ئەقڵیەتی پیاوسالاری ئامارەکانی کوشتنی ژنانی بەرزکردووەتەوە، ڕێگریش لە بڵاوبوونەوەی دەکرێت

ماوەی دوو مانگە ڕێگری لە بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی کوشتنی ژنان کراوە، لەم ماوەیەدا ئامارەکانی کوشتنی ژنان ونن، لایەنی پەیوەندیداریش خۆی بەرپرس نابینێت لە گرنگیدان بە بڵاوکردنەوەی ئامارەکان، ڕێکخراوەکانیش وەک پێویست فشاریان دروست نەکردووە.

شنیار بایز

 

سلێمانی- وەزارەتی ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بڕیارێکیدا کە لە ڕێگای ڕاگەیەندراوێکەوە لە بەرواری ٨ی حوزەیران ئاڕاستەی سەرجەم میدیا بینراو و بیستراوەکانی کردبوو. تیایدا هاتووە، هەواڵی "کوشتن و خۆکوشتن و سوتاندن" قەدەغە دەکەن، ماوەی دوو مانگە ئەم بڕیارە دەرکراوە، بەڵام درک بەوە دەکرێت ئامارەکانی کوشتنی ژنان لەم ناوەندەدا ون دەبێت، وەزارەت و لایەنی پەیوەندیدار هیچ ئامارێکیش بڵاو ناکەنەوە.

 

هەرچەندە دەتوانرا ئەم ڕێگرییە نەکرێت، بەڵام هەواڵەکانی کوشتن بە جۆرێک بڵاوبکرێتەوە کە کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆمەڵگە دروست نەکات، نەبێتە ڕێگەخۆشکەرێک بۆ زیادبوونی هەواڵەکانی کوشتن.

 

ئامارەکانی مانگی تەمموزی خۆکوشتن و کوشتنی ژنان شاراوەن

هەواڵی کوشتن و خۆکوشتن لە مانگی تەمموزدا، بەپێی پێویست بڵاونەکرایەوە، بەپێی ئەو ژمارەیەی ئاژانسی نوژنها کۆیکردووەتەوە، مانگی تەمموز بە نزیکەی ٥ حاڵەتی کوشتن و خۆکوشتن ڕوویداوە، هەندێک حاڵەتی دیکەش تەنها وەک دەنگۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ماونەتەوە و لایەنی پەیوەندیدار و میدیا پشتڕاستی نەکردووەتەوە، بەپێی بڕوای چالاکوانان و توێژەرانیش، بەردەست نەبوونی ئامارەکان کاریگەری لەسەر دۆزینەوەی چارەسەری و مەترسییەکان بۆ سەر کۆمەڵگە هەیە.

 

عایشە عەبدول حەکیم لێپرسراوی بەشی کۆمەڵایەتی و سکرتێری یەکێتی ژنان، باسی لە توندوتیژییەکانی سەر ژنان و دۆخی ژنان کرد لە ئێستای کۆمەڵگەی کوردیدا و ئاماژەی بەوەکرد، هەمیشە لە مێژووی ژن و کۆمەڵگەدا توندوتیژی هەبووە و بەردەوام بووە، بەڵام بە پێی کۆمەڵگە و خێزان جیاوازی هەبووە، ژن لە هەموو کایە جیاوازەکانی کۆمەڵایەتی، سێکسی و سیاسی توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت.

 

"هۆکاری توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان تا دێت زیاد دەکات"

عایشە عەبدول حەکیم، باسی لەوەکرد هۆکاری جیاواز هەن بۆ بوونی ئەم توندوتیژیانە، وەک خراپی باری ئابووری کە بەردەوام لە هەرێمی کوردستان باری ئابووری جێگیر نییە، هەروەها نەبوونی ئابووری سەربەخۆی ژن دەبێتە هۆی توندوتیژی، هەندێک کات ژن خاوەنی ئابووری سەربەخۆیە بەڵام بەهۆی توندوتیژی پیاوەوە لێی زەوت دەکرێت، بەشودانی کچان لە تەمەنێکی منداڵیدا دەبێتە هۆی بوونی توندوتیژی چونکە زوو بەشوودانی منداڵ دەبێتە هۆی لێکتێنەگەیشتن دواجار کێشەی خێزانی دروستدەبێت و زۆرترین توندوتیژی بەرامبەر بە ژنەکە دەکرێت.

 

"دەستێوەردانی دەرەکی بۆ ژیانی هاوژینی دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە و دواتر توندوتیژی بۆسەر ژن دروستدەکات، خێزان بەرەو هەڵوەشاندنەوە دەبات، جگە لەمانە ئەو کێشانەی بەهۆی سۆشیاڵ میدیا و مۆبایلەوە دروستدەبێت لە ئاستێکی بەرزدان و زۆر پیاو لەو ڕێگەیەوە توندوتیژی بەرامبەر بە ژن و خێزانەکەی دەکات، بە جۆرێک چەندین لە ڕێگای سۆشیاڵ میدیاوە خیانەت دەکات، وە ئەگەر ژنەکەشی بە هەڵە لە ڕێی مۆبایلەکەیەوە پەیوەندی پێوە بکرێت توندوتیژی بەرامبەر دەکات".

