"ئەو وڵاتانەی بانگەشەی ئاشتی دەکەن خۆیان سەرچاوەی شەڕن"

شاگوڵ جەمیل، پارێزەر، لە بارەی بانگەشەی ئاشتی لەلایەن وڵاتانی جیهانەوە وتی: زۆرێک لە ڕێکخراوەکان بە ناوی ئاشتی و هاوکاریکردن بانگەشە و سەردانی وڵاتان دەکەن، بەڵام خۆیان هۆکاری دروستکردنی جەنگ و نەبوونی ئاشتین لە وڵاتاندا.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- ئاشتی یەکێکە لە بنەماکانی مرۆڤایەتی، بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی پێویستە جیاوازی نەتەوایەتی، باوەڕی و ئاین، ڕەنگ، ڕەگەز بوونی نەبێت، کە لە هەر کۆمەڵگەیەکدا مرۆڤ بتوانێت بە پێی پێکهاتە  و باوەڕییەکانی لە چوارچێوەی دیموکراتییەت و ماف و ئەرکدا ژیان بەڕێوە ببات.

 

گەلی کورد یەکێکە لەو نەتەوانەی دوور لە پیلانی سیاسی، لە دێر زەمانەوە توانیویەتی پێکەوە ژیانی ئاشتیانە لە کۆمەڵگەکەیدا دەستەبەر بکات، دوو لەو نمونانەش شاری کەرکوک و ڕۆژئاوای کوردستانە، کە شاری کەرکوک بەدەر لە ململانێ سیاسییەکانی لەلایەن دەسەڵاتەوە بەڕێوە دەبرێت، بەڵام لە ئاستی کۆمەڵگەدا، نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکان لە کورد، عەرەب، تورکمان، ئاشوری و مەسیحییەکان چەندین ساڵە لەو شارەدا پێکەوە دەژین، ڕۆژئاوای کوردستانیش لە دوای شۆڕشی ٢٠١٤ و ئاوابوونی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک پێکهاتە و باوەڕییە جیاوازەکان توانیویانە لەناو کۆمەڵگەدا ئاشتی و پێکەوە ژیان بنیاد بنێن.

 

لە بەرامبەر ئەمەدا، دوژمن و داگیرکارانی کورد بە هۆکاری دەستوەردانیان لە بابەتە سیاسییەکاندا هەمیشە هۆکار بوون بۆ تێکدانی ئاشتی و سەقامگیری و پێکەوە ژیانی ئاشتییانەی کۆمەڵگە، ئەم نمونەیەش بە گشتی لە باشووری کوردستاندا بە ڕوونی دەبینرێت، کە هەم لە ڕێگەی تێکدانی کۆمەڵگە وپێکدادانی باوەڕی و نەتەوە جیاوازەکان، هەم لە ڕێگەی دروستکردنی ناکۆکی لەناو پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان مەرامەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن.

 

"بەهۆی جەنگی دەوڵەتانی داگیرکەرەوە، ئاشتی لە باشووری کوردستان نەماوە"

شاگوڵ جەمیل بەرزنجی، پارێزەر و دکتۆرا لە بەشی یاسادا، باس لەوە دەکات، دەسەڵاتی دەرەکی کاریگەری لەسەر کاڵبوونەوەی ئاشتی لە باشووری کوردستاندا دروست دەکات، سیاسەتی هەڵە کاری لەسەر سیاسەتی ناوخۆی باشووری کوردستان کردووە و لەو بارەیەوە دەڵێت: لایەن و حزبەکانی باشووری کوردستان لە تاکی کۆمەڵگەی کوردی پێکهاتوون، بەڵام وڵاتانی داگیرکەر هۆکارن بۆ کاڵبوونەوەی پەیڕەوکردنی یاسا و دابونەریتە کوردییەکان لە کاری سیاسەتیاندا، هەروەها هێرشە درۆنییەکانی دەوڵەتی داگیرکەر ئاشتی و سەقامگری نەهێشتەوە لە باشووری کوردستاندا، دەوڵەتی ئێران و تورکیا لە ڕێگەی هێرشە درۆنی و سووتاندنەوە زیانگەیاندن بە سروشت و خاکمان دەگەیەنن، ئەنجامدانی ئەو داگیرکاریانە، بۆ حکومەت و لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان و عێراق قابیلی قبوڵ کردن نی‌یە، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا هاوڵاتیانی مەدەنی دەکاتە ئامانج و ئەم هێرشە یەک لەدوای یەکانە پرسیار لەسەر پەیوەندی دەوڵەتی داگیرکەر و هەرێمی کوردستان دروست دەکات.  

