دڵنیا لە دوای ٢٠ ساڵ دابڕان دەستیکردووەتەوە بە خوێندن

دۆخی سیاسی و ئابووری هەرێمی کوردستان چەندین ژنی لە خوێندن دابڕی، بەڵام دڵنیا یەکێکە لەو ژنانەی کۆڵی نەداوە و دوای ٢٠ ساڵ دەستی بە خوێندن کردووەتەوە.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- دڵنیا محەمەد ئەمین، یەکێکە لەو ژنانەی کە لەساڵی ١٩٩٧ دەستی لە خوێندن هەڵگرتووە، بەڵام پاش دابڕان لە ساڵی ٢٠١٨دا بڕیار دەدات بگەڕێتەوە بۆ خوێندن و ببێتە نمونەیەک بۆ هاوپۆلەکانی تاوەکو درێژە بە خوێندن بدەن.

 

باشووری کوردستان و ئەو دۆخە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتییەی هەیەتی، چەندین کەسی لە خوێندن دابڕی، لە ئێستاشدا بەهۆی کردنەوەی خوێندنگەی خێرا و نەوجەوانان، ئەو کەسانەی لە خوێندن دابڕابوون، دەستیان بە خوێندن کردووەتەوە، دڵنیا یەکێکە لەو ژنانەی کە بەهۆی دۆخی ئابووری و هەبوونی خێزان و منداڵەوە لە خوێندن دابڕا، بەڵام گەڕاوەتەوە بەر خوێندن و ئێستا لە پۆلی ١١ی ئامادەییە، لە لێدوانێکیدا دڵنیا باس لە خۆی دەکات و دەڵێت: من دانیشتووی هەڵەبجەم و لە ساڵی ١٩٨٠ لەدایکبووم، دوای ئەوەی هاوسەرگیریم کرد و منداڵم هەبوو لە خوێندن دابڕام،  دوای ئەوەی منداڵەکان گەورەبوون و دۆخەکەم بۆی لەباربوو، دووبارە خولیای خوێندن کەوتەوە سەرم و  لە ساڵی ٢٠١٨دا دەستم کردەوە بە خوێندن،

 

هیچ کات تەمەن ڕێگر نییە بۆ فێربوون

دڵنیا ئاماژە بەوە دەدات لە پۆلی دووی ناوەندی دەستی لە خوێندن هەڵگرتووە و پاشان چووەتە خوێندنی خێرا و دوو پۆلی بە ساڵێک بڕیوە، سەبارەت بەوەی کە ئایا دووری ڕێگا و هاتوچۆ ئاستەنگی بۆ دروستنەکردووە دڵنیا وتی: "وەک چۆن تەمەن هیچ کات ڕێگر نییە لە فێربوونی زانست و زانیاری، ئاواش بەسەر سەرجەم کۆسپەکاندا سەردەکەوم تا بگەمە ئامانج"، ئێستا دڵنیا لە قۆناغی ١١ی وێژەییە و دەڵێت لە پۆلی ١٠ دەرنەچووم، بەڵام کۆڵم نەدا و توانیم ئەو قۆناغەش تێپەڕێنم.

 

"پێش خوێندن نەخۆشی دەروونیم هەبووە و ئالودەی ماڵەوە بووم"

دڵنیا دەیەوێت ژیانی خۆی بکات بە نمونە بۆ هاوشێوەکانی و وتی: سەرەتا نەخۆشی دەروونیم لەگەڵدا بوو و ئالودەی ماڵەوە بووم، بەڵام ئێستا بەهۆی گەڕانەوە بۆ خوێندن، کتێب خوێندنەوە بووەتە دەرمان بۆم و هەرکات بێتاقەت ببم دەست دەکەم بە خوێندندەوە.

 

دڵنیا محەمەد داوا لە ژنانیش دەکات خێزان و بوونی منداڵ نەکەنە بەربەست لە بەردەمیاندا، چونکە خوێندن و بڕوانامەکامان دەتوانێت ببێتە ناسنامەی ئێمە لە کۆمەڵگەدا.

 

دڵنیا بەنیازە بە خەونەکانی بگات و وەک خۆی باسی دەکات پێی خۆشە زانکۆی هەڵەبجە بەشی ئەدەبیات تەواو بکات و دووبارە خزمەت بە شاری هەڵەبجە بکات.