ژنانی دەستگیرکراو ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە

ئەو ژنانەی لەناو چاکسازییەکاندا ڕاگیراون و سزادراون لە هەرێمی کوردستان، داوای ڕاگرتنی توندوتیژی دەکەن و ئاماژە بەوە دەکەن، لەکاتی دانپێداناندا ئەشکەنجە دراون.

ناوەندی هەواڵ

 

کاتێک کەسێک وەک تۆمەتبار دەستگیر دەکرێت دانپێدانان بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەی تاوان بە بنەما دەگیرێت، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان دانپێدانان نابێت لەژێر ئەشکەنجەدا بێت، ئەگەر ئەشکەنجە بوونی هەبوو ئەوا بەتاڵە، لەبەرئەوە دەشێت دانپیدانان گومانی تێدابێت چونکە دەکرێت بە ئەشکەنجەدان کەسەکە ناچاربکرێت دان بە شتێکدا بنێت کە نەبووە، ئەشکەنجەدانیش لەکاتی دانپێداناندا بە توندوتیژی هەژمارە، هەروەها لە مافی مرۆڤیشدا هاتووە دانیپدانان بە ئەشکەنجە پیشێلی مافە.

 

لێدان و ئەشکەنجەدانی تۆمەتبار وەک فشارێک بۆ دانپێدانان کارێکی نایاساییە، بەھیچ شێوەیەک نابێ تۆمەتبار بخرێتە حاڵەکاتێکەوە کە ناچار بێ قسەبکات یان دانپێدانان بکات، تەنانەت تۆمەتبار بۆی ھەیە بێدەنگ بێ و ھیچ نەڵێت.
 

بەپێی ماددەی ٣٣٣ ژمارە ١١١ ساڵی ١٩٦٩ لە یاسای سزادانی عێراقی، نابێت بە هیچ شێوەیەک تۆمەتبار ئازار و ئەشکەنجە بدرێت بۆ دانپێدانان، لەسەر هیچ تاوانێک لە کاتی ڵێکۆڵینەوە.

 

لە کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەیەمدا، زۆربەی زانایان و پارێزەران ئاماژەیان بەوەکرد، دانیپێدانانی بەزۆر نەک تەنها وەک پاشماوەیەک لە سەردەمی ڕابردوو و لە ڕووی ئەخلاقییەوە هەڵەیە، بەڵکو ئەو کەسەی دانپێدانانی وەردەگیرێت لەوانەیە بە ئەشکەنجە دان بە هەر شتێکدا بنێت تەنها بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانی، پێشکەوتنەکانی سەدەی بیستەم، بەتایبەتی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ، بە شێوەیەکی بەرچاو قبوڵکردنی یاسایی دانیپێدانانی بەزۆری کەمکردەوە.

 

لە ساڵی ٢٠٢٢دا، رێکخراوى مافی مرۆڤ لە ئەوروپا ڕاگەیەندراوێکی لەبارەى ڕەوشی زیندانیانى هەرێم بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: دەسەڵاتدارانى هەرێم پابەند نەبوون بە بانگەشەکانیان بۆ ڕاگرتنى پێشێلکردنی مافەکانى مرۆڤ و پێشخستن و باشترکردنى دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێم، دەسەڵاتدارانى هەرێم، لەژێر ئەشکەنجە و هەڕەشە و زۆرلێکردندا، زیندانیان ناچار دەکەن دان بەتاوانێکدا بنێن، کە نەیانکردووە.
 

ژنانی دەستگیرکراو لە کاتی لێکۆڵینەوەدا ئەشکەنجە دراون

ژنانی زیندانیکراو لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان تایبەت بە نوژنها ئاماژەیان بەوەکردووە، لەکاتی وتە لێوەرگرتن و دانپێداناندا ئەشکەنجە دراون و مامەڵەی خراپیان لەگەڵدا کراوە، وشەی ناشرین و نەشیاو لە بەرامبەریان بەکارهێندراوە، کە ئەمانە توندوتیژیین و پێویستە ڕابگیرێن، یەکێک لەو ژنانە ئەوەی خستەڕوو، کاتێک دەستگیرکراوە دووگیان بووە، ڕەچاوی دۆخی نەکراوە و هاوشێوەی ژنانی دیکە لێیدراوە و توندوتیژی جەستەیی بەرامبەر کراوە.

 

ئەو ژنانە کە هەریەک بە تاوان و سزای جیاواز لەناو چاکسازییدان، هەندێکیان ماوەی یاسایی سزادانیان کۆتایی هاتووە، بەڵام تا ئێستا لەناو زیندانن، ژنێک بە ناوی "س. ب" ئاماژەی بەوەکرد، ماوەی زیاتر لە مانگێکە سزاکەی کۆتایی هاتووە و دەبوایە ئازاد بکرێت، بەڵام دادوەر تا ئێستا ڕەزامەندی نیشان نەداوە بۆ ئازادکردنی.

 

کۆمەڵگەش سزای ژنانی زیندانیکراو دەدات

"س. ب" وتیشی: بەدەر لە مامەڵەی هێزە ئەمنییەکان ژنان لەلایەن کۆمەڵگەشەوە توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت، چونکە من وەک ژنێک کە زیندانی کراوم، هاوژین و منداڵم هەیە، کۆمەڵگە قسەی نەشیاویان پێدەڵێت لەبەرئەوەی من لە زینداندام، گوناهی منداڵەکانم چیە تا کۆمەڵگە وابێت بەرامبەریان؟ بۆ دەبێت کاتێک ژنان دەکەونە زیندانەوە بەم شءوەیە کۆمەڵگە خۆیانی لێ داببڕێت؟.

 

توندوتیژی زارەکی بەرامبەر سزادراون و ڕاگیراوانی ناو چاکسازی

کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەیەکدا تایبەت بە ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان وتی: "ئەگەر مەڕم هەبێت نایبەمە چاکسازی ژنان، پێم گوناهە بیبەم، چونکە ئەوەندە خراپە ئەو شوێنە"، ئەم قسانەی ئەو وەزیرە کە کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، ڕاستییەکی دۆخی چاکسازییەکانی ژنانی دەرخست و لە لایەکی دیکەشەوە توندوتیژی زارەکی بەرامبەر ئەو ژنانە، کە خۆی وەزیری ئەو وەزارەتەیە و چاکسازییەکان بەڕێوەدەبەن.

 

ئەم وتەیەی وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە ژنان هەمیشە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، چ بە کردار چ بە زەرەکی، هەروەها لەبری ئەوەی هەوڵی باشترکردنی چاکسازییەکان بدرێت لە هەرێمی کوردستان بە تایبەت چاکسازی ژنان و منداڵان، بەڵام لە ڕێگەی کەناڵێکی تەلەفزیۆنییەوە بەم شێوەیە باسی لێوە دەکرێت، ئەگەر ئەوەندە خراپ بێت کەواتە بۆ ئەوانەی بەرپرسیارن لە بەڕێوەبردن بۆ دەست لەکار ناکێشنەوە؟.