"ڕاگەیاندن ڕۆڵی لە مامەڵەی گۆمەڵگە بەرامبەر ژنان هەیە"

ڕۆژنامەنووسێک باس لە زمانی ڕاگەیاندنەکان بەرامبەر بە ژنان دەکات و دەڵێت: سیاسەتی سەرکوتکردنی ژنان لە هەرێمی کوردستاندا دەبێتە بەربەست لەسەر ڕێگەی ژنان، سیاسەتی کۆمەڵگەی ئێمە نایەوێت ژنان هۆشیار ببنەوە و بەرەو لوتکە هەنگاو بنێن.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- لە کۆمەڵگەی پیاوسالاریدا هەمیشە ژنان سەرکۆنە کراون و لە بوارەکانی ژیان دوورخراونەوە و ئەم ئەقڵیەتە لە هەموو کایە کۆمەڵایەتیەکانی ژیاندا ڕەنگ دەداتەوە، ژنان لە کاتی کارکردن و لە ئەستۆگرتنی هەر لایەنێکی کارکردندا ڕووبەرووی چەندین سەرکۆنەکردن و سوکایەتی پێکردن دەبنەوە، ڕاگەیاندنەکان لایەنێکی سەرەکی ئەو شێوازە ئەقڵیەتە بەرامبەر بە ژنانن، شێوازی ڕوانین و تێگەشتنی کۆمەڵگە ڕەگی داکوتاوە ناو ڕاگەیاندنەکان و لە بەرنامە و بەرهەمە میدیاییەکاندا سوکایەتی بە ژن دەکرێن و بە چاوی پلە دوو سەیر دەکرێن.

 

چیا یاسین، ڕاگەیاندکار و چالاکوانی بواری مافەکانی مرۆڤ، ئاماژە بەوەدەکات، هۆکاری دواکەوتنی ژنان لە کایە سیاسیی و کۆمەڵایەتی و هونەریەکانی ژیاندا، دەگەڕێنێتەوە بۆ هەبوونی ئەو کولتوور و ئەقڵیەتە پیاوسالاریەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، دەشڵێت: بەشێک لە لایەنەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان سەرکۆنەی ژنان دەکەن و ئەقڵیەتی پیاوسالاری لە کۆمەڵگەدا بڵاو دەکەنەوە، ئەم ئەقڵیەتە بەشێوەیەکی بەرچاو لە ڕاگەیاندنەکاندا ڕەنگی داوەتەوە و ژنان ڕووبەڕووی چەندین وشە و هەڵسوکەوتی خراپ دەبنەوە، هەروەها بەشێک لە چاوپیکەوتنی کەناڵەکاندا زۆربەی کات چەند وشەیەک بەرامبەر بە ژنان دەڵێن کە کەسانی ناڕۆشنبیر ئەو وشانە بەکاردەهێنن، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پەروەردە و ئەقڵیەتەی تییدا ژیاوە و بەشێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەم جۆرە هەڵسوکەوتەیان مەرامی سیاسیی لەپشتیانەوەیە.

 

"ئەو ڕێگایەیی ژنان گرتویانەتە بەر بەهۆی بەربەستی سیاسیی ناگاتە بەرهەم"

چیا یاسین، باسی لەوەشکرد، هیچ زەمینەسازیەک بۆ ژنان لە باشووری کوردستاندا فەراهەم ناکرێت، ژنان ڕووبەڕووی چەندین توندوتیژی دەبنەوە لەکاتی کارکردندا و یاساش وەک پێویت کار بۆ ژنان ناکات، وتیشی: ژنان لە کاتی کارکردندا ڕووبەڕووی توندوتیژی دەروونی دەبنەوە، چەندین ڕاپرسیمان ئەنجام داوە کە ژنان زۆرترین توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت لە شوێنی کارکردنیان، بەڵام بە هۆکاری هەبوونی داهاتێک و بێکار نەبوونیان ژنان زۆربەی کات ئەو توندوتیژیانە قبوڵ دەکەن، هەروەها ژنان بێدەنگی هەڵدەبژێرن چونکە گەر قسەبکەن لە داهاتوودا کۆمەڵگە ئەم ژنە قبوڵ ناکاتەوە و بە تاوانباری دادەنێن، هەروەها لە خێزانەکاندا لە کاتی توندوتیژی دژی ژنان ئەنجام دەدرێت، ژنان ناتوانن دەنگ بەرز بکەنەوە، یاسامان هەیە دژی توندوتیژی خێزانی، بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا کاری پێناکرێت، بەداخەوە ژنان ئەوندە هۆشیارنین کاتێک توندوتیژیان بەرامبەر بکرێت دەنگ هەڵببڕن لەبەر کۆمەڵگە بێدەنگی هەڵدەبژێرن.