 

"ئەقڵیەتی پیاوسالاری ژنی ڕاکێشی توندوتیژی کردووە"

عایشە عەبدول حەکیم ئاماژەی بەوەشکرد، پێگەی پیاوسالاری لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا بە زەقی ڕەنگی داوەتەوە، ئەمەش وایکردووە ئێمە لە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاریدا ژیان بکەین، هەمیشە ئامانجیانە ژن کۆیلەی ژێردەستی پیاو بێت و بەردەوام لە خزمەتی پیاودابێت و چیتر مافەکانی خۆی پێنەدرێت، "توندوتیژی بووە بە بەشێک لە خێزانەکانی کۆمەڵگەی کوردی، بۆ ئەوەی ڕێگری لە توندوتیژی بکەین، پێویستە سەرەتا لە پەروەردەی منداڵەکانەوە دەسپێبکرێت، لە منداڵییەوە منداڵ بزانێت ژن و پیاو یەکسانە و هەردووکیان مرۆڤن بێ جیاوازی، ئەمەش وادەکات توندوتیژی کەمبێتەوە، بەڵام پێویستە خێزان هۆشیار بێت تا منداڵەکانی بەو شێوەیە پەروەردە بکات، ژن پێویستە ئازاد بێت و ئەرک و مافی پێبدرێت".

 

"تا مافی ژن دەستەبەر نەبێت کۆمەڵگەیەکی دیموکرات نایەتە بەرهەم"

سکرتێری یەکێتی ژنان وتیشی: ئێمە وەک بەشی کۆمەڵایەتی یەکێتی ژنان هەمیشە هوڵمانداوە کێشەی خێزانەکان چارەسەر بکەین، خێزانەکانی کۆمەڵگە بەرەو تەندروست باشی بەرین، چونکە تا مافی ژن دەستەبەر نەبێت کۆمەڵگەیەکی دیموکرات نایەتە بەرهەم".

 

لەبارەی بێدەنگبوونی ژنان بەرامبەر ئەو توندوتیژییانەی بەرامبەریان دەکرێت، عایشە عەبدول حەکیم، ئەوەی خستەڕوو کە لە منداڵییەوە منداڵی کچ سەرکوت دەکرێت و پێی دەڵێن نەکەی عەیبە، دانیشە، قسەمەکە، ئەمانە وایان کردووە ژن بەردەوام ئەو توندوتیژیانەی بەسەریدا دێت بیشارێتەوە و پێی شەرم بێت باسی بکات، هەروەها خێزانەکانیش کێشەی کچەکانیان پەردەپۆش دەکەن هەندێک کات مافی ژن لەوێدا ون دەبێت، هۆکاری سەرەکی ئەمەش دواکەوتووی ئاستی ڕۆشنبیری کۆمەڵگەیە

 

"لە ئێستادا بەهۆی بوونی چەندین ڕێکخراوی ژنان، ژن وریابووەتەوە بە جۆرێک داوای مافەکانی خۆی دەکات و لە ئاستێکدا ڕووبەڕووی توندوتیژییەکانی کۆمەڵگە دەبێتەوە، ئەمەش لە ڕێگای خۆڕۆشنبیرکردنەوە و کارکردنی ژن زیاتر دێتە بەرهەم".

 

"ڕێکخراوەکانی ژنان پێویستە لە هۆکاری قەدەغەکردنی هەواڵەکانی کوشتنی ژنان بکۆڵنەوە"

دیاردەی کوشتن و توندوتیژی دیاردەیەکی هەستیارە لە نێو کۆمەڵگەدا، کاریگەری دەبێت لەسەر پەرتبوونی کۆمەڵگە، پەیوەندییەکانی ناوی و دەروونی هاوڵاتیان، بۆیە دەبێت ئەو لایەنانەی ئاماژە بە ڕووداوەکانی کوشتن دەکەن وریایانە مامەڵە لەگەڵ بڵاوکراوەکانیدا بکەن، بەهۆی ئەوەی بەشێک لە ڕاگەیاندنەکان ڕاستەوخۆ دیمەن و شێوازی کوشتن و خۆکوژی ژنەکان بڵاودەکەنەوە بۆیە وەزارەتی ڕۆشنبیری بڕیاری دەرکرد بە قەدەغەکردنی هەواڵەکانی کوشتن، بەڵام ئەمە لێکەوتەی خراپی لێدەکەوێتەوە.

 

عایشە عەبدول حەکیم باسی لەوەکرد، کاتێک کۆمەڵگە و خێزان ئەم هەواڵانە دەبیستێت دەروونیان تێکدەچێت، جۆرێک لە ئاڵۆزی لە شێوازی هەڵسوکەوتیان تیادا دەردەکەوێت، "پێویستە وریایانە هەواڵەکانی کوشتنی ژن بڵاوبکرێتەوە، نەک ڕێگری بکرێت لە بڵاوکردنەوەی، چونکە لە ئەنجامی ڕێگریکردن ئامارەکانی کوشتنی ژنان ون دەبێت و ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەر ژن دەکرێت نیشان نادرێت، کاتێکیش وەزارەتی ڕۆشنبیری ڕێگری لە بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی کوشتن دەکات پێویستە خودی خۆی ئامارەکان بڵاوبکاتەوە".

 

بە پێویستی دەزانێت ڕێکخراوەکانی ژنان بە کۆدەنگی ڕووبکەنە وەزارەتی ڕۆشنبیری هۆکاری قەدەغەکردنی هەواڵەکانی کوشتن بزانن، لە کاتێکدا چەندین ڕێگای دیکە هەیە بۆ ئەوەی هەواڵەکانی کوشتنی ژنان کاریگەری کەمی هەبێت لەسەر کۆمەڵگە.