ڕوخسار محەمەد: ژنان توانایان هەیە و دەبێت گەشە بە خۆیان بدەن

لە بارەی گرنگی چالاکییەکانی ٨ی ئادار، ڕوخسار محەمەد باسی لەوەکرد، کۆڕ و سیمینارەکان دەبێتە هەنگاوێک بۆ ژنان کە پێداچوونەوە بە خودی خۆیاندا بکەنەوە و گەشە بە تواناکانی خۆیان بدەن.

دیڤان سیهاد

 

ڕاپەڕین- ڕوخسار محەمەد عومەر، دکتۆرا لە بواری دەروونزانی و کۆمەڵایەتی، سەرۆک بەشی باخچەی منداڵان لە زانکۆی ڕاپەڕین، سەبارەت بە گرنگی یادکردنەوەکان و بە تایبەت ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان باسی لەوەکرد، کە گرنگییەکی لەوەدایە مرۆڤ سەرلەنوێ بە خۆیدا دەچێتەوە و هەبوون و پێگەی خۆی لە کۆمەڵگە و ژیاندا بنیاد دەنێتەوە.

 

ڕوخسار محەمەد وتیشی: ژنان لە ڕۆژی خۆیاندا ئاگادار دەکەینەوە لەو خاڵە ئەرێنییانەی لە توانای توانای ژناندا هەیە، لە کولتوور و کۆنتێکستی کوردیدا زۆرجار ژنان گلەیی ئەوە دەکەن پیاوان ڕێگریانن، یان کۆمەڵێک بەربەستیان بۆ دروست دەکەن لەوەی کە بتوانن بە ئامانجەکانیان بگەن و ئارەزووەکانیان بهێننەدی، بۆیە پێم وایە بەستنی کۆڕ و سیمینار گرنگیەکی زۆری دەبێت بۆ خودی ژنان و پیاوانیش، چونکە زۆرجار هەیە مرۆڤ کاتێک لەسەر ڕۆتینی ژیان دەڕوات رادێت بەو دۆخەی تیایەتی، بۆیە ڕۆژێکی وەکو ٨ی ئادار بە چالاکی و سیمینار، یاخود نیشاندانی پەیامی ژنانی خاوەنکار و بابەتی زانستی باس لە توانای ژنان دەکرێت و لە رووی دەروونی و ڕۆئئەوە دەبێتە هەنگاوێک تا ژنان بە خۆیاندا بچنەوە و گرنگی خۆیان بزانن.

 

دەربارەی دروستبوونی تێڕوانینی نەرێنی لەسەر ژنان لەلایەن خۆیانەوە، ڕوخسار محەمەد دەڵیت: هەندێکجار ژن تێڕوانینێکی نەرێنی بۆ دروست دەبێت و وێنەیەکی شێواو بۆ خۆی دروست دەکات، لەوەی زۆرجار لۆمەی خۆی دەکات کە نەیتوانیوە ئەرکی دایک جێبەجێ بکات، یان کارەکانی بە سەرکەوتووی ئەنجام نەداوە، بۆیە بەستنی کۆڕ و سیمینار دەبێتە دەروازەیەک بۆ ژنان کە پێداچوونەوە بە خشتە و ژیانی خۆی بکات و تێڕوانینی بەرامبەر بە خۆی لە کارەکەیدا بگۆڕیت و گوڕ و تینێک بە خۆی بدات، ئەو خاڵە لاوازانەی کە لە خۆیدا بەدیدەکات، بتوانێت چاکیان بکات و خاڵە باشەکان و ئەو توانایەی کە تیایەتی پەرەی پێبدات، خۆی ڕۆشنبیر بکات و زیاتر هەوڵ بدات، کات بە خۆی بدات بتوانێت ئەو فشارانەی کەوا لە سەری دروستدەبێت بە هۆی زۆر بیرکردنەوەی خراپ یاخود بەهۆی بەکاهێنانی هەندێ وشەی نەرێنی ڤەرامبەری بتوانێت پێداچونەوەی پیادا بدات و تێی بپەڕێنێت.

 

ئەو دەروونزانە باسی لەوەشکرد، باشترین شت ئەوەیە کە ژنان پەرە بە توانای خۆیان بدەن و وێنەی خۆیان بە شێوەیەکی جوان و گەورەتر ببینن، کە ژن بوونێکی بەنرخن و پێویستە گرنگی بە خودی خۆی بدات، لە کۆتاییدا وتیشی: کولتوورێکی پیاوسالاری هەیە دەڵێت ژن زەعیفەیە، بەڵام لە ڕاستیدا، نەخێر بەو شێوەیە نییە و پێویستە خۆت وێنەی خۆت لە بەرچاوی خۆتدا ڕاست بکەیتەوە، بۆ ئەوەی بتوانیت بە هاوسەنگی یاخود بە ڕاگرتنی باڵانس لە نێوان خۆت و ڕەگەزی بەرامبەر کە پیاوە چ لەسەر کار بێت، چ لە ماڵ بێت، چ لەگەڵ کوڕەکەتدا بێت، ڕای بهێنیت و ژیان بە شێوەیەکی ئاسایی بەردەوام بکەیت.