کچێکی ئەفغانی: بینینی ژنانی ئێران لەسەر سەقامەکان هێزم پێدەبەخشێت

ل.ن. یەکێک لە خوێندکارە دەرکراوەکانی زانکۆی کابول، باس لەوە دەکات کە چۆن کچانی بەشەناوخۆییەکان ژەهراوی کراون و دەرکراون بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە کۆمەڵکوژی ناوەندی پەروەردەیی کاج.

بەهاران لاهیب

 

کابول- لە ٣٠ی ئەیلولی ئەمساڵدا هێرشێکی خۆکوژی کرایە سەر خوێندکارانی "ناوەندی پەروەردەیی کاج" لە ئەفغانستان و بەهۆیەوە قوتابخانەکە وێران بوو، دوای ئەوەش شەپۆلێکی ناڕەزایەتی لە زۆربەی پارێزگاکانی وڵات بە پێشەنگایەتی خوێندکارەکان دەستیپێکرد.

 

تاڵیبان وەک هەمیشە لەم ناڕەزایەتییە دەترسان و دەستیانکرد بە سەرکوتکردن، بەڵام ئەم کچانە بێ ترس درێژەیان بە خەباتی خۆیاندا، بەمەبەستی ڕێگریکردن لە ناڕەزایەتی زیاتری خوێندکارانی زانکۆی کابول، تاڵیبان کچانی بەشەناوخۆییەکەیان ژەهراوی کرد و لەبەرامبەردا کچان هەواڵەکەیان لە کاتی گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانە دزەپێکرد، لە ئەنجامدا تاڵیبان بەشێک لە کچەکانی دەرکرد.

 

ل.ن. یەکێکە لەو خوێندکارانەی کە ژەهراوی کراوە و دواتر لە خوێندن دەرکراوە، چیرۆکەکەی وەها دەگێڕێتەوە، "ژمارەیەک لە قوتابیان بەهۆی کۆمەڵکوژی هەزارەییەکانەوە لە ناوەندی پەروەردەیی کاج بڕیاریاندا ڕۆژی دواتر لە ٢ی شترینی یەکەمدا خۆپیشاندانی ناڕەزایی ئەنجامبدەن، ئەم بابەتە ئاشکرا بوو و بەهۆی ترساندن و ڕێگریکردن لە ئێمە، تاڵیبان ئەو شەوە بێ ئاگاداری چێشتلێنەرەکە، دەرمانی کردە خواردنەکەمانەوە و دوای ماوەیەکی کورت لە خواردنی  تەندروستی هەموومان تێکچوو. هاوارمان کرد بۆ ئەوەی ببرێینە نەخۆشخانە، لە نەخۆشخانە وێنەمان گیرا و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە، دوو کچی خوێندکاریش گیانیان لەدەستدا.

 

ل.ن. بە هێزێکی زۆرەوە درێژە بە قسەکانی دەدات و دەڵێت: لە کۆتا ساڵی خوێندنمدا دەرکرام، بۆ من گرنگ نییە، چونکە دۆخێکی خراپتر بەسەر ژنانی ناڕازیی دیکەدا هات، ئێمە لەدەستمان دان، چەند کەسێکیان خرانە زیندان و ناچاربوون لەبەردەم کامێرای ڤیدیۆیدا دان بنێن بەوەدا بنێن کە نیازی خۆپیشاندانیان هەبووە.

 

ل.ن. باس لە ژنانی ئێران دەکات کە نزیکەی سێ مانگە بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی لە شەقامەکانن و دژی ڕژێم ناڕەزایەتی دەردەبڕن و وتی: بینینی ژنانی ئێرانی لەسەر شەقامەکان دژ بە ڕژێمی ئاخوندی ئێران وزەی زیاترم پێدەبەخشێت.