 

ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەکرد، سەقامگیرنەبوونی ئاشتی بە هۆکاری هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەر هاوڵاتیان بە بارودۆخێکی دەروونی ناهەموار و نەبوونی ئاشتی دەبات، وتیشی: هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەر کار لەسەر دەروونی هاوڵاتیان دەکات، نەبوونی ئاشتی کار لە هەموو سێکتەرەکانی ژیانی هاوڵاتیان دەکات، کار لە گەشتوگوزار و بازرگانی و تەنانەت کاریگەری لەسەر خوێندنیش جێدەهێڵێت، درۆنەکانی دەوڵەتی تورکیا سنورەکان بە شێوازێک دەبەزێنێت دەگاتە ناوچە گەشتیارییەکان، ماوەی چەندین ساڵیشە هێرش بۆسەر هاوڵاتیانی مەدەنی و گەشتیاران بەردەوامە، ئەمەش ئاستەنگی بۆ دروستبوونی ئاشتی دادەنێت، هەروەها ئازادی ڕادەربڕینی لە تاکەکانی باشووری کوردستان سەندووەتەوە.

 

"ڕێکخراوەکانی ئاشتی سەرەڕای بانگەوازی بۆ ئاشتی، بەڵام لە جەنگەکان بێدەنگن"

شاگوڵ جەمیل بەرزنجی ئاماژەی بەوەدا، نەبوونی سەقامگیری و ئاشتی لە باشووری کوردستاندا بەرۆکی ڕۆژنامەنووسانیش دەگرێتەوە، ڕۆژنامەنووسان لە باشووردا سنوری کارکردنیان تێبپەڕێنن بە ئامانج دەگیرێن، دەشڵێت: بە ئامانجگرتن و ئازاد نەبوونی ڕۆژنامەنووسان ئامانجی سیاسیی دەهێنێتە بوون، دەوڵەتانی داگیرکەر سنور بۆ ڕۆژنامەنووسانی ئازاد لە ڕێگەی بە ئامانجگرتنیان و شەهید کردنیان دادەنێن، ترساندن و کپکردنەوەی هاوڵاتیانی ئازادیخواز کاری وڵاتانی داگیرکەرە، وڵاتانی داگیرکەر ئامانجیان ناسەقامگیریە لە باشووری کوردستاندا، لە ئێستادا تورکیا بانگەشەی ئەوە دەکات موسڵ و کەرکوک بەشێکە لە دەوڵەتی تورکیا، لە ڕێگەی دراماکانیانەوە ئاماژە بۆ بەدەستهینانەوەی میساقی میلی دەکات، هەروەها لە ڕێگەی شەهیدکردنی هاوڵاتیانی مەدەنی ئاماژە دەدات کە بەشێکی لە باشووری کوردستاندا هەیە.

 

ئەو پارێزەرە لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەدا، زۆرێک لە ڕێکخراوەکان لە ژێر ناونیشانی کارکردن بۆ بەرقەراربوونی ئاشتی کار دەکەن بەڵام بێدەنگن لە جەنگەکان، وتیشی: ڕێکخراوەکان بەهۆی خواستی سیاسەتەکەیانەوە بانگەوازی بۆ نەمانی جەنگ و برەودان بە ئاشتی دەکەن، بەڵام ڕۆژانە جەنگ دەبینن، کوشتنی ڕۆژنامەنووسان و بۆردوومان دەبینین، زیندانیکردنی چالاکوانان و ئازادیخوازان بەردەوامی هەیە، بە نموونە وڵاتی ئەفریقا بهینینەوە، ڕێکخراوەکان سەردانی ئەفریقا دەکەن بۆ نەمانی برسێتی لە ڕێگەی دابینکردنی ئاو و خواردن و چارەسەری تەندروستی بۆیان، بەڵام ئەو وڵاتانەی ڕێکخراوەکان دەنێرن ڕێگە نادەن هاوڵاتیانی برسی خێر و بێری وڵاتەکەیان بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن، هەروەها لە هەرێمی کوردتساندا زۆرێک لەژێر سێبەری لایەنە سیاسییەکاندا بانگەشەی ئاشتی دەکەن، بەڵام ڕێگای ئاشتیان لە هاوڵاتیان گرتووە.