"شاخەوانان ئەرکیان پاراستنی ژینگەیە"

بەشداری ژنان لە وەرزشی شاخەوانیدا، سەرەڕای زۆری بەربەست و ڕێگرییەکان زیادی کردووە و شاخەوانێکیش شاخەوانی و ژینگە پێکەوە دەبەستێتەوە و دەڵێت: دەبێت شاخەوانەکان ژینگە بپارێزن.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- بەهۆی زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری بەسەر کۆمەڵگەدا، ژنانی وەرزشوان لە بوارە جیاوازەکانی وەرزشدا ئاستەنگییان بۆ دروست دەبێت، بە تایبەت لە وەرزشەکانی شاخەوانی ماوە درێژ و کەمپەین و گەشتکردنیان بۆ چیا دوورەکان.

 

لاڤین مەریوان، شاخەوان و کارمەندی تەندروستییە، باسی لەوە کرد، کە جگە لە پیشەکەی خۆی کە کارمەندی تەندروستییە، هەفتانە وەرزشی شاخەوانی ئەنجام دەدات و سەرەتایی دەستپێکردنی بە وەرزشی شاخەوانیشی بۆ ٣ ساڵی ڕابردوو دەگەڕێتەوە، کە لە شاخی گۆیژە شاخەوانی کردووە، کە شاخەوانان بە فێرگەی شاخەوانی خۆیان ناویدەبەن.

 

"شاخەوانان زیاتر بە وەرزی پایز و زستان گەشتەکان دەکەن"

لاڤین مەریوان، باسی ئەزموونی خۆی لە شاخەوانی دەکات و باسی لەو کەلوپەلانە کرد کە پێویستن بۆ شاخەوانی، وەک، جلوبەرگی شاخەوانی، وتیشی: بۆ هەڵگرتنی کەلوپەلەکانمان پێویستمان بە جانتا دەبێت، بۆ ئاسانی ڕێکردن بەسەر شاخ و چیاکاندا، دەبێت پێڵاوێکی تایبەت بە شاخەوانی بۆ گەشتەکان بەکاربهێنرێت تاوەکو ئەگەری کەوتنی وەرزشەوانەکە کەمببێتەوە، لە گەشتی شاخەوانیەکانماندا پێمانخۆشە خواردن بخۆین یاخود چایەک ئامادە بکەین، زیاتر ئەو کەلوپەلانەی بۆ خواردن دروستکردن بەکاریان دەهێنین کەلوپەلی دارە، لەبەر ئەوەی دۆستی ژینگەن، وە شاخەوانەکان بەپێی ئارەزوویان بۆ وەرزەکە گەشتەکانیان ئەنجام دەدەن، بەڵام زیاتر وەرزشەوانەکان لە وەرزی زستان و پایزدا زۆرترین گەشت ئەنجام دەدەن.

 

ئێستا ژنان جگە لەوەی بەشدارییەکی بەرچاویان لە وەرزشی شاخەوانی و پیادەڕەویدا هەیە، ڕێبەری گەشتەکانیش دەکەن و چەندین گروپ هەن کە لەلایەن ژنانەوە ڕێبەری دەکرێن، لەو بارەیەوە لاڤین وتی: چەند جارێک لە گەشتەکاندا ڕێبەریم گەشتەکان ئەنجامداوە، بەڵام بەهۆی زۆری بەرپرسیارێتیەوە نامەوێت ڕێبەری بکەم و دەمەوێت ئازاد بم لە کاتی گەشتەکانمدا.

 

 شاخەوانان بە پارێزەری ژینگە دادەنرێن"

زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری بووەتە هۆکاری ئەوەی زیاتر پیاوان بەشداری وەرزشی شاخەوانی بکەن، لاڤین مەریوان، لەو بارەیەوە وتی: هەندێک لە خێزانەکان ڕێگە نادەن ژنان بەشداری گەشتی شاخەوانی بکەن، بەڵام خۆشبەختانە هەندێک لە دایک و باوکان خۆیان لەگەڵ کچەکانیاندا بەشداری گەشتەکان دەکەن بەڵام بە ڕێژەیەکی کەم.

 

هەروەها باسی لەوەکرد، شاخەوان تەنها بۆ ئەنجامدانی کەشێک شاخەوانی ناکات، بەڵکو شاخەوانان ئەرکیان پاراستنی ژینگەشە، وتیشی: لە ڕۆژی جیهانی شاخەوانیدا لە بەرواری ١١ی کانوونی دووەم/١٢ی هەموو ساڵێک شاخەوانان هەڵدەستن بەئەنجامدانی پاکردنەوەی شاخی گۆیژە، نەمام ناشتن و تازەکردنەوەی لۆگۆی سەرشاخەکان.

 

"پیشەکەت نابێتە ڕێگر لەبەردەم خولیاکانتدا"

لاڤین مەریوان باسی لە جۆرەکانی گەشتی شاخەوانی کرد، ئاماژەی بەوەدا کە گەشتەکان بە سێ قۆناغ دیاری کراوە، ئەوانیش؛ گەشتی سەخت، گەشتی مامناووەند، گەشتی ئاسان، سەرەتایی دەستپێکردن لە گەشتی ئاسانەوە دەستپێدەکات، پاشان بەرەو قۆناغەکانی دیکە، هەروەها وتی: سەرەتایی دەستپێکردنم لە گەشتی ئاسانەوە بووە پاشان سەخت، لە گەشتە سەختەکاندا پێویستیت بە هاوکاری کەسانی دیکە دەبێت، بەڵام من هەمووکات لە گەشتەکاندا پشت بە خۆم دەبەستم بۆ ئەوەی بگەمە لوتکە.

 

لاڤین مەریوان، کارمەندی تەندروستییە، لە تاقیگە کاری ئەنجامدانی پشکنینی خوێن و خزمەتکردنی ئەو نەخۆشانەیە کە سەردانیان دەکەن، باسی لەوەکرد، لە کاتی کارکردنی لە تاقیگەدا هەندێک بەربەست دروست دەبن بۆ گەشتە شاخەوانییەکانی بەهۆی کاتەوە، بەڵام هەوڵ دەدات هاوسەنگی ڕابگرێت لە نێوان پیشەکەی و خولیاکەیدا کە وەرزشی شاخەوانییە، وتیشی: کارکردن لەو بوارەی تەواوت کردووە نابێتە بەربەست لەبەردەم خولیای تاکە کەسیت جا خولیای شاخەوانییە یان وێنەکێشانە یان هەرشتێک بێت، بەتایبەت ژنان بەربەستیان یەتە ڕێگە لە هەڵبژاردنی ئەو خولیایەی هەیانە بۆ وەرزشی شاخەوانی بێت یان هەر وەرزشێکی دیکە بێت، گرنگ ئەوەیە هەوڵبدەن بۆ ئەو خولیایەی هەیانە، بەربەستەکان نەبنە هۆکاری وەستاندنیان.