حکومەت چاوی بڕیوەتە دەرماڵەی خوێندکاران

لە ساڵی ٢٠١٤ەوە حکومەتی هەرێم دەرماڵەی خوێندکارانی بڕیووە، تەنها ساڵی پار لەژێر فشاردا چەند مانگێک دەرماڵە درا، ئەمەش دەیسەلمێنێت حکومەت چاوی بڕیوەتە دەرماڵەی خوێندکاران لە جیاتی ئەوەی هەلی کاریان بۆ بڕەخسێنێت.

شنیار بایز

 

سلێمانی- دەرماڵەی خوێندکاران یەکێکە لە مافە سەرەتاییەکانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان، لە پاڵ زەوتکردنی مافەکانی دیکەی خوێندکاران و دەستەبەرنەکردنی پێداویستییەکانیان لە ساڵی ٢٠١٤وە دەرماڵەی خوێندکارانیش بووەتە یەکێکی تر لە مافە خوراوەکانی خوێندکاران، ساڵی ڕابردوو-٢٠٢١ بەهۆی فشار و خۆپیشاندانەکانی خوێندکارانەوە چەند مانگێک دەرماڵە درایە خوێندکاران و دواتر وەستایەوە، ئەمەش دووبارە ناڕەزایەتی خوێندکارانی لێکەوتەوە.

 

سەرەتای ناڕەزایەتیەکانی ئەمساڵ لە خوێندکارانی زانکۆی هەڵەبجە، چەمچەماڵ و گەرمیانەوە دەستیپێکرد، دواتر زانکۆی سلێمانیش بەشداری کرد، بۆ ئەو مەبەستەش لە بەرواری ١ی تشرینی دووەم گردبوونەوە و بەیاننامەیەکیان ئاڕاستەی سێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێم و وەزارەتی خوێندنی باڵا کرد، کە ئەگەر جێبەجێ نەکرێن گردبوونەوە ئەنجامدەدەن، لە پاش هەفتەیەک لە جێبەجێنەکردنی داواکانیان لە بەرواری ٨ی تشرینی دووەم خوێندکاران دەستیانکرد بە گردبوونەوە، تا ئێستاش گردبوونەوە لە ناوچە و شارە جیاوازەکان بەردەوامە و چەند ڕۆژی ڕابردوو لە شاری سلێمانی هێزە ئەمنییەکان بە ئاو و گازی فرمێسکڕێژ بڵاوەیان بە خوێندکاران کرد و ئەمڕۆش دەوامی زانکۆ ڕاگیراوە.

 

لەگەڵ ئەوەی پڕۆژە یاسای پێویست لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران کراوە، بەڵام ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژەکەی نەخستووەتە بەرنامەی کارەوە بەمەبەستی پەسەندکردن و خەرجکردنی دەرماڵەی بۆ ئەمساڵی خوێندکاران .

 

"بەرپرسیارێتی مافی خوێندکاران لە ئەستۆی هەموومانە"

دکتۆر ئاشتی حەمەساڵح، مامۆستای زانکۆ، دەربارەی بەرپرسیارێتی حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار بۆ مافی خوێندکاران ئاماژەی بەوەکرد، کاتێک زانکۆیەک دادەنرێت بۆ ئەوە دانانرێت خوێندکارێک یاخود گەنجێک پەروەردە بکات، وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ خۆی دەزانێت پەروەردەکردن و فێرکردنی خوێندکارانی زانکۆ بۆ ئاستێکی باڵایە، گرنگە بەرپرسانی هەرێمیش بۆ خۆیان ئەوە بزانن کە ئەم خوێندکارانە لە کۆتایدا خزمەتی وڵات دەکەن و وڵات بەڕێوەدەبەن.

