بەکارهێنان و هەڵاواردن ئازاری ژنانی کرێکار لە عێراق زیاتر دەکات
تێڕوانینی کەمی بەرامبەر ژنان و بەها کۆنەپەرستەکان لەو هۆکارانەن کە ڕێگری لە کاری ژنانی عێراق دەکەن، ئەمەش وایان لێدەکات ڕووبەڕووی بەکارهێنان و هەڵاواردن ببنەوە.
نور مەرسومی
بەغدا- هەرچەندە ڕێژەی ژنان لە کۆمەڵگەی عێراقدا نزیکە لە ٤٩٪ی کۆی دانیشتوانی عێراق، بەڵام ڕێژەی ژنانی کرێکار لە بازاڕی کاردا لە ١٥٪ تێناپەڕێت، ئەمەش لەبەر چەند هۆکارێکە، لە سەرووی هەموویەوە هەراسانکردن و بەکارهێنانیانە بۆ بەرژەوەندی کەسانی دیکە، دەرفەتەکانی بەردەم ژنان لە بازاڕی کاردا لە عێراق کەمن، ٨٥٪یان بوونەتە قوربانی فاکتەرە بابەتییەکان کە ڕۆڵیان لە کۆمەڵگادا بە گشتی و بە تایبەتی لە بازاڕی کاردا هەیە.
سەما ئیسماعیل وتی: بەهۆی پسپۆڕییەکەمەوە ناتوانم کار بدۆزمەوە، هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆسم لە پەروەردەی وەرزشی کە زیاتر لە دە ساڵ لەمەوبەر بەدەستم هێناوە، لە کەرتی تایبەتدا ژنان بە کاڵا دادەنرێن و ئەمەش ئازاری ژنان زیاتر دەکات، چونکە داوایان لێدەکرێت بۆ ڕاکێشانی کڕیار بە شێوەیەکی نەشیاو کار بکەن، بەهۆی ئەوەشی کە کرێی کار لە کۆمپانیا تایبەتەکاندا زۆرە، بۆیە کارمەندەکان ڕووبەڕووی مامەڵەکردنی ناشرین و زیادەڕەوی کڕیاران و خاوەنکاران ببنەوە، بۆیە دەبێت حکومەتی عێراق هەلی کار و دامەزراندن بەپێی پسپۆڕییەکانیان دابین بکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، "ناتوانین لە کۆمپانیا ئەهلییەکان کاربکەین بەهۆی زۆری حاڵەتەکانی هەراسانکردن، ناتوانرێت کچێک کە بڕوانامەی زانکۆی هەبێت یان تەنانەت پەروەردەی نەخوێندبێت لەو شوێنانە کاربکات کە هەراسانکردن و بەکارهێنان و زەوتکردن تیایدا ئەنجام دەدرێت".
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی بانکی نێودەوڵەتی، لە نەبوونی یاسایەکی توند دژ بە دیاردەی هەراسانکردن، لە عێراق لە هەر سێ ژن یەکێکیان تووشی هەراسانکردنی زارەکی دەبێت، لەکاتێکدا لە هەر پێنج ژن یەکێکیان تووشی هەراسانکردنی جەستەیی دەبێت، ئەمەش لە بازاڕی کار و بەتایبەت لە کەرتی تایبەتدا ڕێژەکەی بەرز ترە.
لە کۆتایی قسەکانیدا، سەما ئیسماعیل داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە ڕۆڵێکی کاریگەرتر بگێڕن لە کۆتاییهێنان بە حاڵەتەکانی هەراسانکردن و کەمکردنەوەی کاتەکانی کارکردن، هەروەها چالاککردنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی بۆ پاراستنی ئەو ژنانەی کە لە کەرتی تایبەتدا کاردەکەن.
ئایە عەبدول باسیت، کە خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە پەروەردەی تایبەت، باسی ئەو گرفتانەی کرد کە ڕووبەڕووی بووەتەوە، وتی: جیاکارییەکی ڕوون لە شوێنی کاردا هەیە، نەک تەنها لەسەر ئاستی مووچە، بەڵکو جیاکاری دژی ژنان درێژدەبێتەوە بۆ کاتی کارکردنیش، هەندێکجار ناچار دەبین چەند کاتژمێرێکی دیکە لە شوێنی کاردا بمێنینەوە بە پێچەوانەی ئەوەی کە لەسەری ڕێککەوتبووین، کاتی زۆرتر کار دەبەین بەبێ ئەوەی کرێی زیادە وەربگرین، دامەزراوە پەیوەندیدارەکان هیچ ژمارەیەکی گەرم بۆ کرێکارانی ژن دابین ناکەن بەمەبەستی دوورکەوتنەوە و چارەسەرکردنی حاڵەتەکانی بەکارهێنان و زەوتکردن لەلایەن خاوەنکارەکانەوە، ئەمە جگە لەو لاوازییەی کە تایبەتمەندی چاودێریکردنە بەرامبەر بە کۆمپانیاکان، ژینگەی کارکردنی خراپ و چاودێرینەکراو و نەبوونی ڕێوشوێنی خۆپارێزی، هۆکاری بەرزی ڕێژەی هەراسانکردنەکانی سەر ژنان و ئاستەنگی بەردەم کار کردنیانە.
بە گوتەی چالاکوانانی فێمینیست، هێشتا ڕۆڵی حکومەت لاوازە لە پاراستنی مافەکانی ژنان لە ماوەی کارکردن و توانادانیان بۆ ئەو کارە و پاراستنی ژنانی کرێکار لە جۆرەکانی هەڵاواردن و بەکارهێنان، سەرەڕای واژۆکردنی حەوت ڕێککەوتننامەی ڕێکخراوی کار لەلایەن عێراقەوە کە مافی کارکردنی ژنانی دەستەبەر دەکات، بەڵام ژنانی کرێکار ئێشتا ڕووبەڕووی هەراسانکردن و هەڵاواردن و پێشێلکاری دەبنەوە.