منداڵانی کارکەری سەر شەقامەکان ڕووبەڕووی توندوتیژی و دەستدرێژی دەبنەوە

منداڵانی کارکەری سەر شەقامەکان ڕۆژانە ڕووبەڕووی توندوتییژی دەبنەوە و بەڕێوەبەری بەرنامەی پاراستنی منداڵیش دەڵێت: بە پێی یاسای عێراقی تەنها منداڵانی سەروو تەمەن ١٥ ساڵ دەتوانن کار بکەن، بە ڕەچاوکردنی ئەو مەرجانەی دانراون و لە ژێر چاودێری کۆمەڵایەتیدا.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- کارکردنی منداڵان بووەتە دیاردەیەکی مەترسیدار لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا و بەردەوام ڕوو لە زیادبوونە، خراپی بارودۆخی ئابووری، نەبوونی یاسایەک بۆ کار نەکردنی منداڵان و ڕێکنەخستنی سیستمێکی پەروەردەیی ڕۆژ بە ڕۆژ کارکردنی منداڵانی لە بازاڕ و شوێنە گشتییەکان و شەقامەکان زیاتر کردووە، بەشێک لە بازرگانان، بازرگانی بە منداڵانی بێ خاوەنەوە دەکەنەوە و ڕۆژانە لە شەقامەکاندا بڵاویان دەکەنەوە، تا بە فرۆشتنی بنێشت و کلێنس و چەند کەلوپەلێکی دیکە پارە پەیا بکەن و بتوانن دوای گەڕانەوەیان بۆ لای بازرگانەکان نانێکیان دەستبکەوێت ئەو ڕۆژە سکیانی پێپڕ بکەن، هەروەها لە کاتی کارکردنیاندا منداڵان لەلایەن هاوڵاتیان و ئاسایشی مەدەنییەوە ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و دەستدرێژی دەبنەوە.

 

بەشێکی ئەو منداڵانە ئاوارەی سووریا و عێراق و شەنگال و ڕۆژئاوای کوردستانن و قوربانی جەنگن، بەشێکیان بە کارکردنیان بژێوی ژیانی خێزانەکانیان دابین دەکەن و بەشێکی دیکەیان کاتێک لە خوێندن دادەبڕێن بە ئاگاداری خێزانەکانیان کار دەکەن، هەروەها لەم نێوەندەدا کچانی منداڵ زیانبەرکەوتووی سەرەکین لە کاتی کارکردندا، چونکە ڕووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی دەبنەوە و دەچنە بارودۆخێکی خراپی توندی دەروونی و جەستەیەوە، هەروەها لە مافی خوێندن و ژیانکردنی هاوتەمەنی خۆیان بێبەش دەبن.

 

لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بارەی کارکردنی منداڵانی کارکەرەوە لە شوێنە گشتیەکاندا و هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو دیاردەیە ڕایگەیاند، چاودێریکردن و ڕێگریکردن لە منداڵانی کارکەر لە شەقامەکاندا چڕتر دەکەنەوە تا بتوانین ڕێگری لە کارکردنیان بکەن و بێبەش نەبن لە ژیانی منداڵیان.

 

ئەمەش لە کاتێکدایە ئاماری کارکردنی منداڵان ساڵانە ڕوو لە زیادبوونە، لە ساڵی ٢٠٢٣دا ئاماری منداڵانی کارکەر تەنها لە شاری سلێمانی هەزار و ١٠ منداڵ دەبن، دەرکەوتووە لە ٪٩٤.٩٩ هۆکاری کارکردنیان بۆ خراپی باروودۆخی ئابووریان کار دەکەن.

 

منداڵانی کارکەر، کە نابێت دەموچاویان دیار بێت، لە شەقامەکاندا بۆ نوژنها دوان و باسیان لە دۆخی خۆیان کرد.

