ڕێکخراوی ستێرک ئامانجی پاڵپشتیکردنی منداڵان و پاراستنیانە لە کاریگەرییەکانی شەڕ

ڕێکخراوی ستێرک لە عەفرین-کانتۆنی شەهبا کار دەکات بۆ پاراستی منداڵان لە کاریگەرییەکانی شەڕ، هەروەها هەوڵ دەدات بۆ پەرەپێدانی بەهرەکانیان و پاڵپشتیکردنیان لە ڕووی دەروونی و لایەنی مادییەوە، جگە لەوە ناساندنی کولتوور و شارستانییە جیاوازەکان بە منداڵان.

فیدان عەبدوڵا

 

شەهبا- ڕێکخراوی ستێرک لە کانتۆنی عەفرین-شەهبا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا چەند لقێکی لە ناوچەی ئەحەداس لە کامپی سەردەم کردووەتەوە و سەرقاڵی کردنەوەی لقێکی ترە لە کامپی بەرخۆدان، بەو ئامانجەی بگەنە زۆرترین ژمارەی منداڵان و پشتگیریان بکەن و پەروەردەیان بکەن.

 

بەدیعە موسلیم، کارگێڕی ڕێکخراوی ستێرک بۆ بەدواداچوون و پاراستنی منداڵان لە کانتۆنی عەفرین-شەهبا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، باسی لە دامەزراندنی ڕێکخراوەکەیان کرد کە لە گوند و شارۆچکەکاندا کۆمینەکانی منداڵانیان پێکهێنا و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی ناساندنیان ئەنجامدا، پاشان کۆمیتەی منداڵانی شلێر پێکهێنرا بۆ هۆشیارکردنەوەیان، چەندین سەنتەر لە کامپی سەردەم و ناوچەی ئەحداس کرانەوە، هەوڵی کردنەوەی سەنتەرێکی دیکە لە کامپی بەرخۆدان دەکرێت.

 

ڕوونیشیکردەوە، ئەوان لە سەنتەرەکان لە تەمەنی ٧ ساڵەوە تا ١٦ ساڵ منداڵ وەردەگرن، ئامانجیش لە کردنەوەی ڕێکخراوەکە پاڵپشتیکردنی منداڵان و پەروەردەکردنیان و پەرەپێدانی بەهرەکانیانە بە تایبەت لەو دۆخەی منداڵان پیایدا تێپەڕ دەبن، لە کاتی قەیران و بۆردوومان و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر عەفرین، کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر دەروون و ڕەفتارەکانیان هەیە.

 

"منداڵان بەهۆی جەنگ و هێرشەکانەوە لە خوێندنگە دوورکەوتوونەتەوە"

لە درێژەی قسەکانیدا بەدیعە موسلیم ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرێک لە منداڵان بەهۆی شەڕ و هێرشەکانەوە لە خوێندنگەکانیان دوورکەوتوونەتەوە، دەڵێت: بۆیە ئێمە هەوڵ دەدەین پەرە بە بەهرەکانیان بدەین، کاردەکەین بۆ ئەوەی پەروەردەیان بکەین دەربارەی خۆشەویستی زانست و زانیاری، هەروەها بەدواداچوون دەکەین بۆ ئەو بابەتانەی کە پەیوەندییان بە منداڵانەوە هەیە لە ڕوانگەی یاساییەوە، هۆشیاری و پاراستنیان، وەک کەمکردنەوەی کاری منداڵان و گەڕاندنەوەیان بۆ خوێندنگە.

 

ڕوونیشیکردەوە کارەکانیان لەڕێگەی هەماهەنگی و هاوکاری نێوان خۆیان و زۆرێک لە ناوەند و ڕێکخراوەکانی ناوچەکە، وەک هێزی ژنان، کۆنگرە ستار، باخچەی ساوایان و ئەوانی تر ئەنجام دەدەن، چالاکییەکانیان خۆی دەبینێتەوە لە ئاهەنگگێڕان، پێشبڕکێی هۆنراوە، چالاکییە وەرزشییەکان، وێنەکێشان، گۆرانی و سەماکردن و فێرکردنی ئامێری میوزیکی جیاواز، جگە لەوەی وانە لەسەر بەرنامە پەروەردەییەکان وەک کۆمپیوتەر وەردەگیرێت و وانەی فیکرییش لەخۆدەگرێت، هەروەها چیرۆک و چیرۆکە فۆلکلۆرییە جۆراوجۆرەکان کە منداڵان بە کولتوور و شارستانیەتەکان دەناسێنن، دەوترێنەوە.

 

"ئامانجمانە متمانە و خۆشەویستی لای منداڵان دروست بکەین"

ئامینە قادر ئەندامی ڕێکخراوی ستێرک لە لقی ناوچەی حەداس دووپاتیکردەوە، کار بۆ ڕێکخستنیان دەکەن لە زۆر بواردا و هەوڵ دەدەن متمانە و خۆشەویستی منداڵان بەدەستبهێنن، پلانی فراوانکردنی بۆنە و چالاکیی زیاتر بۆ منداڵان بۆ چالاککردنی ڕۆڵی خۆیان و گرنگیدان بە بەهرەکانیان هەیە، وەک کردنەوەی پێشانگای وێنەکێشان، ڕێکخستنی زنجیرەیەک ئاهەنگ لە ڕێگەی گۆرانی وتن، یاریکردن و سەماکردن و چەندین چالاکیی تر، کە کاردەکەن بۆ دوورخستنەوەی منداڵان لە کاریگەرییە دەروونی و جەستەییەکانی شەڕ.