خێزانێک ماڵەکەیان دەکەنە لانەیەک بۆ ئاژەڵە بێلانە و بریندارەکان

مژدە کەمال، ماڵەکەی کردووەتە لانەیەک بۆ ئاژەڵە بێلانە و بریندارەکان و دەڵێت: ئاژەڵانیش وەک مرۆڤ مافی ژیانکردنیان هەیە.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- دەکرێت هەست و خەونێکی منداڵیت بتکاتە هۆکارێک بۆ ڕزگارکردنی گیانی چەندین ئاژەڵی بێلانە و زیان بەرکەوتوو، خەونی منداڵی و هەستکردنی بەرپرسیارێتی، مژدە کەمالی کردووەتە ڕزگارکار و بەخێوکاری چەندین ئاژەڵی بێلانە و بریندار.

 

مژدە کەمال و هاوژینەکەی ماوەی ٨ ساڵە دەرگای ماڵەکەیان، لە گوندی ئاڵیاوا لە تانجەرۆی سەر بە شاری سلێمانی بە ڕووی ئاژەڵانی بێلانە و برینداردا کردووەتەوە و بەخێویان دەکەن و لە ئێستادا نزیکەی ١٠ سەگ و ٥ پشیلە لە ماڵەکەیاندایە، لە هەمان کاتدا پێداویستی تەندروستی و خواردن بۆ ئاژەڵانی سەر شەقامەکان دابین دەکەن، سەرەڕای ئەوەی لەلایەن هاوڵاتیانی گوندەکانی دەوروبەریانەوە ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی بوونەتەوە، بەڵام مژدە کەمال و هاوژینەکەی ڕووبەڕوویان دەبنەوە و بەردەوامن لەم کارە خۆبەخشیەیان.

 

مژدە کەمال، دەرچووی کۆلێژی وزەی کارەبایە و لە ئێستادا کاری تەنها بەخێوکردنی ئاژەڵانی بێلانەیە، لە شاری سلێمانی لەدایکبووە و چەندین ساڵ لە دەرەوەی وڵات ژیاوە، لە دوای گەڕانەوەی ماوەی چەند ساڵێک بەڕێوەبەری ژمێریاری دەبێت لە سلێمانی، باس لە سەرەتایی هاوکاری کردن و خولیای بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵان دەکات، کە لە منداڵیەوە خولیایی بەخێوکردنی ئاژەڵی هەبووە، هەروەها باوکی کارمەندی تەندروستی ئاژەڵان بووە و لە ماڵەکایاندا بەردەوام ئاژەڵیان بەخێوو کردووە، دەڵێت: خولیای بەخێوکردنی پشیلەم هەبووە، لە دوایی ساڵی ٢٠١٣ کاتێک گەڕامەوە کوردستان و دەمبینی سەگە بێلانەکان بێ تاوان ئەشکەنجە دەدرێن و بێ خواردنن لەسەر شەقامەکان، بەردەوام بیرم دەکردەوە ئەمانەش ڕۆح لەبەرن و مافی ژیانکردنیان هەیە، بۆیە دەستمکرد بە هاوکاریکردنی سەگە بێلانەکان و پێدانی خواردن و چارەسەرکردنیان، پاشان ئاشنان بووم لەگەڵ ڕێکخراوی پاکۆ و خۆبەخشانە خزمەتی ئاژەڵانی بێلانەمان دەکرد.

 

"بەشێک لە سەگە بێلانەکان ناتوانن بگەڕێندرێنەوە بۆ سروشت"

مژدە کەمال لە سەرەتاوە کە دەست بە چاودێریکردنی ئاژەڵان دەکات، باخێک لە گوندی ئاڵیاوا بنیاد دەنێن، چونکە لەگەڵ ڕێکخراوەکەدا هیچ شوێنی پێویستیان نەبوو بۆ چارەسەرکردنی ئاژەڵان، وتیشی: ئێمە لە ماڵی خۆماندا چارەسەری ئاژەڵەکانمان دەکرد و دوای چاک بوونەوە دەمان گەڕاندنەوە بۆ سروشت، پاشان سەگێکی بێلانە لە ساڵی ٢٠١٧دا سەیارە لێیدا و چارەسەرمان بۆکرد و دەستێکیمان بڕیەوە، بەهۆی نەمانی دەستێکیەوە نەمان توانی بیگەڕێنینەوە بۆ سروشت، بۆیە بڕیارمدا لە ماڵەکەی خۆمدا بیهێڵمەوە و ناومان نا کارما، ئێستا کارما کۆنترین میوانی ماڵەکەمانە.

