تاڵیبان ترسی لەوە هەیە هۆشیاری ژنان ببێتە خەبات

بەڕێوەبەری خوێندنگەیەک لە ئەفغانستان دەڵیت: دەزانین کە ئامانجی تاڵیبان ئەوەیە ئێمە لەناو دیوارەکانی ماڵەوەدا بهێڵێتەوە هەتا ئەو کاتەی دەمرین، بەڵام ئێمە کۆڵ نادەین و بەردەوام دەبین.

بەهاران لاهیب

 

کابول- لەگەڵ گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ ئەفغانستان لە ناوەڕاستی ئابی ٢٠٢١، ڕێگەی نەدا خوێندکارانی کچی سەروو پۆلی ٦ بەردەوام بن لە خوێندن و ڕێگری لە کەسانی دیکە دەکات لە کارکردن لە هەندێک پارێزگادا، هەندێک جاریش دەچێتە قوتابخانەکان و هەڕەشە لە مامۆستایان دەکات.

 

سەبارەت بە بارودۆخی ژنان و منداڵانی کچ لە خوێندنگەی ناوەندی کچان لە ناوچەی عەنابە لە پەنجشیر، "ن.س" بەڕێوەبەری خوێندنگەکە وتی: کاتێک تاڵیبان کۆنترۆڵی پارێزگای پەنجشیری کرد، خوێندکارانی کجی پۆلی ٦ ڕێگەیان پێنەدرا بچنەوە خوێندنگەو و زۆرێک لە مامۆستایان بێکار بوون.

 

وتیشی: لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا ژنانی پارێزگاکە هەوڵیان داوە ڕۆشنبیر و هۆشیار بن، بەڵام لەگەڵ هاتنی تاڵیبان ژیانی ئێمەی کردووەتە دۆزەخ و لە پارێزگاکەمان ئاستی هەڕەشە و سوکایەتی و کوشتن و زیندانیکردن بەرزبووەتەوە، هەموو ڕۆژێک سەردانی خوێندنگەکەمان دەکەن و هەڕەشە لە مامۆستایان و خوێندکاران دەکەن و دەڵین "ئەگەر گوێڕایەڵی فەرمانەکانمان نەبن، قوتابخانەکەتان دابخەین" و ئێستا تەنانەت چاودێری خوێندکاران دەکات کە حجاب بکەن.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئێمەی مامۆستایان، هەرچەندە هەموو ڕۆژێک هەڕەشەمان لێ دەکرێت، بەڵام دەگەڕێینەوە سەر کارەکانمان بەهێزتر لە ڕۆژی ڕابردوو، دەزانین کە ئامانجی تاڵیبان ئەوەیە وامان لێبکات لەناو چوار دیواری ماڵەکەی خۆماندا ئازار بچێژین، بەڵام کۆڵ نادەین و بەردەوام دەبین و ئەو ترسەی ژنان هەستی پێدەکەن دەبێتە بەردەوامبوونی خەباتمان.