"یەکگرتنی ژنان گرەنتی گەشتنە ئامانجەکانیانە"
ئیرادەی بەهێزی ژن و ئەو باوەڕ بەخۆبوونەی هەیەتی، لە هەموو کاتێکدا وایکردووە ڕووداو و کارەساتەکان بە شێوەیەکی ئاشتیانە چارەسەر بکات، چالاکوانێکیش دەڵێت: بەهێزی ئیرادەی ژن ڕەنگدانەوەی هەیە لەسەر کۆمەڵگە.
شیرین ساڵح
سلێمانی- باوەڕبەخۆبوون و بەهێزی لای هەر تاکێکی کۆمەڵگە، زاڵبوونە بەسەر ڕووداو و بەربەستەکاندا، لەم بوارەشدا ئیرادەی بەهێزی ژنان و باوەڕبەخۆبوونیان بە شێوەیەکی بەرچاو دەبینرێت و کاریگەریان هەیە لەسەر کۆمەڵگە، بۆیە هەمیشە دەستیان بردووە بۆ ئاشتی لە چارەسەرکردنی کێشەکاندا.
"ژنان توانیویانە بەسەر هەموو ناڕەحەتیەکانی ژیاندا سەربکەون"
شنە عەلی، مامۆستا و چالاکوانی بواری ژنان باسی لەو ئیرادە بەهێزەی ژنان کرد، کە چۆن توانیویانە زاڵ بن بەسەر هەموو بەربەست و ڕووداوەکانی ژیاندا و هەمیشەش لە هەوڵدان تا ڕۆڵێکی کاریگەریان هەبێت لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەدا.
شنە عەلی ئاماژەی بەوەکرد، ژنان ئیرادەیەکی زۆر بەهێزیان هەیە لە هەموو ناڕەحەتیەکانی ژیاندا، وە ئەو ناڕەحەتی و ئازارانەی ڕووبەڕووی کۆمەڵگە دەبێتەوە ژنان پشکی شێریان بەردەکەوێت، چونکە ژنان لەلایەکەوە دایکن و لەلایەکەوە خوشکن و ژنن، ئەمەش وایکردووە کە زۆربەی خەم و ئازارەکانی کۆمەڵگە تووشی ژنان ببێت، ژنانیش توانیویانە لەگەڵ ئەم ناڕەحەتیانەی ژیاندا خۆیان بگونجێنن و بتوانن بەربەستەکان تێبپەڕێنن، لە هەموو کارەسات و ڕووداوەکاندا ژنان توانیویانە بەسەریدا زاڵ ببن و سەربکەون، لە کاتی شەهید بوونی ڕۆڵەیەکی کۆمەڵگە جەرگی دایکێک دەسوتێت، ئازار بە ڕۆحی ژنێک دەگات کاتێک باوکی لەدەست دەدات،
"ژنان نیوەی کۆمەڵگەن و دایکی نیوەکەی ترن"
شنە عەلی ڕوونی کردەوە، هەموو ئەو کارەسات و ئاستەنگیانەی ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ژنان خۆیان نیوەی کۆمەڵگەن و دایكی نیوەکەی دیکەن، هەمیشەش ژنان لەسەرپێی خۆیان وەستاون و هاوکارییەکی تەواوی کۆمەڵگەیان کردووە، وتیشی: ژنان ڕۆڵێکی سەرەکی و بنەڕەتیان هەیە لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەدا، ژن وایکردوە کۆمەڵگە چاو لە بەهێزی ئیرادەی ژنان بکەن، ئەم ئیرادە بەهێزە لە ناخی هەموو تاکێکدا هەیە و دەتوانێت تاکێكی بەهێز و سەرکەوتوو بێت لەناو کۆمەڵگەدا، بەڵام ژنان ئەم ئیرادەیان بە شێوەیەکی بەرچاو لە خۆیاندا زیندوو کردووەتەوە.
لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: ئیرادە لە ناخی ژناندا وەکو نەمامێکی بچوک وایە کە بەو ڕۆحیەتە پاکە و بیر و فکرەی خۆیانەوە کۆمەڵگە بەرەو ئاقاریکی تر و ئاشتی دەبەن، ژنان میهرەبانییەکی زۆریان هەیە، بۆیە هەمیشە هەوڵیانداوە بە ئاشتیانە کێشەکان چارەسەر بکەن و خۆشەویستی بڵاوبکەنەوە، ئێمەی ژنانیش هەوڵمانداوە ڕۆڵەکانی کۆمەڵگە چاو لە بەهێزی ئیرادەی ژنان بکەن.
