"دەبێت ژنان سەرهەڵبدەن بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک"
لە ڕۆژی جیهانی ژناندا نوسەر ڕەعنا سلێمانی جەختی لەسەر پێویستیی سەرهەڵدانی ژنان لە دژی پیاوسالاری کردەوە بۆ ئەوەی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک بەدەستبهێنن.
مژدە کرماشانی
ناوەندی هەواڵ- لەکاتێکدا بەبۆنەی ٨ی ئادار ژنان خۆپیشاندان دژی پیاوسالاری و جیاکاری و توندوتیژی و نایەکسانی دەکەن، بەڵام لە ئێران نزیکەی شەش مانگ پێش ئێستا ڕاپەڕینێکی جەماوەری دژی پیاوسالاری و یاساکانی دژ بە ژنان دەستیپێکرد.
"ژنان سەرکەوتنیان بەدەستهێنا چونکە بۆ مافەکانیان هۆشیار بوون"
ڕەعنا سلێمانی، نووسەر، لەسەر چەوساندنەوەی ژنان و ڕۆڵی بەرچاویان لە دژی جیاکاری و نایەکسانی بەدرێژایی مێژوو وتی: ژنان هۆشیار بوونەوە و چیتر زوڵم و ستەم قبوڵ ناکەن، دەزانین کە کارەکە قورس و دژوارە و تێکۆشانیان بەردەوام دەبێت و سەرکوتکردنیان زیاتر دەبێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە سەردەکەون چونکە ژنان هۆشیارن بۆ مافەکانی خۆیان، ژنان بناغەی کۆمەڵگەن و کۆماری ئیسلامیش پێیوایە بە چەوساندنەوەی ژنان دەتوانێت لە دیمەنی کۆمەڵایەتی لایبدات.
وتیشی: سیمبولی ڕاپەڕین دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بوێریی ژنانی ئێرانە و مافی ئێمەیە کە ئەم ڕۆژە زیاتر دیاری بکەین و پێداگری لەسەر بکەین لە بەدەستهێنانی مافەکانمان، ئێمە دەزانین کە دروشمەکە نەک هەر ئازادی ژنان بەدەستدەهێنێت، بەڵکو داوای یەکسانی و ئازادی و دادپەروەری و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکیش بۆ هەموو گەلان دەکات.
"کاری هونەری ڕووداوەکان دەگۆرێت"
ڕەعنا سلێمانی ئاماژەی بەوەدا کە هەمیشە ئەدەبیات لە ئێران پەراوێزخراوە بەتایبەتی ئەدەبی ژنان، وتیشی: نەمانتوانی ئەو شتانە بنووسین کە لە ئێراندا بەدەستیانەوە ئازارمان چێشت، تەنانەت ئەوەی نووسیمان نەمانتوانی چاپی بکەین و بڵاوی بکەینەوە، نزیکەی ٨ ساڵ لەمەوپێش وڵاتم جێهێشت و تووشی چەندین کێشەوگرفت بووین لە چاپ و دابەشکردنی کتێب بۆ گەیشتن بە ٨٠ ملیۆن کەس لە ئێراندا، ئەگەر لە وڵاتی مندا بڵاو نەبێتەوە، چۆن دەگاتە خەڵک؟ ئایا کاری ئەدەبیات هۆشیارکردنەوە نییە؟ کاری هونەری ڕووداوەکان دەگۆڕێت.
ئاماژەی بەوەکرد کە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بەواتای دەرچوون لە کۆمەڵگەیەکی نەریتی و پیاوسالاری و بەدبەختی و تێکۆشانە بۆ کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک، "کۆماری ئیسلامی نایەوێت بگەینە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک".
لە کۆتایی قسەکانیدا ڕەعنا سلێمانی بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنانەوە پەیامێکی ئاڕاستەی ژنان کرد و وتی: ڕێگایەکی زۆر سەختمان لەبەردەمدایە و دەبێت هەنگاوی تێکۆشانمان زیاتر بکەین و بێ ترس بەردەوام بین لە تێکۆشان تا ئازادی بەدەستبهێنین و مافەکانمان بەدەستبهێنین.