قوربانی یان قارەمان؟

ژن ناچار دەکرێت خۆی بکوژێت و دواتر دەیکەن بە قارەمان، ئەمە ڕێبازێکی کۆمەڵگەی پیاوسالارە بۆ پەلکێشکردنی ژن بەرەو مەرگ.

 هیماراد

 

سنە- شلێر ڕەسوڵی، خەڵکی شاری مەریوان بوو، بە هۆی پەلاماردانی دراوسێکەی و هەوڵی دەستدرێژیکردنە سەری بە ناچاری لە پەنجەرەوە خۆی فڕێدایە خوارەوە و ژیانی لەدەستدا، شلێر بووە ئازاری دڵی ژنان و دەنگی هاواری کۆمەڵگەی بەرز کردەوە دژ بە توندوتیژی و دەستدرێژی و بێ مافی ژنان لەناو سیستمی پیاوسالار و کۆمەڵگەدا.

 

لەم بارەیە ئاژانسی نوژنها چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئازادە جەماعەتی، ئەندامی کۆمەڵەی چالاکوانی ژنانی سنە "ژیڤانۆ" کرد و ئاماژەی بەوەدا، پێویستە لە خودکوژییەکەی شلێر ڕەسوڵیدا چەندین لایەن لێکبدەینەوە، بۆ ئەوەی مرۆڤ شیکاری بۆ ڕووداوەکە بکات، دەبێت بە تەواوی بەرکەوتەی هەبێت، "بەداخەوە شلێر لەناو ئێمەدا نییە کە بتوانێت وردەکارییەکانیمان بۆ باس بکات".

 

ئازادە، ئەندامی ژنانی ژیڤانۆ باسی لەوەکرد، ژنان بەهۆی ڕەگەزیانەوە خۆیان دەکوژن، چونکە بەهۆیەوە هەراسان دەکرێن و ڕووبەڕووی هەموو جۆرە توندوتیژییەک لەلایەن پیاوان (مێرد، برا، باوک...)ی خێزانەکەوە دەبنەوە و ناچار بە خۆکوژی دەکرێن.

 

قارەمانەکە ئەو پەنجەرە بوو کە شلێری لە دەستدرێژی ڕزگار کرد!

ئازادە کاردانەوەی خەڵکی مەریوانی بەرز نرخاند سەبارەت بە ڕووداوی خۆکوشتنی شلێر ڕەسوڵی، بەڵام بۆ ئەو و زۆرێک لە ژنان جێی پرسیارە ئەگەر شلێر ڕەسوڵی کۆتایی بە ژیانی نەهێنایە و دەستدرێژی بکرایەسەر یان کوژرابا، ئایا کاردانەوەی خەڵکی مەریوان و بە تایبەت پیاوان چۆن دەبوو؟ ئایا دەهاتنە سەر شەقامەکان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین و ڕێزگرتن لە شلێر؟

 

دەشڵێت: شلێر قارەمان نییە، بەڵکو قوربانییە و قارەمانەکە پەنجەرەیەک بوو کە شلێر توانی لەڕێگەیەوە خۆی لە دەستدرێژی ڕزگار بکات، ئێمە و هەر ئەندامێکی کۆمەڵگە بەرپرسیارین لە مردنی شلێرەکان و دەبێت وریا بین و دان بە شەرمەزاری خۆماندا بنێین.

 

ئامانجمان گۆڕینی کلتوری هەڵەی کۆمەڵگەیە

ئازادە لە درێژەی قسەکانیدا وتی: وه‌ك چالاكوانی ژنان پێویسته‌ هه‌موو هه‌وڵێک بده‌ین بۆ دروستكردنی كۆمه‌ڵگەیه‌كی باشتر، هه‌نگاو بنێین بۆ گۆڕینی كولتوور و دابونه‌ریتی هه‌ڵه‌ی كۆمه‌ڵگە و نابێت ئامانجمان به‌رزكردنه‌وه‌ی خۆمان بێت، ئێمە وەک ژنانی ژیڤانۆ ماوەی دوو ساڵە پشپۆڕانە لە بواری توندوتیژی دژی ژناندا کاردەکەین و لەگەڵ هەموو ئەو ئاستەنگانەی کە لە ڕێگاماندا بوون و هەن، هەموو هەوڵەکانمان بۆ ئەوە بووە کە بەرهەمدار بین و ڕێگری لەم جۆرە ڕووداوانە بکەین.

 

لە سێدارەدانی کەسێک هاوشێوەی سڕینەوەی ڕووخساری کێشەکەیە

ئازادە جەماعەتی لە کۆتایدا ئاماژەی بەوەدا کە لە سێدارەدانی دەستدرێژیکار تەنها بۆ سڕینەوەی ڕووخساری کێشەکەیە و دەبێتە هۆی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی توندوتیژی، وتیشی: ئامانجمان وەک چالاکوانانی ژن دەبێ چارەسەرکردنی کێشەکان بێت لە ڕەگەوە و بە هەوڵەکانمان دەبێت کۆمەڵگەیەک دروستبکەین کە توندوتیژی تێدا نەبێت و دابونەریت و کولتوور بگۆڕین.