تاقانه‌یه‌كی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ هیواكانی له‌ كچه‌كه‌یدا سه‌وز ده‌كات

زەم زەم تاقانەیەکی هەڵەبجەیە و لە منداڵیدا دەرفەتی گەشتن بە خەونەکانی نەبووە، ئێستا هاوکاری سەرەکی منداڵەکانیەتی و هیواکانی لەواندا سەوز کردووە.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- قوربانییه‌كانی كاره‌ساتی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ هێنده‌ زۆرن، كه‌ ژماره‌یه‌كیان ناویان تاقانه‌كانی كیمیابارانی هەڵەبجە‌یه، واته‌ ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ به‌بێ خوشك و برا و دایك و باوك ماونه‌ته‌وه.

 

زه‌م زه‌م عەبدولكەریم، یه‌كێكه‌ له‌ تاقانه‌كان و چیرۆكه‌ تراژیدیاكانی ژیانی خۆی لە کاتی کیمیابارانی هەڵەبجە دەگێڕێتەوە.

 

زەم زەم لەو کاتەدا تەمەنی دوو مانگ و نیو بووه‌، له‌گەڵ خانه‌واده‌كه‌ی له ‌هەڵەبجە‌ ژیاون، بۆ خۆڕزگارکردن لە کیمیایی هەڵەبجە بەجێدە‌هێڵن، بەڵام لە گوندی قلیچی نزیک شارەکە، كه‌سوكاره‌كه‌ی شه‌هید ده‌بن و ته‌نها خۆی ده‌مێنێته‌وه‌، زەم زەم باس لە ژیانی خۆی دەکات و دەڵێت: پاش ئه‌وه‌ی كه‌سوكاره‌كەم لەدەستدا، هەندێک لە خزمەکانمان من دەدۆزنەوە و دەمبەن بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ماڵی پورزاكانی باوكم پاشان دەبرێمە نەخۆشخانە و لەوێ ١٢ ڕۆژ دەمێنمەوە، پاش چاره‌سه‌ر وه‌رگرتن به‌ نه‌نك و باپیرهم دەسپێردرێم.

 

زه‌م زه‌م لە ئێستادا دانیشتووی شاری ده‌ربه‌ندیخانه ‌و هاوسه‌رگیری كردووه، خاوه‌نی کچ و کوڕێکە، باسی لەوەکرد، هه‌ر له ‌منداڵیه‌وه‌ حه‌زی به‌ كاری وێنەكێشان و هونه‌ری خۆشنووسی بووه، له‌ كاتی خۆی نه‌یتوانیووه‌ هیواكه‌ی به‌دیبهێنێت، بۆیە لە ئێستادا هاوکارێکی سەرەکی منداڵەکەیەتی کە فێری هونەر ببن.

 

زه‌م زه‌م عەبدولكەریم هیواكانی له‌ منداڵه‌كانیدا سه‌وز ده‌كات، دەشڵێت: من كه‌سه‌ نزیكه‌كانمان نه‌ماون، بەڵام دوو منداڵ و هاوژینەکەم لە سەرجەم ساتە ناخۆشەکان لەگەڵمدان و خۆشحاڵم بە هەبوونی ئەوان.