منداڵانی کچ لە میسر بەهۆی کێشەی ئابوورییەوە هاوسەرگیری دەکەن

پارێزەر هبە سەڵاح ئاماژە بەوەدەکات، هەندێک خێزان لە میسر  بەهۆی بارودۆخی ئابوورییەوە وەک بارگرانییەکی ئابووری سەیری کچەکانیان دەکەن، لە مافی خوێندن بێبەشیان دەکەن و هاوسەرگیریان پێدەکەن.

ئەسما فەتحی

 

قاهیرە-لە میسر، هاوسەرگیری ئەو ژنە گەنجانەی کە لە  مافی خوێندن لێ بێبەش کراون یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکانی وڵاتەکە، هەرچەندە خیزانەکان گرنگی پەروەردەی کچەکانیان بە ئەرێنی دەبینن بەڵام دەوڵەت بەرپرسیارێتی هەڵناگرێت.

 

"من وەک بار بیندرام و براکەمم دەیخوێند"

یەکێک لەو ژنانەی لە تەمەنی گەنجیدا هاوسەرگیری کردووە ژنێکی خەڵکی ئەسکەندەرییە، ناوی هودا مەنسورە، ئاماژەی بەوەکرد، مافی خوێندنی ڕەتکراوەتەوە و لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا هاوسەرگیری کردووە لەبەر هۆکاری دارایی، گەورەترین ئازاری ئەوەیە کە لە تەمەنێکی زوودا هاوسەرگیری کردووەو وتی: کاتێک چوومە قوتابخانەی ناوەندی، دایکم بڕیاری دا هاوسەرگیری بکەم، ویستم بەردەوام بم لە خوێندن، بەڵام دایکم وتی کە ناتوانێت تێچووی خوێندنم دابین بکات، من وەک بارێک دەبیندرام، بەڵام براکەم دەیخوێند، کاتێک تەمەنم ١٤ ساڵ بوو، هاوسەرگیریم کرد و بەرپرسیارێتی ماڵەکەم و هاوژینەکەم هەڵگرت، ئەوان زۆر بە دڕندانە نزیک بوونەوە لە من و هەموو خەونەکانمیان کوشت.

 

"ئەوەی بەسەر من هات نابێت بەسەر کچەکانمدا ڕووبدات"

هودا لە فرۆشگای ئامێرەکانی ماڵەوە کار دەکات، ئاماژەی بەوەدا، پەروەردەم بە چوار کچەکەم داوە لە دژی ئەو زەحمەتییانەی کە ڕووبەڕووی بوونەتەوە، دوای مردنی هاوژینەکەم، بۆ ساتێک ئەو نادادپەروەرییە قبوڵ ناکەم کە بە کچەکانم کرا، ئەوەی لە توانامدا بوو کردم بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە خوێندن، زۆرێک لە دراوسێکانم خوێندنی کچەکانیان بە نیوەی دەهێڵنەوە، نامەوێت کچەکانم ئازار بچێژن من زۆر کار دەکەم بۆ ئەوەی ژیانێکی شکۆمەندانە بۆ کچەکانم دروست بکەم.

 

"بەراورد بە ڕابردوو خێزانەکان پەروەردە بە گرنگتر دەبینن"

پارێزەر هەبە سەڵاح ئاماژەی بەوەکرد، پێشکەوتنی زیاتر هەیە لە پەروەردەکردنی منداڵانی کچ و دووپاتی کردەوە کە زۆرێک لە خێزانەکان خوێندن بە گرنگ و پێویست دەزانن بۆ کچەکانیان، هەروەها بەهۆی نەبوونی ئاسایش و سەقامگیری سیاسی و خراپی باری ئابووری، هەندێک خێزان هێشتا کچەکانیان نانێرن بۆ قوتابخانە و وتی: خێزانەکان جیاکاری دەکەن و کوڕەکانیان دەنێرن بۆ قوتابخانە. هەندێک خێزان ناتوانن کوڕ و کچەکانیان بنێرن بۆ خوێندن چونکە بەرپرسانی حکومەت بودجەی پێویستیان بۆ ئەم کارە تەرخان نەکردووە.

 

"خێزانەکان دەیانەوێت لە بارگرانییە داراییەکان ڕزگاریان ببێت"

هەبە سەڵاح ئاماژەی بەوەدا کە خراپبوونی ئابووری و دواکەوتوویی کولتوور و ڕۆشنبیری کاریگەری لەسەر داهاتووی ژنانی گەنج هەیە و وتی: منداڵانی کچ پێش تەمەنی ١٨ ساڵی هاوسەرگیری دەکەن، خێزانەکان منداڵەکانیان لە قوتابخانە دەردەکەن و دەیانەوێت لە باری ئابووری ڕزگاریان بێت بۆیە لە تەمەنێکی بچووکدا هاوسەرگیریان پێدەکەن.

 

هەبە سەڵاح ڕایگەیاند، ڕێژەی جیابوونەوە لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵیدا زیادی کردووە و گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە ەگەڵ زیادبوونی کێشەی کچان دوای هاوسەرگیری، خێزانەکان دەستیان بە پەروەردە کرد، نزیکەی ٨٠٪ی خێزانەکانی ئەسکەندەریە گرنگی بە خوێندنی کچەکانیان دەدەن و ئەمە بە گرنگ دەبینن بۆ داهاتوویەکی ئارامتر.