پاش جیابوونەوەی هاوژینەکان، توندوتیژی پیاوان هەر بەردەوامە ... ٢

چیرۆکی کاڵێ یەکێکی دیکەیە لەو گرفتانەی ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە، کاڵێ دوای ئەوەی بڕیار دەدات گرێبەستی هاوسەرگیرییەکەی هەڵوەشێنێتەوە، لەلایەن هاوژینەکەیەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبێتەوە و دوای هەڵوەشاندنەوەش لەسەر توندوتیژییەکان بەردەوام دەبێت.

شنیار بایز

 

سلێمانی- لە چیرۆکێکی دیکەدا باس لەو توندوتیژیانە دەکەین کە ژنان لە پاش هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی هاوسەرگیری توندوتیژی وەک مۆتەکەیەک پێیانەوە لکاوە، لە کۆمەڵگەی کوردیدا هەرچە ژنان لە ژێر فشاری توندوتیژیدا بڕیاری جیابوونەوە بدەن، جگە لەوەی لەلایەن قسەی خەڵکی و کۆمەڵگەوە توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت لەلایەن هاوژینی پێشووشیانەوە توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت.

 

بەشێکی پیاوان لەگەڵ ئەوەی کەمتەرخەمی تەواویان هەیە بەرامبەر خێزان و هاوژینەکانیان، بەڵام بەهۆی ئەوەی پیاون هەرگیز هەڵەکانی خۆیان نابینن هیچکات ئەو لایەنە نین کە خۆیان بە ستەمکار بزانن، بەڵکو هەمیشە خۆیان بە ستەملێکراو دەزانن، بەشێکیان لەوپەڕی بێدەسەڵاتیدا کاتێک هاوژینەکانیان هاوکاریان دەکات، پێیان شەرمە لە کۆمەڵگەدا ئاشکرای بکەن چونکە دواجار پێیان دەوترێت پیاو.

 

لە چیرۆکی ئەمجارەدا باس لە دوو هاوژین دەکەین کە خراپەکاریی و بێدەسەڵاتییەکان لە پیاوێکدا کۆبووەتەوە، بەڵام پیاوبوونی وایکردووە نە دان بە ڕاستیدا بنێت، نە ڕێز لە هاوژینەکەی بگرێت، بەڵکو لێدان و توندوتیژی کردووەتە بەشێک لە ژیانی خۆی.

 

خۆشەویستیم کرد بە پێوەر بۆ ژیانم

کاڵێ، ناوێکی خوازراوە، یەکێکە لەو ژنانەی لە ڕێی خۆشەویستییەوە هاوسەرگیری کردووە، لە هەمان شوێن لەگەڵ ئەو کەسەی خۆشیدەویست کاریان دەکرد، لە پاش دروستبوونی خۆشەویستی لە نێوانیان، بڕیاریاندا هاوسەرگیری بکەن، ئەوکات کاڵێ ٢٥ ساڵ بوو.

 

لەوکاتەی دەستگیرانی یەکبوون، کاڵێ بۆی دەرکەوت خۆشەویستەکەی پیاوێکی دڵ پیسە، دەم شڕە و جنێو دەدات، بەڵام لەبەر قسەی خەڵکی و لەپێناو لەدەستنەدانی کارەکەی بێدەنگی هەڵبژارد و بەردەوامبوو لەگەڵیدا، کاڵێ لە قسەکانیدا بۆ بۆ نوژنها وتی: "لە یەکەم شەوی گواستنەوەکەمدا ئەوەندە دڵی پیس بوو، تەنها لەبەر پیرۆزبایی هەندێک لەو خزمانەم کە کوڕیان هەبوو، قسەی لەگەڵ نەکردم و وتی ئەتبەمەوە بۆ ماڵی باوکت، بەڵام لەبەر قسەی خەڵکی دووبارە قبوڵم کرد و دانیشتم لە ماڵەکەدا".

 

ڕووداوەکان بەرەو خراپتر دەڕۆیشتن

لە پاش ماوەیەک لە ژیانی هاوسەرگیریان ڕووداوەکان بەرەو خراپتر دەچوون، تا گەیشتە ئەوکاتەی لێدانی تێبکەوێت، وەک کاڵێ ئاماژەی پێکرد، بچوکترین قسەم بکردایە لێی دەدام، هەربۆیە لە پاش هەشت مانگ لە ژیانی هاوژینێتی دووجار چووەوە ماڵی باوکی، هەرچەند ماڵی باوکی داوایان لێکرد نەگەڕێتەوە بۆلای، بەڵام دووبارە ترسی قسەی خەڵکی کاڵێی ناردەوە بۆلای هاوژینەکەی.