 

"هاوڵاتیان بەرامبەر ئەو خزمەتەی ئێمە دەوەستنەوە و ماندوومان دەکەن"

لە سەرەتایی خزمەتکردنیان بە ئاژەڵانی بێلانە بەردەوام لە ڕێگەی هاوڵاتیانەوە ڕووبەڕووی چەندین وشەی نەشیاو و توندوتیژی دەبوونەوە، دەشڵێت: کۆمەڵگەی ئێمە نەگەیشووەتە ئاستێک ئاژەڵان وەک گیانلەبەرێک سەیر بکرێن، لە کاتی خزمەتکردنی ئاژەڵە بێلانەکاندا ڕووبەڕووی چەندین توندوتیژی بوینەتەوە، کاتێک لەسەر شەقامەکان خواردنیان بۆ دادەنێین لەلایەن هاوڵاتیانەوە ڕوبەڕووی ڕەخنە و ئەشکەنجە دەبینەوە، هەروەها لایەنی پەیوەندیدار نایەن بەدەم سکاڵاکانمانەوە، دانیشتووی گوندەکان پێمان دەڵێن ئاژەڵەکانی وەک مریشک و قازەکانمان دەخوات و ئێمەش دەڵێین ئەوان ئاژەڵن کە برسیبوون پەنا دەبەنەبەر ئاژەڵەکانی دیکە، ئەمە سروشتی ئاژەڵەکانە کاتێک برسیان دەبێت پەلاماری ئاژەڵی دیکە دەدەن، بۆیە ناکرێت تۆ ئازاریان بدەیت یان بیانکوژیت تا لایەنی ماددی خۆت بەڕێوە بچێت.

 

وتیشی: هاوژینەکەم هەمان بیروڕای منی هەیە و هاوکاری یەکتر دەکەین بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵە بێلانەکان، ڕۆژ نا ڕۆژێک سەردانی ئاژەڵەکان دەکەین و خواردنیان بۆ دادەنێین، خۆمان خواردنەکانیان بۆ دابین دەکەین و خواردنەکانیان مریشک و برنج و سەوزەواتی تایبەت بە خۆیانە، هیوادارم کەسانی چواردەورمان وەک هاوکاریمان ناکەن ئاستەنگیشمان بۆ دروست نەکەن.

 

"پێویستە لە ڕێگەی پەروەردەوە هۆشداری بە کۆمەڵگە بدرێت و هزریان بگۆڕدرێت"

مژدە کەمال، ئاماژەی بەوەشدا، ئاستەنگیەکان زۆرن و بۆ ژنانیش بە تایبەت زۆرتر دەبن، "سەرەتا وەک مرۆڤێک کارەکانم ئەنجام دەدەم، ڕووبەڕووی ئاستەنگیش بوومەتەوە، لە خزمەتکردن بە ئاژەڵان ڕووبەڕووی چەندین وشەی نەشیاو بوومەتەوە، بەڵام ئەم کارەم خولیای خۆمە و بەردەوام دەبم لەسەر کارەکەم، بەردەوامبوونم و گوێنەدان بە قسەی خەڵکی جەنگێکی گەورە ئەنجام دەدەم".

 

لە کۆتاییدا وتی: ئەرکمان هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەیە، پێویستە لە قوتابخانەکانەوە دەستپێبکەین بۆ ئەوەی نەوەی نوێ ئەم هزرەی کۆمەڵگە بگۆڕن، هەروەها وەک ڕێکخراوی پاکۆ چالاکی ئەنجام دەدەن و سەردانی قوتابخانەکان دەکەن و هۆشداری دەدەن بە منداڵان، هەروەها هۆشداریدان بە کۆمەڵگە لەڕێگەی سیمینارەوە پێویستە.