کولتوور و زاڵبوونی پیاوسالاری؛ کوشتنی ژنان بە ناوی شەرەف

زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری، کولتووری کۆمەڵگە و سزا نەدانی تاوانباران وایکردووە کە ژنان بکوژرێن بە بیانووی شەرەف لەلایەن کەسە نزیکەکانی خێزان و خێڵ و بنەماڵەوە.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- کوشتنی ژنان بە بیانووی 'شەرەف'، یەکێک لەو دیاردانەی بە درێژایی مێژوو لە کۆمەڵگەی کوردیدا هەبووە، کە لەلایەن پیاوانی نزیک خێزان و بنەماڵەوە ئەنجامدەدرێت، هەر کۆمەڵگەیەک ئەقڵیەتی پیاوسالاری زاڵ بێت بەسەریدا ئەم دیاردە ناشرین و قێزەونەی تیادا بەدیدەکرێت، لە کۆمەڵگەی کوردیشدا هەمیشە ژنان بە شەرەف سەیر دەکرێت، ئەمەش وایکردووە پیاوان خۆیان چۆنیان بووێت بەو شێوازە ڕەفتار لەگەڵ ژندا بکەن، بۆیە لەو ڕوانگەوە ژنان بەشێکن لە موڵکی خێڵ و بنەماڵە و پارێزگاری کردن لێیان دەبێتە ئەرکی پیاوانە.

 

شارا عەبدولکەریم، لێپرسراوی لقی شارەزووری یەکێتی ژنان، باسی لە کوشتنی ژنان کرد لەسەر شەرەف، و وتی ژن بوونەوەرێکە بۆ ئەوەی لەگەڵ پیاودا خزمەت بە مرۆڤایەتی بکەن، لەگەڵ پیاودا لە ئەرک و مافدا یەکسان بن، شەرەفیش شتێک نییە بەسترابێتەوە بە ژنەوە بەڵکو هەر کەسەو شەرەفی خۆی پەیوەست بە خۆیەتی.

 

"بەهۆی زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاریەوە هەمیشە ژن بە پلە دوو سەیر کراوە"

شارا عەبدولکەریم، ئاماژەی بەوەکرد، ژن خاوەنی کەسایەتی خۆی و شەرەفی خۆیەتی، خاوەنی بونییەدی خۆیەتی، بۆیە نابێت شەرەف پەیوەست بکرێت بە ژنەوە، ژن وەکو تاکێکی سەربەخۆ دەتوانێت خزمەت بە مرۆڤایەتی و کۆمەڵگە بکات و پیاو نابێت وەک شەرەف لە ژن بڕوانرێت.

 

ئەو چالاکوانە ئاماژەی بەوەشکرد، کە بەهۆی کولتووری کۆمەڵگە و زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاریەوە هەمیشە ژن بە پلە دوو و شەرەفی بنەماڵە و خێزانەکەی سەیرکراوە، کولتوور وایکردوە کە ژنان خۆشیان هەست بە کەمی بکەن، ئێمە پێویستە ئەو تەرازووە ڕاست بکەینەوە کە پێیوایە ژنان لە پیاوان کەمترن، چونکە ژنان تەنها لە ڕووی بایەلۆجیەوە جیاوازن ئەگینا هیچ جیاوازیەک نییە لە نێوان ژن و پیاودا، "هەندێکجار پیاوان ناچار دەکرێن لەلایەن کۆمەڵگەوە کە ئەو بەرپرسیارێتیە هەڵبگرن و ژنان وەک شەرەفی خۆیان سەیر بکەن، بەشێک لە ژنان و پیاوان هۆشیار نین لەسەر ئەم بابەتە، بۆیە دەبێت هەردوولا هۆشیاری پەیدا بکەن، کاتێک ژنێک هۆشیار دەبێت مانای ئەوە نییە کە سنوری پیاو داگیردەکات، بەڵام ئەم هۆشیاریەی ژنان خێزان و تاکی هۆشیار بەرهەم دەهێنێت".