 

لە پش تۆران کاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵەکەی هیچ گۆڕانێکی لە هاوژینەکەیدا نەدەبینی، خەڵکی پێیان دەوت منداڵێک بێت باشدەبێت، بۆیە بڕیاریدا منداڵێک بخاتەوە، بەڵام لە کاتی دووگیانیدا چەندین جار لێیداوە بە شەق و زلە بێگوێدانە دۆخی دۆخی دووگیانییەکەی، ئەمەش وایکرد بۆ جاری سێهەم بچێتەوە ماڵی باوکی، ئەوکات منداڵەکەی لەدایکببوو، بەڵام کاڵێ بەهۆی ئەوەی لە تەمەنی ١٢ ساڵییەوە باوکی نەمابوو و تامی بێباوکی کردبوو نەیدەویست کچە تاقانەکەی بێ باوک بێت، بۆیە بە فیدای کچەکەی گەڕایەوە لای هاوژینەکەی.

 

"کارم دەکرد و بە شەق پارەکانی لێدەسەندم"

وەک باسی لێوە دەکات هاوژینەکەی وازی لە کارهێناوە، پشتی بە کاڵێ بەستووە بۆ خەرجی ژیانیان، هەرچەندە باوکی هاوژینەکەی سوکایەتی پێدەکرد لەبەر بێکاری. بەڵام کاڵێی ناچار کردبوو درۆی بۆ بکات لای باوکی تا بڵێت ئەویش کار دەکات.

 

سەرەڕای ئەمانەش جنێودان و لێدان بەشێکی سەرەکی ژیانی کاڵێی پێکهێنابوو، لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "لە پاش منداڵبوونەکەم کاتێک داوای بڕێک پارەم کرد و پێموت پێویستم بە بازاڕیکردنە و ئەم مانگە ناتوانم قەرزەکان بدەمەوە، منداڵەکەشمان پێویستی بە جل و بەرگە تەنها دایکم بۆی دەکڕێت، لەم قسانەدا تەواو توڕە بوو پێی وتم دەبێت واز لە کار بێنی چونکە تۆ منەت دەکەیت بەسەرمدا"، لە پاش شەڕ و هەرایەکی زۆر کاڵێ دووبارە ڕازی بوو بەوەی ئەگەر پیاوەکە کارێک بدۆزێتەوە، خۆی دەستبەرداری کارەکەی ببێت، بەڵام ئەو شتانە سودی نەبوو، هاوژینەکەی بەردەوامبوو لە بێکاری بۆیە بڕیاریدا جیابێتەوە.

 

دوو ساڵ ژیانی وەک جەهەنم وابوو

کاڵێ دوو ساڵ لە پرۆسەی هاوسەرگیریدا بوو، لە ئێستادا نزیکەی سێ ساڵە جیابووەتەوە، لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد لەگەڵ ئەوەی چووەتەوە ماڵی باوکی بەڵام بە نیازی باشبوونی هاوژینەکەی ڕۆیشتووەتەوە، لە بەرامبەردا پیاوەکە داوای جیابوونەوەی بۆ ناردووە، کاڵێ لە هەموو مافێکی خۆی خۆشبوو، داوای جیابوونەوەی کرد، تەنها پارەی ئۆتۆمبێلەکەی وەرگرتەوە کە هی خۆی بوو ئەویشیدا بە پارێزەر.

 

هاوژینەکەی بۆ ئەوەی هیچ مافێکی کاڵێ نەدات، داوای کردووە لە دەرەوەی دادگا جیاببنەوە، کاڵێش لەپێناو ئەوەی ڕزگاری ببێت لەو ژیانە پڕ ئێشە، لە هەموو مافەکانی خۆشبووە، منداڵەکەش لای کاڵێ دەژی و بەخێوی دەکات، تەنها دوو هەفتە جارێک هاوژینی پێشووی منداڵەکەی دەبینێت.

 

لە پاش جیابوونەوە چاودێری دەکات

هەرچەندە کاڵێی دایک ئەرکی بەخێوکردنی منداڵەکەی گرتووەتە ئەستۆ و بەخێوی دەکات بە سەربەرزانە، بەڵام هاوژینەکەی لە پاش جیابوونەوەش وازی لە کاڵێ نەهێناوە، بەردەوام چاودێری کردووە و هەڕەشەی لێکردووە، یاخود ئەگەر هەر شتێک لە منداڵەکە بێت شەڕی پێدەفرۆشێت، بەپێی قسەکانی کاڵێ، پیاوەکە هیچ خەرجییەکی منداڵەکەشی نەکردووە لەو ماوەیەی لێی جیابووەتەوە، تەنها ئێستا مانگانە ٩٠ هەزار دەکاتە خەرجی منداڵەکەی.