەکەین لەژێر سەختترین هەلومەرجدا و ڕێکخراوە مرۆییەکان بێدەنگن، کۆچبەران پێویستیان بە شتی زۆر هەیە، بەتایبەتی چادرەکان بۆ ماوەی چوار ساڵە نەگۆڕاون و ئەمەش دەبێتە هۆی نەخۆشیی زۆرێک لە منداڵان و ژنان، بە هاتنی باران چادرێکی زۆر کەوتوونەتە ناو ئاوەوە، کۆچبەران لە دۆخێکی زۆر خراپدا بوون، منداڵەکان زۆر نەخۆش کەوتبوون ئایا مرۆڤایەتی ویژدانی مرۆڤەکانە؟ پێویستە هەمووان یارمەتی کۆچبەران بدەن و بێدەنگی خۆیان بشکێنن، ڕێکخراوە مرۆییەکان لە بەرژەوەندی دەوڵەتەکاندا کار دەکەن و ئەرکەکانیان لەبیرکردووە، خۆبەڕێوەبەری لە ژێر بارێکی زۆر قورسدایە ئەو هەموو دەرفەتەکانی یارمەتی دا، بەڵام ئێستا هێرشی دەکرێتەسەر، ئەوان دەیانەوێت ئەم ئیدارەیە کۆتایی پێبهێنن بۆ ئەوەی بە ڕای گشتی بڵێن کە ناتوانێت یارمەتی بدات، بەڵام ئێمە باش دەزانین کە لە دەوروبەری ئێمە چی ڕوودەدات، ئێمە فریو نادرێین، ئەوەی بەسەرماندا هاتووە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری کە ئۆردوگاکەی دامەزراندووە نەک ڕێکخراوە مرۆییەکان کە تەنیا بە قسەکردن دەڵێن ئێمە مافی مرۆڤ دەپارێزین ئەگەر وابێت بۆچی دۆخی کۆچبەران نابینن؟".

 

سوریا محەمەد، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کە پەنابەرانی سەرێکانی هیچ هاوکارییەکیان ناوێت و تەنها دەیانەوێت بگەڕێنەوە ماڵ و شارەکانیان، بۆیە لەژێر سەختترین هەلومەرجدا تێدەکۆشن و لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی: "هەرچەند ڕێکخراوە مرۆییەکان ئێمەیان پشتگوێ خستووە بەڵام ئێمە لە لەناوچونەوە بەرگری دەکەین و بوون دروست دەکەین".

 

"ڕژێمی سوریا و ڕێکخراوە مرۆییەکان بەرپرسیارن لە خراپی دۆخی کۆچبەران"

سوریا محەمەد ئاماژەی بەوەکرد کە ڕژێمی سوریا و ڕێکخراوە مرۆییەکان بەرپرسیارن لە دۆخی مەترسیداری کۆچبەران و وتی: "با ڕژێمی سوریا بزانێت کە ئاوارەکانی سەرێکانی خەڵکی سوریان و ئەرکی خۆیەتی هاوکاری بکات، ئەم ئەرکە تەنیا لەسەر ڕێکخراوە مرۆییەکان نییە ئەو داگیرکارییەی کە ئەنجام دراوە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بێدەنگیی ڕژێمی سوریایە، پێویستە هاوکاری پێشکەش بکەن بەڵام بەداخەوە، هەموو کەس چاوی خۆی دادەخات و نابیستێت، داوا لە ڕێکخراوە مرۆییەکان دەکەین کە داگیرکەران لە خاکەکەمان دووربخەنەوە و ویژدانیان زیندوو بکەنەوە، با هەمووان بزانن کە لە گەنجەکانمانەوە بۆ پیرانمان هەمیشە نیشانەی بەرخۆدان و سەرکەوتن بەرز دەبێت".