قەیرانی ئابووری لە میسر گەورەترین کاریگەری لەسەر ژنان هەیە

بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا سەرەکییەکان ترسی لە نێوان زۆرێک لە خێزانە میسرییەکان دروستکردووە، ژنان زیاتر کاریگەریان لەسەرە، چونکە زۆربەیان بەرپرسیارێتی دارایی خێزانەکەیان لەسەر شانە.

ئەسما فەتحی

 

قاهیرە- بەرزبوونەوەی نرخی هەموو پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان کۆمەڵگەکانی لە زۆربەی وڵاتانی جیهان تووشی گرفت کردووە، میسر یەکێکە لەو وڵاتانە و ژنانیش زۆرترین کاریگەری ئەم قەیرانەیان لەسەرە، لەلایەکەوە بۆ کارێکی نوێ بۆ بژێوی ژیان دەگەڕێن لەلایەکەوە لەژێر فشاردان، ژنان بەهۆی فشارەکانی ڕۆژانەوە کە کاریگەری لەسەر تەندروستی دەروونیان هەیە بە زەحمەتییەکی زۆرەوە دەژین.

 

دیاریکردنی شتە سەرەکییەکان قورسە و منداڵان زۆرترین ئازار دەچێژن

ڕۆژنامەنووس نادیا مەبروک دایکی منداڵێکە و کێشەی گەورەی هەیە بەهۆی گرانی نرخی هەموو شتێکەوە، ئاماژەی بەوەکرد، کێشەکە لە ئاستی تەحەمولکردن زیادی کردووە هەرچەندە ئەو تەنها منداڵێکی هەیە بەڵام ناتوانێت هەموو پێداویستیەکانی دابین بکات.

 

نادیا مەبروک ڕوونیکردەوە کە نرخی شتەکان لە هەموو بوارەکاندا بەرزدەبێتەوە، چونکە ئەو دایکە هەمیشە دەترسێت کە نەتوانێت پێداویستیەکانی کچەکەی دابین بکات، هەوەها کاریگەرییەکی گەورەی دەروونیشی لەسەر دروست بووە ئەم ترسەش بەتێبەڕێی کات زیادی کردووەوە کاریگەری کردووەتە سەر پەیوەندی نێوان زۆرێک لەدایکەکان و منداڵەکانیان.

 

دیاریکردنی پێداویستییە سەرەکیەکان خۆی زۆر زەحمەتە و دەبێت دایک بە قووڵی بیربکاتەوە کە پێداویستییە سەرەکیەکان چین و پێداویستی دووەم چین لە ئەنجامدا، زۆربەی شتە دووەمەکان لە ڕاستیدا کلیلی تەندروستی دەروونی منداڵانن، وەک چونە دەرەوە و گەشتکردن بە منداڵان و هتد.

 

گەڕان بەدوای کاری زیاتردا بووەتە پێویستییەکی گرنگ

هەرکات بارەکە لەسەر شانی خێزان زیاتر دەبێت، گەڕانیش بۆ دۆزینەوەی کاری زیادە زیاتر دەبێت، سەرەڕای هەموو ماندووبوونێک، ژیانی منداڵان لەناو خێزاندا لە مەترسیدایە.

 

بەڕای نادیا مەبروک گەڕان بەدوای کاری زیادە بووەتە پێویستییەکی نەبڕاوە و زۆرێک لەژنانی کۆمەڵگەکەیان هەوڵ دەدەن و بەدوای کارێکی تردا دەگەڕێن بۆ زیادکردنی مووچەکانیان بۆ ئەوەی پێداویستییەکانیان دابین بکەن.

کاری زیادە کاریگەری نەرێنی لەسەر منداڵان هەیە، چیتر زۆرێک لە ژنان ناتوانن لەگەڵ منداڵەکانیان دانیشن بۆ گوێگرتن و بوون و کاریگەریان لە خێزاندا کەم بووەتەوە، ئەم دۆخە ژنانی خستۆتە دوو لاوە نازانن کارێک بکەن بۆ بژێوی ژیان یان بۆ خێزان و منداڵ چی بکەن.

 

نادیا مەبروک دەبینێت کە مووچەی مانگانە بۆ پێداویستییەکانی خێزانەکە بەس نییە، بۆیە ژنان ناتوانن پێداویستییەکانیان بکڕن، شەپۆلی بەزبوونەوەی نرخی ڕۆژانە مەترسیدارەو وتی: من لە مەترسیدا دەژیم و زۆر دەترسم، کاتێک شتێک دەخوێنمەوە کە پەیوەندی بە دۆخی نرخەوە هەیە، زۆر دەترسم بارودۆخی من هەر بەم شێوەیە نییە، زۆربەی خێزانەکان لە هەمان بارودۆخدا دەژین.

 

ژنان لە خێزانەکاندا لە بارودۆخێکی زۆر خراپدان و ناتوانن بە پێی بارودۆخی گشتی ئێستا داهاتێکی باش بەدەستبهێنن، ئاستی نرخ ئێستا سنووری تەحەمولی تێپەڕاندووە.