ڕیما مەرشۆ: جەژنی ئەکیتۆ بە یەکگرتنی گەلان واتادارتر دەبێت

ڕیما مەرشۆ، ئەندامی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی یەکێتی ژنانی سریانیی، ١ی نیسان، جەژنی ئەکیتۆ کە سەری ساڵی ئاشوری و سریانی و کلدانی و سەرەتای ژیانەوەیە، لە هەموو گەلان پیرۆز دەکات.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە- جەژنی ئەکیتۆ، هەموو ساڵێک لە ١ی نیسان لەلایەن خەڵکی ئاشوری و سریانی و کلدانییەوە پیرۆز دەکرێت. ئەم جەژنە زیاتر لە ٦٧٧٠ ساڵە لەنێوان خەڵکی نێوان دوو ڕووباردا هەیە و کۆنترین جەژنە لە مێژوودا، ئەکیتۆ بە واتای ژیانی نوێ دێت، لە سەردەمی سۆمەری و بابلییەکانەوە دەستپێدەکات تا سەردەمی ئاشورییەکان، هەروەها گەلی ئاشوری، سریانی و کلدانی تا ئەمڕۆش بەها مێژووییەکانی خۆیان پاراستووە سەرەڕای کۆمەڵکوژییەکانی سەریان.

 

ڕیما مەرشۆ، ئەندامی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی یەکێتی ژنانی سریانیی، بۆ ئاژانسی نوژنها دوا و جەژنی ئەکیتۆی لە گەلانی ناوچەکە پیرۆزکرد و وتی: ئەم جەژنە نیشانەی ژیانەوەیە، ١ی نیسان جەژنی ئەکیتۆی ساڵی نوێی سریانی، ئاشوری و کلدانییە کە هەموو بەهارێک پیرۆز دەکرێت، ئەم جەژنە لە کۆندا لە ٢١ی ئادارەوە تا ١ی نیسان وەک ڕێوڕەسمە ئەفسانەییەکان لە خاکی میزۆپۆتامیادا پیرۆز دەکرا، بە واتایەکی دیکە لە ٢١ی ئادارەوە تا ١ی نیسان، سەری ساڵ، جەژنی ئەکیتۆیە و ڕۆژی پیرۆز و بەرخۆدانی گەلانی ناوچەکەیە.

 

"بوونی هەموو پێکهاتەکان لە جەژنی ئەکیتۆدا میراتێکی مێژووییە"

ڕیما مەرشۆ ئاماژەی بەوەدا کە هەموو پێکهاتەکانی لە جەژنی ئەکیتۆدا بەشدار دەبن، "باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەوڵەمەندە بە هەمەچەشنی کولتوری و ئایینی کە میراتێکی مێژوویی گرنگە لە هاوکاری و ژیانی هاوبەشدا، ئەکیتۆ جەژنێکی مێژوویی گەلی سریانییە و هەموو پێکهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا شانازی پێوەدەکەن، سەرنجڕاکێشترین شت کە هەموو ساڵێک دەیبینین ئەوەیە کە کورد و عەرەب، سریانی، ئاشوری و کلدانی پێکەوە جەژنەکە پیرۆز دەکەن، ئێمەش بە جۆش و خرۆشەوە بەشداری نەورۆزمان کرد کە ئەمە نیشانەی پێکەوەژیانە، بەم ڕۆحەوە پێکهاتەکانی ئەم هەرێمە ئاستی تێکۆشانیان لە دژی پیلانگێڕی و داگیرکاری بەرز دەکەنەوە".

 

هەروەها تیشکی خستەسەر بەرخۆدان و فیداکاری شەهیدان کە بە سایەی ئەوانە دەتوانن جەژنی ئەکیتۆ پیرۆز بکەن، "بۆ ئەوەی ژیانێکی شکۆمەند و ئازاد و یەکسان دروستبکرێت، هەموو پێکهاتەکان بە یەکگرتوویی خاکەکەیان پاراست، خوێنی کورد و عەرەب و سریانی بووە یەک، سەری ڕێز بۆ شەهیدان دادەنەوێنین ئەوان بۆ ئێمە شەڕیان کرد بۆ ئەوەی بە ئازادی بژین و جەژنی ئەکیتۆ پیرۆز بکەین، هیوادارم لە ڕۆژی ئەکیتۆدا هەموومان یەکبگرین و سوریایەکی دیموکراتی و هەمەچەشن دروستدەکەین، گرنگ نییە چەند هێرش لەسەر ئێمە هەبێت، یەکریزی و هاودەنگیمان هێرشەکان تێکدەشکێنن، ئەمڕۆ بوونی هەموو پێکهاتەیەک وەڵامدانەوەی هێزە دەسەڵاتدارەکانە لە ئاهەنگگێڕانی نەورۆز و ئەکیتۆدا".

 

ت.پ