 

"لە دوای خوێندنەکەم کار دەکەم، بەڵام ڕێگریمان لێ دەکرێت و لێمان دەدەن"

ب.ع (ناوی خوازراو) منداڵێکی کارکەری تەمەن ١٥ ساڵانە، دەڵێت: لە دوای ئاوارەبوونمان لە ساڵی ٢٠١٤دا هاتووینەتە سلێمانی، بەهۆی خراپی بارودۆخی ئابووریمانەوە کاردەکەم بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی خۆم و خێزانەکەم، لە پاڵ کارکردنمدا خوێندکارم و لە قوتابخانەیەک دەخوێنم، بەڵام قوتابخانە و مامۆستاکانم نازانن کە کاردەکەم، ئەگەر باشنەبم لە وانەکانمدا ئازارم دەدەن و نازانن من لەدوای خوێندن دەچم بۆ کارکردن، هەروەها ئاسایشی مەدەنی هەڵدەکوتنە سەرمان و ئازارمان دەدەن.

 

ئەو منداڵە کارکەرە، ئاماژەی بەوەشدا، ئاسایشی نەوجەوانان بە شێوازی مەدەنیانە هەڵدەکوتنە سەریان و ئازاریان دەدەن، "ئاسایش گرتیانم و لێیان دام، پێمان دەڵێن کار مەکەن، بەڵام ئێمەی ئاوارەکان پێویست دەکات کار بکەین، باوکم کرێکارە و کاری نییە، پێویست دەکات مانگانە ٢٥٠ هەزار کرێی خانووەکەمان بدەین، هەروەها خواردن بۆ خوشک و براکانی دیکەم دابین دەکەم، حکومەت و ئەو لایەنانەی کار بۆ منداڵ دەکەن تا ئێستا هیچ هاوکارییەکی ئێمەیان نەکردووە، تا لە کار دوور بکەوینەوە و وەک منداڵانی دیکە خوێندنەکەمان درێژە پێ بدەین”.

 

“ئێمە ناتوانین بە باشی بخوێنین"

س.ح (ناوی خوازراو) منداڵێکی دیکەی ١٦ ساڵانە، بژێوی ژیانی لە ترافیکەکانی شاری سلێمانی بە پاککردنەوەی جامی ئۆتۆمبێلەکان دابین دەکات، ئاماژەی بەوەدا، منداڵانی کارکەر لە ترافیکەکان و شوێنی کارکردنیاندا مامەڵەی ناتەندروستیان بەرامبەر دەکرێت، وتیشی: حکومەت پێمان دەڵێت کار مەکەن بەڵام بژێوی ژیانیشمان بۆ دابین ناکەن، باوکم کرێکارە و وەک پێویست ناتوانێت کاربکات، دەبێت هاوکاری باوکم بکەم تا بتوانین بژین و خواردن دابین بکەین بۆ ماڵەوەمان، لەپاڵ کارەکەشمدا خوێندن دەکەم، بەڵام بە باشی ناتوانم تیای سەرکەوتووبم، چونکە مامۆستاکان نازانن ئێمە کار دەکەین بەردەام قسەمان پێدەڵێن و هاوکارمان نین.

 

 

"منداڵان بەپێی یاساکانی کارکردن دەتوانن کاربکەن لە شوێنە گشتیەکاندا"

ناسک ئیسماعیل غەریب، بەڕێوەبەری بەرنامەی پاراستنی منداڵان، باس لەوە دەکات، منداڵپارێزی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە کار لەسەر منداڵانی کارکەر دەکات، لەلایەن لیژنەی چاودێریەوە سەردانی شوێنە گشتیەکان دەکرێت، لە ساڵانی پێشووتردا منداڵانی هەرێمی کوردستان کارکەر بوون، بەڵام ئێستا پەنابەرانن، دەشڵێت: لە چەند ساڵی ڕابردوودا منداڵانی ناو هەرێممان سنوردار کرد لە کارکردن، بەڵام لە دوای هاتنی پەنابەران لە ساڵی ٢٠١٤دا بۆ هەرێمی کوردستان، منداڵانی کارکەر ڕووی لە زیادبوون کرد، پاشان لیژنەیەک بۆ سنوردارکردنی کارکردنی منداڵان پێکهات و لە شارەکانی سلێمانی، هەولێر، دهۆک دەستبەکارە و بە ڕێژەیەکی باش تواندراوە سنوردار بکرێت.

