بە نەبوونی دیجلە و فورات میزۆپۆتامیای ئێستا بوونی نەدەبوو

بەکارهێنانی ئاوی نێودەوڵەتی لەلایەن وڵاتانی خاوەن ئاو نابێت زیان بگەیەنێت بەو وڵاتانەی ئاوەکەی پیا تێدەپەڕێت، بەڵام تورکیا بێ گوێدانە لەناوبردنی شارستانیەت بەنداو و ئێستگەی کارەبای دروستکردووە، کە کاریگەری لەسە کەمکردنەوەی ئاوی ڕووباری دیجلە و فورات هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

وشەی میزۆپۆتامیا لە وشەیەکی یۆنانیەوە هاتووە کە هەردوو وشەیی "میسۆ" واتە لە نێوان یان لەناوەڕاست و "پۆتامۆس" واتا ڕووبار دروست بووە کە دەکەوێتە نێوان ڕوباری دیجلە و فوراتەوە.

 

میزۆپۆتامیا مێژووی مرۆڤایەتی تێدا شاراوەیەوە، لە سەرەتایی دروستبوونی مرۆڤەوە پەلەقاژەی سەرکێشی هەبووە، هەر لە ئەشکەوتەکانەوە تا دەرچوونی لە ئەشکەوتەکان، مرۆڤ بە دوایی گەڕانبووە بۆ ژیانکردنێکی ئاسانتر، مێژوو ئەوەمان بۆ دەردەخات کە لەگەڵ بەرکەوتنی مرۆڤ بە ژینگە و ئاوەوە تێڕوانینێکی جیاوازتری بۆ دروستبووە.

 

سۆمەریەکان پشکی شێریان بەردەکەوێت لە ژیانکردن لە دۆڵی میزۆپۆتامیا ئەو دۆڵەی کە بووە سەرهەڵدانی گۆڕانکاری لە تەواوی مرۆڤایەتی، بوونی دیجلە و فورات وایکرد شارستانیەتیەکی مەزن بێتە کایەوە بێگومان چۆنیەتی ڕۆیشتنی سۆمەریەکان بۆ دۆڵی میزۆپۆتامیا تا ئێستا ڕوون نەبوەتەوە و سەبارەت بە زمانی سۆمەریەکان دکتۆر سۆران حەمە ڕەش لە لێکۆڵینەوەکانی دا ئاماژەیی بەوە کردوە زمانی سۆمەریی زۆر لە کوردیەوە نزیکە و زمانێکی هیندۆ ئەوروپیە.

 

کشتوکاڵ و بەنداو و بەربەستی لافاو ئاسنگەری فەلەکناسی کەرەستەی کێڵان پەیکەرتاشی و هەڵکەندن کە مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ پێنج هەزار ساڵ پێش زایین، هەموو ئەو گۆڕانکاریانەیی لە سەردەمی ئێستامان ڕوودەدات هەڵقوڵاوی ئەو ڕابردووەیە کە مرۆڤایەتی پێیدا تێپەڕی و ڕێگە خۆشکەربوو بۆ بنیادنانی بنچینەیی ژیانکردنمان لە ڕۆژگاری ئێستا.

 

 هەبوونی هەردوو ڕووباری دیجلەو فوڕات  وایکرد هەر لە زوەوە میزۆپۆتامیا ببێتە شوێنی ژیانکردن، بێگومان نەبوونی ئاو لە هەرجێگایەک کێشەی سەرەکی ژیانکردنە وە میزۆپۆتامیا بە بوونی ئەم ڕووبارانە توانی شارستانیەتیەکی مەزن دروست بکات، تاوەکو ئێستاش چەندەها نهێنی شاراوە ماوە ئاشکرا ببێت کە مایەیی گرنگیدانە بۆ نەوەکانی ئێستا و بۆ ئەو مێژووەی کە پێویستە دوایی خۆمان تۆمار بکرێت.

 

بێگومان مانەوەی ئەو ڕابردووەی کە گەلان پێیدا تێپەڕیوون ئەرکی سەرشانی هەر تاکێکە زۆرجار مرۆڤایەتی قەرزداری مێژووی وڵاتێکە، لە کۆنگرەیەکی ساڵی ١٩٧٢ لەلایەن ڕێکخراوی نێودەوڵەتی یۆنسکۆوە بڕیاری پاراستنی بەشێک لە شوێنە سروشتیەکان و شوێنە شارستانیەکانی جیهان دا تا وەکو کەلەپورێک بۆ نەوەکانی داهاتوو بمێنێتەوە، لە ساڵی ٢٠١٦ ئەم ڕێکخراوە ناوی زەلکاوەکانی خوارووی عێراقیشی وەکو بەشێک لە کەلەپوری شارستانیەت خستە نێو لیستی شوێنەوارە پارێزراوەکانی سروشت لە جیهاند کە نابێت بە هیچ جۆرێک هەڕەشەی لەناو بردنیان بکرێت.

 

لە یاسای نێودەوڵەتیدا ئاوی ڕووبارەکان بۆ دوو جۆر دابەش دەبن

یەکەم، ڕووباری نیشتمانی، ئەو ئاوانەیە کە لەسەرچاوەکەیەوە تا کۆتایی لە سنووری یەک وڵاتدایە، وھیچ وڵاتێکی تری دراوسێی بەشدار نییە لە ئاوەکەیدا وەک ڕووباری تایمز لە بەریتانیا، چین و فەڕەنسا، سەرپەرشتی و سەروەریی ئەم جۆرە ئاوانە دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی ومافی سوود لێوەرگرتنی ھەیە بۆ مەبەستی کشتوکاڵی، پیشەسازی و کەشتیوانی.
 

