دەروون دروستی ژنان، بنەمایەک بۆ بنبڕبوونی بیرۆکەی خودکوژی

ژنان بە گرنگیدان بە دەروون دروستی، هەنگاونان بۆ ژیانێکی ئەرێنی، هۆشیاربوونەوە لە مافەکانیان و هەستکردن بە گرنگی ڕۆڵیان لە کۆمەڵگەدا دەتوانن ڕووبەڕووی گرفتەکانیان ببنەوە و هەر دۆخێکی توندوتیژی تێبپەڕێنن کە لەلایەن چواردەوریانەوە بەرامبەریان ئەنجامدەدرێت.

بێریڤان کەمال

 

سلێمانی- خۆکوژی یان خۆکوشتن بریتییە لەو کردەیەی کەسێک کۆتایی بە ژیانی خۆی دەھێنێت، چەندین شیکاری دەروونی بۆ هۆکارەکانی کراوە کە زۆرجار لە بێ هیوای کەسەکان و دۆخێکی توندوتیژی بەردەوامەوە دروست دەبێت، نەخۆشیی دەروونی، خەمۆکی و کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەبنە هۆی زیادبوونی تەنگەژەی دەروونی کەسەکان، زیاتر لە کۆمەڵگەیەک ئەم دیاردەیە دەبینرێت کە گرنگی بە مافی تاکەکان نادرێت، بەتایبەتی ژنان و ڕێگریان لێدەکرێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژییەکان.

 

دەروون دروستی بەشێکە لە تەندروستیی گشتی و بەتەواوی کاریگەری لەسەر ڕەفتار و تەندروستيی جەستەی هەیە و مانای بوونی تەندروستی ژیری و دەروونی و جەستەییە پێکەوە، دەروون دروستی ژنان یارمەتیدەرە لە ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی، دەستدرێژی و فشارەكانی ڕۆژانەی ژیان و چارەسەری کێشەکان، وادەکات ژن بەشدارییەکی چالاکانەی لە کۆمەڵگەدا هەبێت، پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ دەوروبەرەکەیدا هەبێت، هەست بە ئاسوودەیی و دڵنیایی بکات و هەوڵ بۆ ئاسوودەیی کەسانی تریش بدات، بەمەش تاك دەتوانێت چێژ لە ژیان ببینێت و بڕیار لەسەر کارە گرنگەکان بدات کە پەیوەندیی بە شێوازی ژیانییەوە هەیە.

 

"هەموو تاکێک لەم ژیانە نرخ و بەهای هەیە "

لاوێن کوردە، چارەسەرکاری دەروونی، باسی لە دۆخی ئەو کەسانە کرد کە بە هۆکاری گرفتێکی دەروونی سەردانی کلینکەکەیان دەکەن،" کاتێک کەسەکان سەردانمان دەکەن باس لەوە دەکەن کە بیرۆکەی خودکوژیان هەیە، یاخود پلانێکی لەو شێوەیان هەیە، بەڵام هەندێکی دیکەیان دەیشارنەوە و ئێمە بە قسەکانیان هەستی پێدەکەین، کەسەکە بێ هیوایە، هەست دەکات هیچ ئامانجێکی نییە بۆی بژی، دوور دەکەوێتەوە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، لەو شتانە دوور دەکەوێتەوە کە پێشتر چێژی لێبینیووە هەست دەکات خۆشی نەماوە لە ژیان پێیوایە مردن باشترە لە ژیان، ئەمانە بۆ ئێمە ئاماژەیەکن کە بە گرنگ وەریبگرین و کاری لەسەر بکەین تا زیاتر یارمەتی کەسەکان بدەین.

 

لاوێن ئەوەشی خستەڕوو کە زۆربەی ئەو کەسانەی سەردانیان دەکەن بۆ کلینک لە مێژووی خێزانیان پێشتر کردەی خودکوژیان هەبووە، یاخود لە ژیانیان بەردەوام ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە،" توندوتیژی بە هەموو جۆرەکانییەوە وەک جەستەیی، دەروونی و دەستدرێژی بۆ سەر ژنان کە لەلایەن ئەندامانی خێزان یاخود کەسانی دەرەوە بەرامبەریان ئەنجامدەدرێت و وادەکات ئەو کەسە متمانەی نەمێنێت و هەست بە کەمی خۆی بکات، هەست دەکات لەم ژیانە نەمێنێت باشترە و بیرۆکەی ئازاردانی خودی بۆ دروست دەبێت.

 

لە درێژەی باسکردنی توندوتیژییەکاندا وتی: بۆ ژنان دەستدرێژی سێکسی یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکان لەلایەن ئەندامانی خێزان یاخود کەسانی دەرەوەی خێزان بەرامبەریان ئەنجامدەدرێت، لە ئەنجامدا ژنان بەهۆی زهنییەتی کۆمەڵگەوە ناتوانن بۆ کەسی باس بکەن، نەوەک عەیبەی بێتە سەر و ئەمانەش بەیەکەوە گرفتی دەروونی بۆ دروستدەکات.

