نەبوونی فەرمانبەری ژن و نەخوێندەواری تاڵیبان گەندەڵی کارگێڕی زیاد کردووە

دوای هاتە سەر دەسەڵاتی تاڵیبان، ژنان لە کارەکانیان دوورخرانەوە و نەخوێندەواری فەرمانبەرانی تاڵیبان کارەکانی لە دامەزراوەی حکومی ژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا قورسکرد و کارمەندەکانیان نەیانتوانی بەڵگەنامەکان چاپ بکەن.

بەهاران لاهیب

 

کابول- تاڵیبان، حاکمەکانی سەدەی ناوەڕاستی ئەفغانستان، کاتێک هاتنەوە سەر دەسەڵات، هەموو کارمەندە ژنەکانیان لە کارەکانیان دوورخستەوە، هەندێک دامەزراوە و وەزارەتەکانی حکومەتیان هەڵوەشاندەوە، هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە کارمەندانی پیاویان بە بیانووی جۆراوجۆر دەرکرد، هەروەها زۆرترین ژمارەی فەرمانبەرانی تاڵیبان، کە هیچ نازانن، دامەزراون و تەنها یەک کارمەندی لێهاتوو کە هەموو کاروباری فەرمانگە بزانێت هێڵراوەتەوە.

 

لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە کارمەندانی پیاو کۆبووینەوە، کە هەموویان گلەیییان لە دۆخی باوی ئۆفیسەکەیان دەکرد، ڕۆژانە وانەی ئایینی بۆ ماوەی دوو کاتژمێر یان هەندێکجار زیاتریان پێدەوترێت و ئەگەر لە پۆلەکەدا بەشداری نەکەن، ئەوا سوکایەتییان پێدەکرێت.

 

بۆ یەکەمجار لە دامودەزگایەکی حکومی لەژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا ڕووبەڕووی بارودۆخی باو بووینەوە، کە بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکان چووینە دوو دامودەزگا و لە هەردووکیاندا بەهۆی ژن بوونمانەوە سووکایەتیمان پێکرا، کاتێک چووینە ناو بینای دامەزراوەکە، لە دەروازەی دامەزراوەکە چاومان بە تاڵیبان کەوت، سەرەتا لە سەر تا پێ سەیری ئێمەیان دەکرد، تا بزانن جلوبەرگمان چۆنە، پاشان بە نیگا ناشیرینەکانیانەوە، ڕێنماییمان کران بۆ ژوورێک کە ژنێکی تێدا دانیشتبوو و بۆ پشکنینی جانتا و جەستە، لە یەکەم ڕووبەڕووبوونەوەیاندا ڕق و کینەیان بەرامبەر تاڵیبان دەربڕی، ئەم ژنانە سات بە سات سووکایەتییان پێدەکرا و تەنانەت ڕێگەیان پێنەدەدرا بچنە ناو بیناکەوە، پاشان کە چووینە ژوورەوە، هەموو کارمەندەکانی تاڵیبان بە نیگای ناشرین و پرسیارکەرەوە سەیری ئێمەیان دەکرد، ئەم ژنە چی دەکات؟ وە بۆچی هاتووە؟ چوومە لای کارمەندە بەئەزموونەکەی ژوورەکە و زۆر بە ئاسانی کارەکەی ئەنجامدا، دواتر من و موکلەکانی تر زیاتر لە کاتژمێرێک چاوەڕێی ئەوەمان کرد، کاغەزەکانمان لەو منداڵە وەربگرین کە لە پشت مێزەکەوە دانیشتبوو، بەڵام نەیدەتوانی کاغەزی هەموو موکلەکان چاپ بکات.

 

دوای کاتژمێرێک، هەمان ئەو کارمەندە کە بە ئەزموون بوو، کارەکانی تەواو کرد، بەپەلە کارەکانی ڕادەپەڕێنێت بۆ ئەوەی یارمەتیدانی خەڵک بدات، پاشان ناچار بووم بچمە لای بەڕێوەبەر تا واژۆم بۆ بکات، بەڵام بە ڕقەوە سەیری کردم و لێی پرسیم شەست لە کوێ دابنێم؟ پێم گوت واژۆ بکە و شەستی پێویست نییە، لەو گفتوگۆیەدا بووین، کە کارمەندە بە ئەزموونەکە هاتە لای بەڕێوەبەر و بە گاڵتەجاڕییەوە وتی: "مەولەوی چەند ڕۆژێکە لەگەڵت ڕاهێنان دەکەم تا فێری واژۆ ببیت، بەڵام وەک هەمیشە شکستت هێنا".

 

بانگەشەیەکی دیکەی تاڵیبان ئەوەیە کە، گەندەڵی ئیدارییان نەهێشتووە، بەڵام ئەو فەرمانبەرانەی لەگەڵیان کاردەکەن ئەمە بە درۆ دەزانن و دەڵێن، زیاتر لە جاران گەندەڵی ئیداری ئەنجام دەدرێت و پارە بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکان وەردەگیرێت، ئەمەش تەنها کارمەندانی تاڵیبان ئەنجامی دەدەن.

 

دوای بینینی ئەم دیمەنانە، گەیشتمە ئەو بڕوایەی کە پێویستە زیاتر و زیاتر بەبڕیارانە دەمامکی تاڵیبانی "گۆڕاو" بکێشینە خوارەوە و ڕووخساری دژە ژنیان ئاشکرا بکەین.