"ژنانی ڕۆژئاوا ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبوو لە تێکشکاندنی داعش لە شەنگال"

ژنان هەمیشە یەکەم داگیرکارییان بەسەردا کراوە و لە کاتی داگیرکردنی شەنگال لەلایەن داعشەوە، دەکوژران و بە کۆیلە دەکران، چالاکوانێکیش دەڵێت: ژنانی ڕۆژئاوا ڕۆڵی سەرەکییان هەبوو لە ڕزگارکردنی ئێزیدییەکان لەو کۆمەڵکوژییە.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- گەلی کوردی ئێزیدی لە مێژوودا ڕووبەڕووی ٧٤ فەرمان و کۆمەڵکوژی بوونەتەوە، کۆتا جاریش لە ٣ی ئابی ساڵی ٢٠١٤ لە لایەن چەتەکانی داعشەوە هێرش کرایە سەر شەنگال و نزیکەی ٥٠٠٠ ژن و منداڵیان بە دیل گرت و بە هەزاران کەسیش کوژران و بێ سەرەوشوێن بوون، لە کاتێکدا پێشمەرگەکانی پەدەکە و سوپای عێراقیش لە شەنگالدا هەبوون، بەڵام بە بێ هیچ ڕووبەڕوو بوونەوەیەک ناوچەکەیان بۆ داعش بەجێهێشت و هیچ یارمەتییەکی ئێزدییەکانیان نەدا.

 

"ئەو هێزەی لە شەنگال بوو ئامادە نەبوو ڕووبەڕووی داعش ببێتەوە"

بەهار عەلی، ئەندامی هاوپەیمانی ژنانی کوردستان، ئاماژەی بەوەکرد، ڕۆژی ٣ی ئاب ڕۆژێکی شوم بوو بۆ گەلی کورد و بەتایبەتی بۆ کوردانی ئێزیدی، لەو ڕۆژەدا ٧٤ەمین فەرمان جێبەجێکرا بەسەر کۆمەڵگەی ئێزیدیدا، زیاتر لە ٧ هەزار  ژن و منداڵ و گەنج بێسەروشوێن بوون و بە هەزارەهایان لێ شەهید بوو، بۆیە بە ڕۆژێکی ڕەشی سەدەی ٢١ دادەنرێت، کە بە بەرچاوی دنیاوە گەلی ئێزیدی جینۆساید بکرێت، ڕۆژێک دوای هێرشەکە داعش منداڵەکانی وەکو کۆیلە برد و مامەڵەی پێوە دەکردن، ژن و پیاوەکانی لە یەک جیاکردەوە، ئەوانەشی ڕزگاریان بوو لە دەستی داعش ڕوویان لە شارەکانی کوردستان و چیای شەنگال کرد، ئەو هێزانەشی لە ناو شەنگالدا بوون ئامادە نەبوون رووبەڕووی داعش ببنەوە.

 

"داعش بۆ شکاندنی کەرامەتی ئێزیدییەکان ژنانی بە کۆیلە دەکرد"

بەهار عەلی ڕوونی کردەوە، مرۆڤ شەرمی لە مرۆڤبوونی خۆی دەکرد بە بینینی دیمەنی ئەو ئاوارانەی لە ژێر دار و خانوەکاندا و بەبێ خواردن و خواردنەوە دەمانەوە، داعش ئامانجی شکاندنی کەرامەتی کۆمەڵگەی ئیزیدی بوو لە ڕێگەی بە کۆیلەکردنی ژنانی ئێزیدیەوە، چونکە دەیانزانی لە کۆمەڵگە تەقلیدییەکانی وەکو ئێمەدا ژن شەرەفی کۆمەڵگەیە، ئامانجێکی تری ئەوەبوو دەیویست بەزۆر گەنجەکان بە موسڵمان بکات، ئەو ژنە گەنجانەشی لە ژێر دەستی داعشدا بوون و دوای گەڕانەوەشیان، تا ئێستا بارودۆخی دەروونیان باش نییە.

