دیاردەی کاری منداڵان لە ئێران تەشەنە دەستێنێت

دیاردەی کاری منداڵان لە ئێراندا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە شێوەی بەکارهێنانی منداڵان لە هەر جۆرە کارێکدا توندتر دەبێتەوە، ئەمەش لە منداڵییان بێبەش دەکات و ڕێگری لە توانای چوونە قوتابخانەیان دەکات.

ئاگرین حسێنی

 

دیواندەرە- منداڵانی کارکەر بە گشتی بەرهەمی پێکهاتەیەکی ناکارامەی ئابووری-کۆمەڵایەتی و نادادپەروەری کۆمەڵگەن، بەهۆی کاریگەری قەیرانی ئابووری، ئازاردان یان پشتگوێخستن، مردن یان جیابوونەوەی دایک و باوک، و کێشەی تری خێزان، ئەم منداڵانە ناچار دەبن کاری قورس بکەن بۆ دەستەبەرکردنی بژێوی ژیان و مانەوەیان.

 

ملیۆنان منداڵ ناچارن کاری قورس و ماندووکەر بکەن بۆ ئەوەی بتوانن بژین یان یارمەتی خێزانەکانیان بدەن لە ژیاندا، بەمەش ەرنجیان لەسەر پەروەردە و گەشەپێدانی خۆیان دووردەخاتەوە، کە مافی سروشتیی هەموو منداڵێکە.

 

لە شاری دیواندەرە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاتێک بەلای باخەکانی شاردا تێدەپەڕیت، دەبینیت منداڵان تەنانەت لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانیدا سەرقاڵی ئامادەکردنی گەنمەشامین بۆ ڕێبوارانن، یەکێک لەو منداڵانە ناوی محەمەد حەسەن زادەیە و تەمەنی ١٣ ساڵە، لەگەڵ خێزانە چوار کەسییەکەی لە گوندی ڕەشید ئابادی سەر بە شاری دیواندەرە دەژی و دوای داخستنی قوتابخانەکە دەچێتە ناو شار، تا لە نزیک باخچەکان بژێوی ژیانی دابین بکات.

 

سەبارەت بەو داهاتەی کە بەدەستی دەهێنێت، محەمەد دەڵێت: ئەو داهاتەی لە کارەکەمەوە بەدەستی دەهێنم زۆر کەمە، ژیان بۆ ئێمەی منداڵانی کارکەر هیچ ڕەنگێکی نییە جگە لە خۆڵەمێشی، چونکە ئێمە خەونی زۆرمان هەیە کە تەنها لە پشتی پەنجەرەوە دەتوانین خەیاڵی گەشتن پێی بکەین، دەبێت بژێوی ژیانی خێزانەکەم دابین بکەم، هەرچەندە خێزانەکەم لە کارەکەم ڕازی نییە، بەڵام ویژدانم قبوڵ ناکات کە بێکار بم.

 

زۆرجار منداڵانی ئیشکەر وەک منداڵی سەرشەقام هەژمار دەکرێن، بەڵام لە واقیعدا منداڵی سەر شەقام نین، بەڵکو لەژێر بارودۆخی خراپی ژیان و کێشەی دارایی دایک و باوکیاندا ناچارن بژێوی ژیانی خۆیان و زۆربەی ئەندامانی خێزانەکەیان بکەن.

 

لە شارەکانی ئێران ساڵانە بەشێکی زۆر لە منداڵان ناچار دەبن واز لە خوێندن بهێنن، هەرچەندە ئامارێکی جێی متمانە و دروست لەبارەی ژمارەی منداڵانی کارکەرەوە نییە، بەڵام ئامارە فەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، دوو ملیۆن منداڵی کارکەر هەن و بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، ژمارەی منداڵانی کارکەر بە نزیکەی ٧ ملیۆن منداڵ مەزەندە دەکرێت، کە لە خوار تەمەنی پانزە ساڵەوەن.