 

ئاماژەی بەوەشدا، ژنان لە مێژە ڕەوتێکیان هەیە بۆ هۆشیارکردنەوە و داکۆکیکردن لە مافەکانیان، بەڵام بەرامبەر ئەم ڕەوتە گروپێک لە کەسانی ناهۆشیار دەیانەوێت دژی ئەم مافەی ژنان بووەستنەوە، وتیشی: ئەو ڕەوتانەی ژنان هەیانە ناگاتە بەرهەم بەهۆکاری هەبوونی بەربەستی فکری و ئاینی و سیاسیی لە کۆمەڵگەکەدا، هەروەها نەبوونی هۆشیاری ژنان لە بەرژەوەندی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستاندایە.

 

"هەبوونی سیاسەتی سەرکورکردنی ژنان بووەتە بەربەست لە بەردەم سەرکەوتنی ژنان"

دەستدرێژیکردن و بێ ڕێزیکردن بەرامبەر ژنان لە میدیاکاندا بەشێوەیەکی بەرچاو ڕەنگی داوەتەوە، بەشێک لە میدیاکارانی ڕەگەزی بەرامبەر بەشێوەیەکی نائەکادیمی لە ڕێگەی شێوازی گفتوگۆیانەوە بەرامبەر ژنان هەڵسوکەوت دەکەن، چیا یاسین دەڵێت: بەشێک لە ڕاگەیاندنەکان لە ڕێگەی بەکارهێنانی وشەی نەشیاو بەرامبەر ژنان لە پەخشی ڕاستەوخۆدا هەوڵدەدەن لە پێگەی ژنان کەم بکەنەوە، بەشێک لە کەناڵەکان لەڕێگەی سیاسەتی خۆیانەوە هەوڵدەدەن لەلایەن بەشێک لە پێشکەشکارەکانیانەوە وشەی زبر بەرامبەر ژنان بەکاردەهێنن بە مەبەستی شکاندنی ژنان لەڕێگەی تەنز ئامێزەوە، هەروەها بە مەبەستی گوێگر و بەرزکردنەوەی بینەر لە سۆشیاڵ میدیادا هەوڵ دەدەن ڕەنجی چەند ساڵەی بەرەوپێشچوونی ژنان بەرەو دواوە ببەن، هەروەها ئەم جۆرە کەسانە لە ڕاگەیاندنەکاندا جێگەیان دەبێتەوە بە مەبەستی لێدان لە ژنان و بەرزکردنەوەی ئەقڵیەتی پیاوسالاری.

 

وتیشی: هەبوونی سیاسەتی سەرکوتکردنی ژنان لە هەرێمی کوردستاندا وایکردووە ببنە بەربەست لەسەر ڕێگەی ژنان بۆ بەدەستهێنانی تواناکانیان، سیاسەتی کۆمەڵگەی ئێمە نایەنەوێت ژنان هۆشیار ببنەوە و بەرەو لوتکە هەنگاو بنێن، دەرگای هەر شوێنێک دەکەینەوە بەرپرسەکە پیاوێکە ئەوەی کارە سەرەتایەکان ئەنجام دەدات ژنانن، پێویستە ژنان ئیتر هەوڵ بدەن بۆ بەدەست هێنانی ئامانجەکانیان.

 

"یاساکانی توندوتیژی دژی ژنان جێبەجێ ناکرێت"

چیا یاسین، ئاماژەی بەوەشدا، هەبوونی ئەو سیستمە سیاسییەی ئەم وڵاتە بەڕێوە دەبات بە سیستمەکانی دادگا و پەڕلەمانەوە هیچکامیان وەک زنجیرە بەیەکەوە نەبەستراون، دەشڵێت: کاتێک پەڕلەمان یاسایەک دەردەکات کە توندوتیژی بەرامبەر ژنان نەکرێت لە دادگاکاندا زۆر بە خاوی کارەکان جێ‌بە‌جێ دەکرێت، واتە دادگاکان و وەک زنجیرە کارەکانیان ئەنجام نادەن و بە خاوی لە داواکاری ژناندا کاردەکەن، ژنان هەوڵبدەن خۆیان هۆشیار بکەنەوە بۆ ئەوەی کۆمەڵگەش هۆشیار ببێتەوە.

 

لە کۆتایدا ئەو ڕاگەیاندنکارە وتی:ژنان لە کاتی بەڕێوەبردنی کارێکدا ڕووبەڕووی سوکایەتی پێکردندەبنەوە، پێویستە ڕاگەیاندکاران و ڕاگەیاندنەکان بە خۆیاندا بچنەوە و چیدیکە وشەی نەشیاو و دەستدرێژی بەرامبەر ژنان ئەنجام نەدەن، ، لەڕێگەی توێژینەوە بگەن بە زانیاریەکان نەک وشەی بازاری بەرامبەر ژنان بەکاربهێنن، هەروەها پێویستە یاسایەکی توندووتۆڵ هەبێت بۆ بەرگرتن لە توندوتیژیەکانی میدیا بۆ سەر ژنان و یاساکان جێ‌بە‌جێ بکرێن.