فەریدە، کچێک کە نایەوێت ڕادەستی دۆخی ئەفغانستان بێت

نزیکەی دوو ساڵ بەسەر دەسەڵاتی تاڵیبان لە ئەفغانستاندا تێپەڕیوە و لەو ماوەیەدا هەوڵی سنووردارکردنی چالاکییەکانی ژنان درا، بەڵام ژنان ڕادەستی کۆت و بەندەکانی تاڵیبان نابنەوە.

بەهاران لاهیب

 

غەزنی- فەریدە تەجالی خوێندکاری یەکێک لە زانکۆکانی ئەفغانستان بوو لە قۆناغی چوارەم، کە هاوشێوەی ملیۆنان کچی تر لەلایەن تاڵیبانەوە ڕێگری لە درێژەدان بە خوێندنی کرا، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ نوژنها وتی: بە بۆچوونی من ، هۆکارەکانی تاڵیبان بۆ دوورخستنەوەی ژنان لۆژیکی نین، پێویستە ڕێگە بدەن ژنان بەردەوام بین لە خوێندن، چوار مانگە وانەکانی زانکۆ دەستیان پێکردووە، تەنها کوڕان دەتوانن بچنە زانکۆ، ئێمە هێشتا ڕێگەمان پێنەدراوە خوێندن تەواو بکەین.

 

کاتێک فەریدە دەچوو بۆ زانکۆ، تاڵیبان زیاتر مامەڵەیان سەبارەت بە جلوبەرگ و حیجاب دەکرد، هەوڵی تاڵیبانیش ئەوە بوو کە تەنها مامۆستای ژن بۆ کچان دابنێت، ئەمەش پەسەند نییە، چونکە پرۆفیسۆری ژن بەشی ئەوەندە نییە و پێویستی بە پرۆفیسۆری پیاو هەبوو کە بە هەمان شێوە وانە بڵێنەوە، وتیشی: لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانەوە ئاگادار کراینەوە کە دەروازەی زانکۆکان بەڕووی ئێمەی ژناندا داخراوە، لەکاتێکدا تازە تاقیکردنەوەکانم بۆ یەک وەرز تەواو کردبوو.

 

فەریدە دەڵێ: من لە ماڵەوە بێکار نیم و خەڵکیش نابێت ئامانجەکانی خۆیان سنووردار بکەن، من ئامانجەکانم لە زانکۆدا سنووردار نەکردووە. بێ ئومێد نەبووم و وازم لە زانست و مەعریفە نەهێنا، دەخوێنمەوە و دەنووسم و وێنە دەکێشم، پەیامی من بۆ ژنانی تری ئەفغانستان ئەوەیە کە بێ ئومێد نەبن و ئامانجەکانیان بە کەسانی ترەوە نەبەستنەوە، ئەو دەرفەتانەی کە سەرهەڵدەدەن کەڵک وەربگرن و ئاستی هۆشیاری و زانیارییان بەرز بکەنەوە و تەسلیمی دۆخ و بارودۆخەکە نەبن.