"ئەقڵیەتی پیاوسالاری بەهێزی ئیرادەی ژنانی پێ قبوڵ نیە"
شنە عەلی باسی لەوە کرد، لە جیهاندا زۆربەی کۆمەڵگە دواکەوتووەکان و ئەو کۆمەڵگەیانەی ئەقڵیەتی پیاوسالاری زاڵە بەسەریدا تا ئێستا بە قۆناغی بەهێزی ئیرادەی ژناندا تێنەپەڕیوە، لەبارەی کۆمەڵگەی کوردییەوە دەڵێت: لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بەهۆی خەباتی ژنانەوە توانیومانە تا ڕادەیەک ئەم قۆناغە تێپەڕێنین و بە ئیرادەی خۆمانەوە ڕووبەڕووی ئەقڵیەتی پیاوسالاری ببینەوە، ڕێگەی ئەو کار و چالاکیانەی ژنان ئەنجامی دەدەن و ئەو خۆڕاگریەی ژنان خۆیان هەیانە، هەروەها ئەو ئابووریە سەربەخۆیەی بەشێک لە ژنان هەیانە ئێستا، ئەقڵیەتی زاڵ ببێت، بەڵام ئێشتا لە کۆمەڵگەیەکدا دەژین کە ئەقڵیەتی پیاوسالاری دەستی بەسەر خێزانەکانەوە هەیە، بەشێک لە خێزانەکان تا ئێستا ژنان دەچەوسێننەوە، ئێمەی ژنان هەوڵمانداوە ئەو هزرە پیاوسالاریە تا ڕادەیەک کەم بکەینەوە.
"پێویستە کار لەسەر ئاستی ڕۆشنبیری تاکەکان بکرێت"
شنە عەلی ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت کۆمەڵگە و بە تایبەت ژنان هۆشیار بکرێنەوە و ڕووبەڕووی ئەقڵیەتی پیاوسالاری ببنەوە، بە ڕۆشنبیرکردنی تاکەکانی کۆمەڵگە و فکری کۆمەڵگە بگۆڕین لە ڕێگەی سیمینار و بەرنامەی تایبەت، ئەگەر تەنها کورتە ڤیدۆیەکیش بێت پیشانی بدەین ژنانیش ڕۆڵیان هەیە لە پێشکەوتنی کۆمەڵگەدا و چەندە کاریگەرن، پیشانی بدەین چۆن دەتوانین ژنێک پەروەردە بکەین لە دواڕۆژدا بتوانێت پەروەردەیەکی تەندروستی منداڵەکانی خۆی بکات و دوور بێت لە توندوتیژی، ئەمەش پێویستە کاری لەسەر بکرێت و ئەم بەرنامانە بخەینە ناو خوێندنگە و کۆمەڵگەوە.
هەروەها وتیشی: بەداخەوە تا ئێستاش هەندێک کەس ڕۆڵی ژنان بەرتەسک دەکاتەوە لە کۆمەڵێک بواردا و دەڵێن ژنان تەنها ئازادییان دەوێت، بەڵام ژنان ئازادیان ناوێت، بەڵکو ژنان سەربەخۆیان دەوێت لە بیرکردنەوە و کارکردندا، بۆ ئەوەی ئەو هێز و وزەیەی هەیەتی لەپێناو کۆمەڵگەدا بەکاریبهێنێت.
"یەکگرتووی ژنان کۆمەڵگە بەرەو پێش دەبات"
لە کۆتاییدا شنە عەلی جەختی لە یەکگرتووی ژنان کردەوە و وتی: ئەوەی ژنانی بە بەهێزی هێشتووەتەوە ئیرادە بەهێزەکەی خۆیان و ئەو توانا بێ سنورەیە کە لەناو ژندا هەیە، پێویستە ژنان یەکبگرن دژی هەر ئەقڵیەتێکی پیاوسالاری، نەک تەنها ژنان بەڵکو دەبێت هەموو کۆمەڵگە یەکدەنگ بن لەپێناو بەرەو پێشچونی کۆمەڵگەدا، ئەوەی ژنان بە بەهێزی دەهێلێتەوە یەکگرتووی و پاڵپشتیکردنی یەکتری ژنانە، پێویستە کارێکی وەها نەکەین کاریگەری حزبەکانمان لەسەر بێت، هەموو ژنان یەکبگرن و کاربکەن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان و بەرەو پێشچوونیان، لە هەموو قۆناغێکدا گرنگترین شت کۆدەنگی ژنانە، چونکە یەکگرتووی ژنان لە کاتی ڕووداوەکاندا دەتوانیت خێزانەکان کۆبکاتەوە و دووبارە ژیان دروستبکاتەوە، ئەگەر ئێمەی ژنان یەکبگرین لەپێناو خەباتێکی ئاشتیانەی کۆمەڵگەدا، بیگومان کاریگەریمان لەسەر کۆمەڵگە دەبێت و بەرەو پێش دەڕوات.