 

بۆیە بە پێویستی دەزانێت لە کاتی خوێندندا خوێندکاران تەواوی پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکرێت ئیتر دەرماڵە بێت، وانەیەکی باش بێت یاخود پەروەردەکردنی خوێندکارەکە بێت جیاوازی نییە، وتیشی: چی بەرهەم بهێنیت دواتر بە پێی ئەوە سودی لێوەردەگریت، چونکە دواتر ئەو خوێندکارانە دەڕژێنە هەگبەی دەسەڵاتەوە و دەچێتە یەکێک لە پێگەکانی دەسەڵات و وڵات بەڕێوەدەبات"

 

"تا گرنگی بدەی بە خوێندکار وڵات زیاتر پێشدەکەوێت"

دەربارەی گرنگی بوونی دەرماڵەی خوێندکاران ڕوونیکردەوە، دەرماڵەی خوێندکاران لای هەندێک کەس شتێکی ئاساییە، بەڵام بە پێچەوانەوە بوونی دەرماڵە ئینتیما لای خوێندکار دروست دەکات، تەنانەت ئەگەر پێویستیشی پێی نەبێت چونکە ئەو ڕۆژەی دەرماڵەکە وەردەگرێت هەست دەکات زانکۆ وەک دیارییەک پێیداوە و پاڵپشتی کردووە، "کاتیک خوێندکار دەبینێت حکومەت و زانکۆ هاوکاری دەکات، بێگومان لە پاش تەواوکردنی خوێندنەکەی بەهەمان شێوە ئەو هەستەی لا دروستدەبێت کە پێویستە خزمەت بە وڵات و زانکۆکەی بکات، لەپێناو پێشکەوتنی، تا ئەو ڕادەیەی لە پێناویدا خۆی شەهید بکات".

 

"بەرپرسان و حکومەت خوێندکار ناچاری خۆپیشاندان دەکەن"

ئەو مامۆستای زانکۆیە باسی لەوەکرد، بوونی قەیرانەکان لە هەرێمی کوردستان کاریگەری کردووەتە سەر ئەم دۆخە، دەکرێت قەیران کاریگەری بکاتە سەر ڕۆحی تاکەکان نەک تەنها شتە ماددیەکانی دنیا، دەرماڵەی خوێندکارانیش بەشێکە لەو قەیرانانە، بەڵام پێویستە بەرپرس و لایەنی پەیوەندیدار ڕێگە نەدات خوێندکاران بکەونە ژێر کاریگەری خراپی قەیرانەکان، چونکە تەنها کاتێکی دیاریکراو دەخوێنن، بۆیە گرنگە خزمەت بکرێن بۆ ئەوەی لە دواڕۆژدا خزمەت بە وڵات بکەنەوە.

 

دەشڵێت: خۆپیشاندانی خوێندکارانیش پەیوەستە بەو دۆخەی کە دەسەڵاتداران و حکومەت بۆ خوێندکارانیان دروست کردووە، کاتێک داواکانیان جێبەجێ ناکەن، ناچاریان دەکەن بڕژێنە سەر شەقامەکان، ئەمەش دەرخەری سیستمێکی هەڵەیە لە زانکۆکاندا، هەرچەند خۆپیشاندان بکەن کەس ناتوانێت سەرزەنشتیان بکات، چونکە داوای مامی خۆیان دەکەن، ئەمەش لەلایەکی دیکەوە زەرەریان لێدەدات بەوەی لە خوێندن دوادەکەون، بۆیە گرنگە بەرپرسان و دەسەڵاتداران بەر لە هەموو شتێک گرنگی بدەن بە خوێندکاران و پڕۆسەی خوێندن، چونکە سەروەتی نیشتیمانن.

 

"هەبوونی هەلی کار لەناو زانکۆکاندا ڕێگەیەکی چارەسەرییە"

دکتۆر ئاشتی ڕوونیکردەوە لە توێژینەوەیەکی خۆیدا بۆی دەرکەوتووە، زۆرینەی خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی کاریان نییە، لە کاتێکدا پێویستە خوێندکاران لە پاڵ خوێندنیاندا کار بکەن، دەربارەی ڕەخساندنی هەلی کار لەناو زانکۆکاندا بە تایبەت بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار و بەشە ناوخۆییەکان، ڕوونیکردەوە حکومەت چونکە خودی خۆی لە قەیراندایە، هەرێمی کوردستان سەقامگیر نییە تەنها ئەو بودجەیەی کە هەیە بۆ هەندێک لە پێداویستییەکانی زانکۆیە بەشی ئەوە ناکات هەلی کاری پێ بڕەخسێنێت.