 

"پیاوان هۆشیاری ژنانیان پێ قبوڵ ناکرێت"

شارا عەبدولکەریم، وتیشی: سەرەڕای پێشکەوتنی بوارەکانی ژیان بەڵام ژن کوشتن لەسەر شەرەف هەر ماوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە پیاوان پێیان قبوڵ ناکریت کە ژنان هۆشیار بن، هەروەها زۆر جار ڕێکخراوەکانی ژنان خەتابار دەکرێن کاتێک ژنێک دەکوژرێت، چونکە ڕێکخراوەکانی ژنان پاڵپشتی ژنان دەکەن، ترساندنی ژنان لە وتنی وشەی نەخێر وایکردوە کە ژنان زیاتر توندوتیژیان بەرامبەر بکرێت لە لایەن پیاوانەوە، هەروەها پێشکەوتن و هاتنی تەکنەلۆژیا وایکردووە ژنان تەندوتیژیان زیاتر بەرامبەر بکرێت لەچاو ڕابردوودا، خراپ بەکارهێنانی سۆشیال میدیا ژنانی زیاتر کردووە بە قوربانی و ژنانی لەسەر دەکوژرێت، بۆیە ژنان دەبێت هۆشیار بن.

 

"دادگا سەروەر نییە لە بە سزا گەیاندنی تاوانباران"

شارا عەبدولکەریم جەختی کردەوە، کە لە هەرێمی کوردستان یاسا سەروەر نییە بۆ بە سزا گەیاندنی ئەو تاوانبارانەی کە ژنان بە بیانووی شەرەف دەکوژن، ئەمەش وایکردووە تاوانباران بە ئازادانە بسوڕێنەوە، خەڵکیش پەنجەی تاوانیان بۆ درێژ نەکات، "خەڵك وای دەبینن کە ئیشێکی باشی کردووە و شەرەفی خۆی پاک کردوەتەوە و عەیبە و عاری خێزانەکەی سڕیوەتەوە، بۆیە سزا وەرنەگرتنی تاوانباران و ناهۆشیاری خەڵک وایکردوە کە بە ئاسانی ژنان بکوژرێن بە بیانووی شەرەف، دەبێت خەڵک هۆشیار بێت لەسەر ئەوەی کە کوشتن تاکە چارەسەر نییە، چونکە هەموو کەسێک قابیل بە هەڵەیە".

 

"شاردنەوەی کوشتنی ژنان بۆ ئاشکرا نەبوونی تاوانەکەیە"

کوشتنی ژنان زۆرجار لەلایەن خێزانەکانەوە دەشاردرێنەوە بۆ ئەوەی ئەو تاوانەی خۆیان ئاشکرا نەبێت کە بەرامبەر بە مرۆڤێک کردوویانە، بەڵام ئەمە هەموو کات ڕوونادات، شارا لەبارەی ئاشکرا کردنی حاڵەتەکانی توندوتیژی و کوشتنی ژنان دەڵێت: زۆرجار بە هۆی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە تاوانەکە ئاشکرا دەبێت، ئەمەش لایەنی باشی و خراپی هەیە، لایەنە باشیەکەی ئەوەیە کە ئامارەکانی کوشتنی ژنان ئاشکرا دەکات، لایەنە خراپەکەی ئەوەیە کە هەندیک لە ڕاگەیاندنەکان هەواڵەکە بە ڕاستی بڵاوناکەنەوە و وادەکات کەیسەکە لە زەرەری خێزانەکە و ژنان بشکێتەوە و تاوانی لەو شێوەیە دووبارە ببێتەوە.

 

لە کۆتایدا وتیشی: بۆ ڕێگریکردن لە نەریتی کوشتنی ژنان لەسەر شەرەف، پێویستە دادگا بە ڕۆڵی خۆی هەڵبستێت و بە بێ هیچ پاساوێک تاوانباران سزا بدات، هەروەها حکومەت شوێنی تایبەت بکاتەوە بۆ داڵدەدانی ژنان و پارێزەری تەواوی مافەکانی ژنان بێت، چونکە ئەوە ئەرکی حکومەتە لە چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، نەک ئەرکی بنەماڵە و خیڵ، کەس مافی لێسەندنەوەی ژیانی کەسیشی نییە.