ئیدلب.. خواردنی بەسەرچوو دەبێتە هۆی ژەهراویبوونی ژنان و منداڵان

ژەهراویبوونی خۆراک بووەتە لایەنێکی تر بۆ ئێش و ئازاری ئاوارەکانی ئیدلب، کە هاوکاتە لەگەڵ هەژاری و گرانی و خراپبوونی بارودۆخی ژیان، ئەویش بەهۆی ئەو بازرگانانەی کە بۆ سودی ماددی هەلەکە دەقۆزنەوە.

لینا ئەلخەتیب

 

ئیدلب- دووبارەبوونەوەی حاڵەتەکانی ژەهراویبوونی خۆراک لە کامپەکانی ئاوارەکانی ئیدلب لە ئەنجامی بڵاوبوونەوەی خواردنی بەسەرچوو و نەبوونی کۆنتڕۆڵی بازاڕەکانی خۆراک لە هەرێمەکە ڕوودەدات، هەروەها خێرخوازییەکان ژەمی خراپبوو بەسەر ئاوارەکاندا دابەش دەکەن، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ژنان و منداڵان ببنە قوربانی یەکەمی ئەم دیاردەیە.

 

محەمەد ئەلسەتیف تەمەن ٨ ساڵ، ئاوارەی شارۆچکەی هەبیتە و لە کامپێکی شارۆچکەی حەربنووش لە باکووری شارۆچکەی ئیدلب دەژی، بەهۆی ژەهراویبوونی خۆراکەوە گیانی لەدەستدا، دوای خواردنی چیپسی پەتاتەی ئامادە، حەیات نەجاری دایکی، تەمەن ٣٤ ساڵان وتی: کوڕەکەم لە قوتابخانە هاتەوە کە بە ئازاری سک و ڕشانەوەیەکی توندەوە دەیناڵاند، کاتێک پرسیارم کرد بۆ، پێی وتم کە ئەو چیپسە پەتاتەی خواردووە کە لە دووکانێکەوە کڕیبووی، کاتێک باوکی لە هەمان دووکانەوە بەرهەمەکەی هێنا، دەرکەوت کە زیاتر لە ساڵێک پێش ئێستا بەسەرچووە.

 

وتیشی: کاتێک فرۆشیارەکە ڕووبەڕووی بەسەرچوونی بەرهەمەکە کرایەوە، بانگەشەی ئەوەی کرد کە کەلوپەلەکانی لە کۆمپانیایەکی بازرگانی لە شاری سەرمەدا کڕیوە، بەبێ ئەوەی گرنگی بە بەرواری بەسەرچوونی بدات.

 

ڕودینە ئەلخەتیب، تەمەن ٣١ ساڵ، ژنێکی ئاوارەی کامپی ئەلکەمونەی باکووری ئیدلبە، کە لەگەڵ سێ منداڵەکەی ژەهراوی بوون، وتی: دوای خواردنی پەنیری قوتو کە لە یەکێک لە دوکانەکانی ناو بازاڕی ناوخۆ کڕیم، لەگەڵ منداڵەکانم تووشی سکچوون و ڕشانەوەی سەخت بووین و بردراین بۆ شوێنی پزیشکی کامپەکە.

 

لە ١٥ی تشرینی دووەم، ژنێک گیانی لەدەستدا و سێ کەسی دیکەش پاش خواردنی ژەمێکی قوتو لە کامپی ئەلجاسم ژەهراوی بوون، سەرچاوەکان لە کامپەکەوە ڕایانگەیاندووە، کە یەکێک لە ڕێکخراوەکان پسووڵەی خۆراکی بەسەر ئاوارەکاندا دابەشکردووە و دوای ئەوەی لە دووکانەکان خەرج دەکرێت و ژەمێکی سەردینی خواردووە، ژەمەکە تێکچووە.

 

لە مانگی ئاداردا زیاتر  لە ٢٥ کەس، کە ژن و منداڵیان تێدایە، بەهۆی خواردنەوەی ئاوی پیس لە کامپی گوندی قوڕ لە نزیک مەرعەت میسری باکوری ئیدلب، ژەهراوی بوون.

 

دکتۆر ڕەشا ئەلبەکور تەمەن ٤٠ ساڵان لە سەرمەدای باکووری ئیدلب وتی: بڵاوبوونەوەی حاڵەتەکانی ژەهراویبوونی خۆراک لەو ناوچەیە دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی سەرپەرشتیکردن لەسەر کۆگای خۆراک و دانانی لە بازاڕدا، هەروەها نەبوونی لێپرسینەوە بۆ سەرپێچیکارانی باری تەندروستی گشتی و سەلامەتی، هەروەها شێوازی هەڵگرتن و گواستنەوە و دابەشکردن و سروشتی ئەو پاکەتانەی کە تێیدایە".

 

ئاماژەی بەوەشکرد کە نەخۆشخانەکان ڕۆژانە حاڵەتی ژەهراویبوون وەردەگرن، بەهۆی خواردنی قوتو یان چۆنیەتی خواردن لە ڕێستۆرانتەکان و جەختیشیکردەوە، کە ماددە تێکچووەکان ڕەنگە ببێتە هۆی نەخۆشی، هەندێک جار نیشانەکانیان لە حاڵەتی ئاسایی وەک گێژاو و ڕشانەوە و سکچوون تێپەڕ دەبن، هەروەها ژەهراویبوونی خۆراک یەکێکە لە هۆکارە گرنگەکانی هەوکردنی ڤایرۆسی.