دووەم، ڕووباری نێودەوڵەتی، ئەو جۆرە ئاوانەیە کە سنووری دوو وڵات، یان زیاتر دەبڕێت، ھەر وڵاتێک سەروەریی ھەیە لەسەر بەشی ناوخۆی، بەمەرجێ پابەندی بەرژەوەندیی وڵاتانی خوارووی خۆی بێت، بەتایبەت لە سوودی گشتی کشتوکاڵی، پیشەسازی و کەشتیوانی، وەک ڕووباری دانوب، ڕاین، نیل وفورات.

 

قۆناغەکانی تێپەڕبوونی ئاوە نێودەوڵەتیەکان لە سەردەمەکاندا جیاواز بووە و چەندان ڕێککەوتن کراون بەڵام نەتوانرا بەپێی پێویست جێبەجێ بکرێن، تاوەکو نەتەوە یەکگرتووەکان لەڕێکەوتی ٢١ ئایار ساڵی ١٩٩٧ بەبڕیاری زۆرینەی وڵاتان و ١٠٤  دەنگی  "بەڵێ" و دەنگی "نەخێر"ی تەنیا ٣ وڵات و ٢٧ وڵاتی دەنگنەدەر، کە لەناویاندا ئیسڕائیل وئەسیۆبیا ھەبوو، پەیماننامەی نێودەوڵەتیی "بەکارھێنانی ڕێڕەوی ئاوە نێودەوڵەتییەکان بە مەبەستی جگە لە کەشتیوانی"ی پەسەند کرد، دەتوانین ئەم پەیماننامەیە بە یەکێک لەچارەسەرەکانی کێشەی ئاو و سەرچاوە ئاوییەکان لەیاسای نێودەوڵەتیدا دابنێین، ئەو ڕێککەوتنە تایبەتییانەی لەنێوان وڵاتان لەسەر ئاوەکان دەکرا، دەبووایە ھاوتەریبی بنەماکانی ئەم پەیماننامەیە بێت.

 

لە ماددەی ٣٣دا ھاتووە، ئەگەر چارەسەری کێشەی ئاوەکان بە دانوستان لە نێوان وڵاتانی خاوەن ئاو نەگەیشتە ڕێککەوتن، دەبێت لیژنەیەک پێکبھێنرێت بۆ دیاریکردنی ڕاستییەکان ونزیککردنەوەی لایەنە ناکۆکەکان وپەنابردن بۆ نێوەندگیری نێودەوڵەتی (International     Arbitration)  یاخود ڕێکاری یاسایی بگیرێتە بەر.

 

 ھەروەھا لەبڕگەی ٩ی ھەمان ماددەدا ھاتووە: وڵاتانی خاوەن واژۆ لەم پەیماننامەیەدا، دەتوانن ڕەزامەندی لەسەر دەسەڵاتی دادگای نێودەوڵەتی بۆ چارەسەری کێشەکان بنوێنن، یاخود لەڕێگەی نێوەندگیری نێودەوڵەتییەوە دەکرێت بگەنە ڕێککەوتن.

 

بەڕوونی ئاماژەی داوە بەوەی تێکڕای وڵاتانی خاوەن ئاو مافی سوودوەرگرتنیان ھەیە، بەڵام بە شێوازی "ویژدانی و دروست" بەمەرجێک زیان بەوڵاتی خوارووی خۆیان نەگەیەنن کە ئاوەکەی پێیدا تێپەڕ دەبێت، و شەش مانگ بەر لەوەی ھەر پرۆژەیەک لەسەر ئاوی ڕووبارەکە دروست بکات دەبێت وڵاتانی تر لەناوەڕۆکی پڕۆژەکەی ئاگادار بکاتەوە ئەگەر ئەوانی تر ناڕازی بوون، دەتوانن لەڕێگەی وڵاتانی نێوەندگیرەوە بگەنە چارەسەرییەکی گونجاو.

 

ئەمە لەکاتێکدایە تورکیا بێ گوێدانە لە ناو بردنی شارستانیات هەستاوە بە شێواندنی شارستانیەت لە شارەدێی دێرینی حەسەنکێف ئەو شارەیی کەلەپوری دە هەزار ساڵی پێش زاینی لە خۆگرتووە هەستا بە دروستکردنی بەنداوی ئیلیسو کە بووە هۆی ژێر ئاو کەوتنی، ئەمە جگە لە دروستکردنی بیست ودوو بەنداوی دیکە و نۆزدە وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای کە کاریگەری تەواوی لەسەر کەمکردنەوەی ئاوی ڕوباری دیجلەو فورات و زەلکاوەکاندا هەیە کە کاریگەری لەسەر شێواندن و وێرانکردنی ئەو شارستانیەتە دێرینە هەیە کە هەموو ناوچەی میزۆپۆتامیا دەگرێتەوە، لەگەڵ تەواوکردنی ئەو بەنداوانەی پرۆژەی گاپ لە تورکیا بڕی گلدانەوەی ئاو لە هەردوو ڕووباری دیجلەو فورات دەگاتە نزیکەیی سەد ملیار مەتر سێجا بە پێی لێکۆڵینەوەیەکی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی وناوەندی یەکێتی ئەوروپا بۆ کاروباری ئاو ئەگەر بەو ئاستەیی ئێستا ئاوی دیجلەو فورات گل بدرێتەوە دوور نیە ئەو دوو ڕووبارە تا ساڵی ٢٠٤٠ لەناو بچن ووشک ببن.