 

"ژیان چەندین خاڵی ئەرێنی هەیە کە پێویستە ببینرێت "

لاوێن کوردە باسی لە پلانی سەلامەتی بۆ نەخۆشەکان کرد و وتی: ئەو کەسانەی کە دێنە لای ئێمە سەرەتا هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکەین کە بزانین بیرۆکەی خۆکوژی تا چەندە توندە و هەوڵی بۆ داوە، بۆیە بە چەند ڕێگەیەک یارمەتی کەسەکە دەدەین، وەک سەرەتاش پلانی سەلامەتی بۆ ڕێگری لە پلانی خودکوژی کەسەکە دادەنێین و قسە لەگەڵ ئەندامانی خێزان و کەسە نزیکەکانی دەکەین، دواتر دەگەڕێین بۆ دۆزینەوەی هۆکاری خودکوژییەکە، پاشانیش لەسەر بیرۆکەکان ئیش دەکەین کە گۆڕانکاری دروستبکەین لە لایەنی هزری، ڕەفتاری، و بیرۆکەکانی و دۆزیەنەوەی ڕێگا چارەسەرییەکان.

 

لاوێن باسی لە گرنگی بیرۆکە ئەرێنییەکان کرد بۆ ژیان و وتی: کەسەکە بیرۆکەی نەرێنی دەربارەی خۆی و کەسەکانی چواردەوری هەیە و دەگاتە خاڵێکی بێ هیوای، هەست دەکات هیچ سوودی نییە و لەم ژیانە بایەخی نییە و خاڵێکی گەشبینی لە ژیانی نابینێت، بەڵام لە کاتی گۆڕانی بیرۆکەکانی، بۆی دەردەکەوێت کە ئەو تەنها تەرکیزی خستووەتە سەر خاڵە نەرێنییەکانی ژیان و دواتر خاڵە ئەرێنییەکانی ژیانی دەبینێت و گەشبین دەبێت دەربارەی ژیانی و دەزانێت زۆر شت هەیە، دەبێت پێیبگات،  هەست بە گرنگی خۆی دەکات و  هیوای بۆ دەگەڕێتەوە.

 

"هەموو ژنێک شایانی ئەوەیە لە ژیانێکی ئارامدا بژی"

لاوێن کوردە ئاماژەی بە گرنگی ژیان و دەروونێکی ئارامی بۆ ژنان کرد، وتیشی: زۆرجار کەسەکان قبوڵی دۆخێکی توندوتیژی دەکەن، لەبەر چەند هۆکارێک خۆیان گرێدراوی ئەو دۆخە دەکەن، بەڵام خۆیان لە بارودۆخێکی دەروونی زۆر ناخۆشدان، و زۆرجار عەیبە و قسە و لۆمەی کۆمەڵگە هۆکارێکی دیکەیە کە ژنان ناچار دەکات توندوتیژییەکان قبوڵ بکەن، بەڵام گرنگە ژنان لەوە تێبگەن لایەنی دەروونی خۆیان لە هەموو شتێک گرنگترە و وادەکات زیاتر بەرەوپێشەوە بچن لە ژیان و چی دیکە توندوتیژییەکان قبوڵ نەکەن چونکە هەموو ژنێک شایەنی ئەوەیە ژیانێکی ئارام بژی.

 

ئەو چارەسەرکارە دەروونییە باسی لە ڕۆڵی ژنان کرد و دەڵێت: ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگە و بەرەوپێشچوونی زۆر گرنگە، چونکە دایک دەتوانێت لە پەروەردەیەکی دروستی خێزانەوە کۆمەڵگەیەکی تەندروست بونیاد بنێت و ڕۆڵێکی بەهێزیان هەیە، هەروەها لە جیهان چەندین خەبات و تێکۆشان بەڕێوەدەبەن ، گرنگە ژنان هاوکاری یەکدی بن لە هۆشیاربوونەوە و ڕووبەڕووبوونەوەی کۆمەڵگە بە گشتی، پێویستە ئەگەر ژنێکمان بینی لە دۆخێکی توندوتیژی و گرفت و کێشەدابوو بە هەموومان هاوکاری بین و یارمەتی بدەین، چونکە ڕەنگە ئەو کەسە زانیاری نەبێت لە ڕێگاکانی وەرگرتنی چارەسەری و دەبێت هاوکاری بکەین کە چیتر دۆخێکی ناخۆش قبوڵ نەکات و ڕووبەڕووی توندوتیژییەکان ببێتەوە و پێگەی خۆی بۆ هەمووان بسەلمێنێت.

 

لە کۆتایدا ئەوەی خستەڕوو کە گرنگترین شت ئەوەیە ژنان بەرچاو ڕوون بن دەربارەی مافەکانیان لەناو خێزان و کۆمەڵگە، بۆئەوەی کاتێک هەستیان کرد مافەکانیان پێشێل دەکرێت و توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت، هۆشیاربن لە پاراستنی مافەکانی خۆیان و بەرەنگاری ئاستەنگییەکان ببنەوە.