فرۆشتنی ژنان لە بەریتانیا

ژنان تەوقێکیان دەکرایە مل و دەبرانە مەیدانی فرۆشتنی ئاژەڵەکان و لەگەڵ ئاژەڵەکاندا ئەوانیش دەفرۆشران.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- ئەمە چیرۆکی یەکێک لە ڕۆمانەکانی گەورە نوسەری بەڕیتانی، تۆماس  ڕۆولاندسۆن، کە لە ساڵانی ١٩١٢ بۆ ١٩١٤ لە بەڕیتانیا بڵاوی کردووەتەوە، تێیدا پیاوێک ژنەکەی دەباتە مەیدانی فرۆشتنی ئاژەڵەکان و دەیفرۆشیت، بەڵام ئەمە تەنها چیرۆکێکی سادە و نێو ڕۆمانەکان نییە، بەڵکو ئازارێکی دیکەی ژنانە.

 

لە کۆتاییەکانی سەدەی هەژدە تا ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە دیاردەی فرۆشتنی ژنان لە بەریتانیاندا هەبووە، لەجیاتی جیابوونەوە لە هاوسەرەکانیان پیاوان ژنەکانیان بە چەند پاوەنێک دەفرۆشتە کەسێکی دیکە.

ئەم دیاردەیە لە بەڕیتانیادا بە جۆرێک ئاسایی ببووەوە کە ڕۆژانە یەکێک لەو کاڵایانەی لە ڕۆژنامەکاندا ڕیکلامیان بۆ دەکرا، فرۆشتنی ژنان بوو، لە ماوەی ساڵانی ١٧٨٠ تا ١٨٥٠دا زیاتر لە ٣٠٠ مەزاد بۆ فرۆشتنی ژنان لە ڕۆژنامەکاندا بڵاوکراوەتەوە.

 

بۆچی ژنەکانیان دەفرۆشت

پێش ساڵی ١٨٥٧هیچ یاسایەک لە بەڕیتانیا بۆ ڕێکخستنی جیابوونەوە نەبووە، پەرلەمان جیابوونەوەی پەسەند نەکردووە، بۆ هەر جیابوونەوەیەکیش دەبووایە ڕەزامەندی پەرلەمان و کەنیسە هەبێت.

کۆی تێچوونی بەدەستهێنانی ڕەزامەندی پەرلەمان و کەنیسە زیاتر لە سێ هەزار پاوەنی تێدەچوو، بۆیە تەنها پیاوە دەوڵەمەندەکان دەیانتوانی لە هاوسەرەکەنیان جیاببنەوە.

لە بەرامبەردا ئەو پیاوانەی لە ئاستی ناوەڕاست و نزمدا هاوسەرەکانیان دەفرۆشت، تەوقێکیان دەکردە ملی ژنەکان و دەیانبردنە مەیدانی فرۆشتن، لە لیستی کاڵاکاندا بۆ فرۆشتن تۆماریان دەکردن و لەسەر مێزی فرۆشتن دایاندەنان تا پیاوێکی دەوڵەمەند دەفرۆشت.

 

کۆتایهاتنی ئەم دیاردەیە

دەسەڵاتداران ئەگەرچی ئاگاداری ئەم دیاردەیە بوون، بەڵام بێدەنگ بوون، لەگەڵ گۆڕانی یاساکان لە پەرلەمانی ئەو کاتەی بەڕیتانیادا لە ساڵی ١٨٥٧ ئەم دیاردەیە بە نایاسایی کرا و دواجار لە سەرەتایی سەدەی بیستەمدا کۆتایی پێهات.

 

ت.پ