 

وتیشی: بەپێی یاسایی عێراقی منداڵ لە دوای تەمەنی ١٥ ساڵی دەتوانێت کار بکات، ئەو منداڵانەش دەبێت لە ژێر چاودێریدا کارەکانیان ئەنجام بدەن تا کاری قورس نەکەن، کەسانی چاودێر مەرجی کارکردنیان بۆ دادەنێن، ئەنجامدانی کاری ئەستەم بۆ منداڵانی سەروو ١٥ ساڵ وەک کارنەکردنیان لە مەیخانەکاندا و لای فیتەرەکان و کرێکاری و کارەباچی قەدەغەیە لەبەر سەلامەتی گیانییان، هەروەها بڕی ئەو مووچەیەی بۆی دابین دەکرێت دەبێت لە ئاستی کارکردنەکەیدا بێت، کارکردنی شەوان بۆ منداڵان ڕێگە پێدراو نییە، هەر خاوەنکارێکیش پێشێلی ئەو یاسایانە بکات، ڕوبەڕووی ڕێکاری یاسایی دەبێتەوە.

 

ئاماژەی بەوەشدا، لە ڕێگەی توێژەرانی کاروباری کۆمەڵایەتیەوە سەردانیکردنی شوێنە گشتیەکان و ماڵی منداڵەکان دەکرێت، بۆ دڵنیابوونەوە لە کارپێکردنی منداڵەکان، وتیشی: لەڕیگەی توێژەرانی کۆمەڵایەتیەوە سەردانی خێزانی ئەو منداڵانە دەکەین کە کارکەرن هاتا ئاگاداربین لە شێوازی ژیانیان و هۆکاری کارکردنی منداڵەکانیان بۆ کارکردن، ئەگەر منداڵێک زاندرا تەنها خۆی دەتوانێت هاوکاری ماددی خێزانەکەی بکات و بەخێوکەریان نەماوە، ئەوا هاوکاریان دەکەین و منداڵەکانیان دەنێرینەوە خوێندنگە بۆ درێژەدان بە خوێندنەکەیان.

 

"لە کاتی ڕووبەڕووبونەوەی ئەشکەنجەدان و دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان پەیوەندی بە ١١٦ەوە بکەن"

ناسک ئیسماعیل دەڵێت: ئەو منداڵانەی ڕێگەیان پێدراوە کار بکەن و لە تەمەنێکی دیاریکراودان لەگەڵ قوتابخانەکانیاندا پەیوەندیمان هەیە بۆ ئاگادارکردنەوەمان لە شێوازی خوێندنی منداڵەکان، بەردەوام لە شێوازی هەڵسوکەوت و خوێندنیان ئاگادار دەکرێینەوە، ئایا دەچێتە قوتابخانە بۆ خوێندن یان هەڵسوکەوتی چۆنە لە خوێندنگەدا، هەروەها لە ڕێگەی قوتابخانەکانەوە بۆ کارکردنی منداڵان و هاوسەرگیری لە تەمەنی کەمیشدا ئاگادار دەکرێینەوە.

 

لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەشکرد، هەر تاکێکی کۆمەڵگە دەبێت لە هەوڵدابین بۆ نەمانی دیاردەی کارکردنی منداڵان لە شەقامەکاندا، هاوکاریان نەکەین تا بەردەوام نەبن لە کارکردن لەبەرئەوەی منداڵان تووشی چەندین لایەنی دەروونی و ئەشکەنجەدانی جەستەیی دەبنەوە، هەروەها منداڵان ئاگاداری ئەو زیانانە نین کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، بۆیە هاوڵاتیان ئەگەر زانیان ئەشکەنجەی منداڵان دەدرێت و ڕووبەڕووی دەستدرێژی دەبنەوە، هاوڵاتیان ڕاستەوخۆ پەیوەندی بکەن بە هێڵی گەرمی منداڵان-١١٦ەوە بۆ ئەنجامدانی ڕێکارە یاساییەکان و بەرگریکردن لە منداڵان.