 

لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی: ژنان دوای گەڕانەوەیان لەبەر خراپی بارودۆخی ئابووری و تەندروستی و کۆمەڵایەتی کامپەکان، دووبارە زەبری دەروونیان بۆ دروست دەبێت،  ئەو کارانەشی ڕێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی دەیکات بۆ بنیاد نانەوەی ژنانە، بۆ ئەوەی دووبارە دەست بکەنەوە بە خوێندن و هەلی کاریان بۆ دەڕەخسێنن، بەڵام ئەو کارەی دەکرێن کەمترە لە ئاست ئەو کێشانەی ژنان ڕووبەڕووی بوونەتەوە، ئێمەش لە ٢٠١٤ ەوە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەم کێشانە دەدەین، بەڵام بەهۆی زۆرییان، کارەکانی ئێمە کەمترن لە ئاست داواکاری کۆمەڵگەدایە.

 

"پەیەدە تا ئێستا هەوڵی ڕزگارکردنی ژنان لە کامپی هۆڵ دەدات"

بەهار عەلی ئەوەشی خستەڕوو، ئەرکی ئێمە ئەوەیە دەنگی خۆمان بگەیەنین بە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و دەسەڵاتی پەیوەندیدار بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ژنانەی لە کامپی هۆڵن، یان لەو ناوچانەن لە ژیر دەستی دەوڵەتی تورکیا دان، بەڵام هێزی کوردی لە ڕۆژئاوای کوردستان و پەیەدە هاوکارێکی سەرەکین بۆ ڕزگارکردنی ژنان و هێنانە دەرەوەیان لە کامپی هۆڵ، حکومەتی هەرێمیش لە ڕووی داراییەوە هاوکاریەکانی پێشکەش دەکات، چونکە پێم وابێ هەماهەنگییەک هەیە لە نێوان لایەنە سیاسییەکان بۆ چارەسەری ئەو کێشانە.

 

دەشڵێت: یەکێک لە ئاسەوارە خراپەکانی شەڕی داعش لە شەنگال، ئەوەبوو ژمارەیەکی زۆر منداڵ لە دایکبوون لە ئەنجامی دەستدرێژی کردنە سەر ژنان، لە عێراقیشدا هیچ یاسایەک نییە کار لەسەر ئاسەوارەکانی جینۆساید بکات، تا ئەو منداڵانەش بێ ناسنامە نەبن، بە پێی ئامارێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ٤ هەزار منداڵ لە دایکبوون لە ئەنجامی شەڕی داعشدا، کێشەی گەورەی ئەو منداڵانەش نەبوونی ناسنامەیە و هەر کەسێکیش ناسنامەی نەبێت، بێبەش دەبێت لە زۆربەی مافەکانی.

 

"بەهێزکردنی تواناکای ژنان کلیلی سەرکەوتنی کۆمەڵگەیە"

 بەهار عەلی جەختی کردەوە، ئێمەی ژنان لە ساڵی ٢٠١٨ەوە کەمپەینی "ناوی من ناوی دایکمە"مان ڕاگەیاند، مەبەستمان لە کەمپەینە بۆ هەموو کەسێک بوو، کە ئەوەش مافی دایکە و منداڵ بەخێو دەکات، لایەنێکی تری ئەم کەمپەینە بۆ ئەو منداڵانە بوو کە باوکیان نییە، یان باوکیان قبوڵیان ناکات، بۆ ئەوەی منداڵەکە بێ ناسنامە نەبێت، دەتوانرێت لەسەر ناوی دایکی ناسنامەی بۆ دەربکرێت.

 

بەهار عەلی لە کۆتایدا وتی: ژنان پێویستە بەشدار بن لە هەموو بوارەکانی سەربازی و سیاسی و کۆمەڵایەتی، چونکە بەهێزکردنی تواناکانی ژنان کلیلی سەرکەوتنی کۆمەڵگەیە، هەر وەک دەبینین لە ڕۆژئاوای کوردستان ژنان بەشدارن لە خۆبەڕێوەبەری، هەروەها بەهۆی شەڕەوە ژنان بە شێوەیەکی بەرچاو بەشدارن لە پاراستننی ئەو ناوچانە و هێزێکی گەورەی ژنان هەیە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی تیرۆرستان و ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە لە تێکشکاندنی داعش، ژنانی ڕۆژئاوا توانیان هزری پیاو بگۆڕن بەرامبەر بە ژن، ئێمەش فشار دەخەینە سەر حکومەت کە دەبێت ژنانیش لە باشووری کوردستان لە بواری سەربازیدا ڕۆڵیان هەبێت.